کارێکی زەحمەت لە ژینگەیەکی نالەباردا، ئەو رۆژەی لەسەر کارەکەم پەلامار درام
  2020-07-08       506       

عه‌بدۆ رۆستایی


له‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسیمدا دوچاری‌ سه‌رئێشه‌ و‌ گێچه‌ڵی‌ زۆر هاتووم، به‌ڵام هه‌ندێ‌ رووداویان زیاتر له‌وانی‌ تر كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا ده‌یگێڕمه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌چیرۆكی‌ ژیانی‌ من، له ‌ژینگه‌یه‌كی‌ زه‌حمه‌تی‌ كاركردندا.

به‌یانییه‌كی‌ زووی‌ رۆژی‌ ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ خوێندكارانی‌ ئاماده‌ییه‌كانی‌ ناحیه‌ی‌ سمێلان له ‌دۆڵی‌ رۆستی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ چۆمان، بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ هاتبوونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و داوای‌ دابینكردی‌ ئۆتۆمبێلی‌ گواستنه‌وه‌و مامۆستای‌ پسپۆڕو باشكردنی‌ كه‌رتی‌ خوێندنیان ده‌كرد.

ئه‌و كات هێزێكی‌ ئه‌منی‌ ده‌وری‌ خۆپیشانده‌رانی‌ دابوو، منیش وه‌ك هه‌ر رووداوێكی‌ ئاسایی له‌سه‌ر خواستی‌ خوێندكاره‌كان چووم به‌پیری‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی‌ له‌وێ‌ بوون روون‌و ره‌وان ده‌یانزانی‌ من بۆ میدیایه‌كی‌ فه‌رمی‌ رێگه‌پێدراوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كارده‌كه‌م، به‌ڵام ناره‌حه‌ت بوون له‌وه‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌گوازمه‌وه‌.

كامێرای‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌و هێله‌گه‌ی‌ له‌به‌رمدا بوو لۆگۆی‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ پێوه‌ بوو، باجه‌كه‌ی‌ ملیشم پاڵپشتییه‌كی‌ تر بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ من هیچ ئامانجێكم نییه‌ جگه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان وه‌كخۆی‌.

به‌دیاریكراوی‌ كه‌سێك له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاته‌ پێشه‌وه‌ی‌ داوای‌ لێكردم له ‌شوێنی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ دوور بكه‌ومه‌وه‌، به‌ڵام من هیچ كارێكی‌ هه‌ڵه‌م شك نه‌ده‌برد تا لێی‌ دوور بكه‌ومه‌وه‌، زۆری‌ نه‌برد هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ لێم هاته‌ پێشه‌وه‌و به ‌جنێوو سوكایه‌تی‌ چه‌ند مسته‌كۆڵه‌و شه‌قێكی‌ تێهه‌ڵدام.

هه‌ندێ‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌وێ ئاماده‌بوون لەگەڵ میدیاکارەکانی هاوپیشەم‌و چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌سه‌رخۆتر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌ ده‌كرد ئه‌و كه‌سه‌یان له‌ من دوور خسته‌وه‌و نه‌یانهێشت په‌لاماره‌كه‌ی‌ له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ بكێشێت.

ئه‌و كه‌سه‌ هه‌م لای‌ من‌و هه‌م لای‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ناسراوه‌ كه‌ هه‌م خۆی‌ سه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌و هه‌م كه‌سی‌ نزیكی‌ یه‌كێك له‌ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی‌ ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ له‌ناوچه‌كه‌.

هه‌موو ئه‌م هێرش‌و په‌لاماره‌ له‌لایه‌ن كامێراكانه‌وه‌ دیكۆمێنت ده‌كراو ئێستاش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی‌ زیندوو به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌وه‌ ئاماده‌یه‌.
https://youtu.be/CcsMfITMdOk

زۆسك حه‌مه‌د رۆژنامه‌نووس رۆژ نیوز خۆی‌ له ‌نزیكه‌وه‌وه‌ شایه‌تحاڵی‌ روووداوه‌كه‌ بوو، به‌م جۆره‌ پاڵپشتی‌ راست‌و دروستی‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "ئێمە لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری خۆمان بووین هێزێکی ئه‌منی‌ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیاندا، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندان، بۆیە گرژی کەوتە نێوان خوێندکاران‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ بە جلی سەربازی‌و مەدەنی بوون، له‌وكاته‌دا كه‌سێك هێرشی کردە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی‌و بە بۆکس لە عەبدۆ رۆستاییدا، هۆکاری لێدانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نابێت رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن".

ئه‌وانه‌ی‌ شایه‌تحاڵبوون به ‌سه‌ر رووداوه‌كه‌وه‌ دانه‌و دوان نه‌بوون، یه‌كێكی‌ تر له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ راست‌و دروستی‌ رووداوه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ هیمداد قادری‌ په‌یامنێرو وێنه‌گری‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن بوو، هیمداد ده‌ڵێت "كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تیمەکانی تری هەریەکە لە کەناڵی کوردسات‌و کوردستان تیڤی‌و NRT ویستمان بچینە ناو گردبونەوەکەو رووماڵی رووداوه‌كه‌ بکەین، بەڵام لە سەرەتای داخل بوون بۆ ناحیەی سمیلان بازگەیەکی کاتی لەلایەن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌  سنورەکە دانرابوو رێگریان لێکردین هەر کە قوتابییە ناڕازیەکەیان ئەمەیان بیست بەدروشم گوتنەوە بەرەو بازگەکە هاتن بەهۆی شەپۆلی نارەزایی قوتابیەکان بازگەکە هەڵگیراو توانیمان بگەینە شوێنی گردبوونەوەکە، قوتابییەکان دەیانویست بەرەو بینای ناحیە بڕۆن‌و داواکارییەکان بدەن بە بەڕێوەبەری ناحیە".

