ئه‌مساڵ له‌ عێراق چوار ملیۆن و 900 هەزار تۆن گەنم له‌ جوتیاران وه‌رگیراوه‌
  2020-07-25       540       
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 25ی تەمموز، ئاماری گەنمی کۆگاکراوی ئەمساڵ و گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند زیاتر لە چوار ملیۆن و 900 هەزار تۆن گەنم لە ساڵی 2019-2020 کۆگاکراوە.

ئاوێنه‌: وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ئاماری کۆگاکردنی و گەنمی ساڵی 2019-2020ی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بە کۆگاکردنی چوار ملیۆن و 900 هەزار و 570 تۆن گەنم کردووە، "ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت".