هیمداد درێژه‌ به‌گێڕانه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "خۆپیشاندانه‌كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ كاتژمێری‌ خایاند له‌پڕ كه‌سێک له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان په‌لاماری‌ عه‌بدۆ رۆستاییداو خۆپیشانده‌ران‌و رۆژنامه‌نووسه‌كان كه‌وتنه‌ به‌ین‌و له‌ یه‌كیان جیا كردنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كامێره‌مانی‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان تیڤی‌ كامێراكه‌ی‌ جێهێشت‌و خه‌ریكی‌ ناوبژی‌ بوو".

من ئه‌و كات هه‌موو رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانم گرته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ خۆم وه‌ربگرمه‌وه‌، هه‌م له‌دادگا سكاڵام كردو هه‌م له‌لای‌ نوسینگه‌ی‌ سۆرانی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان.

ئاکۆ حەمەد رابی، ئەندامی نووسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتی‌ زانیارییه‌كان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ ئاگاداری‌ ئه‌و رێگری‌‌و پێشێلكاریانه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر عه‌بدۆ رۆستایی په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێشێلكارییه‌‌كانمان لای‌ خۆمان تۆماركردووه‌، ئاماده‌یی ته‌واویشمان ده‌ربڕیوه‌ له ‌دادگا پارێزه‌ری‌ بۆ دابین بكه‌ین".

سكاڵاكه‌ نه‌یتوانی‌ قۆناغه‌كانی‌ خۆی‌ ببڕێت‌و من لێی‌ پاشگه‌زبوومه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ش فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو، به‌تایبه‌تی‌ فشاری خانه‌واده‌كه‌ی‌ خۆم.

یه‌کێك له‌ كێشه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ زۆر بابه‌ت یه‌كلایی دەكاته‌وه‌و زۆر گرفتیش هه‌ن به ‌هۆی‌ په‌یوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ دادگاكان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئه‌و كات دایكم فشاری‌ زۆری‌ بۆ هێنام له‌ سكاڵاكه‌ پاشگه‌زبوومه‌وه‌، منیش ناچار كه‌وتمه‌ ژێر باری‌ ئه‌و فشاره‌و سكاڵاكه‌م كشانده‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ خۆم وه‌ربگرمه‌وه‌و هێرشبه‌ره‌كه‌ سزا بدرێت.

وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد پێشێلكاری‌‌و رێگرییه‌كانی‌ پێش ئێمه‌ زۆر زۆرن‌و رۆژانه‌ له‌ كاتی‌ كاركردندا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ له ‌كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كارێكی‌ زۆر ئاسان‌و ئاسایی بێت.

نه‌ك هه‌ر بۆ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌ڵكو بۆ ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ جاران له‌به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بوون‌و گوایه‌ داكۆكییان له ‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كرد.

یه‌كێكی‌ تر له‌ نوێترین ئه‌و رێگریانه‌ی‌ هاته‌ پێشم مانگی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵ بوو، به‌دیاریكراو له‌ 19ی‌ ئازار كاتێك ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری‌ دارایی كه‌ له‌ پشكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ سه‌ردانی‌ مه‌رزی‌ حاجی‌ ئۆمه‌رانی‌ كرد له ‌ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌.

بۆ رووماڵی‌ ئه‌و رووداوه‌و گواستنه‌وه‌ی‌ ورده‌كارییه‌كان چوومه‌ مه‌رزه‌كه‌، به‌ڵام رێگه‌ بۆ زۆربه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ تر كرایه‌وه‌ جگه‌ له‌ئێمه‌ كه‌ هه‌ر نه‌یانهێشت بچینه‌ ناو مه‌رزه‌كه‌، كاتێك له‌ به‌رپرسانی‌ مه‌رزه‌كه‌شم پرسی‌ هۆی‌ رێگرییه‌كه‌ چییه‌، وتیان "وه‌زیری‌ دارایی خۆی‌ داوایكردووه‌ رێ‌ به‌ ئێن ئاڕ تی‌ نه‌درێت".

بۆ چه‌ند كاتژمێرێک وه‌ستام تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ وه‌زیری‌ دارایی له‌مه‌رزه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، نزیك بوومه‌وه‌ له ‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌و مایكی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ به‌رز كرده‌وه‌و چه‌ند جارێك هاوارم كرد "جه‌نابی‌ وه‌زیر رێگریم لێكرا" به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كان نه‌وه‌ستان‌و تا ئه‌مڕۆش وه‌ڵامێكم ده‌ست نه‌كه‌وت، هەموو ئەمەش بەڤیدیۆ دیکۆمێنت کراوە.
https://youtu.be/ccdCY5RpbjU

كاتی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م چیرۆكه‌ دوو رۆژی‌ له‌سه‌ر یه‌ك چه‌ند جارێك له‌ رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حمان و‌ته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، وه‌ڵامی‌ نه‌بوو، دواتر له‌ رێی‌ ڤایبه‌ره‌وه‌ نامه‌یه‌كم بۆ ناردو خۆم ناساند، به‌ڵام هه‌ر وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×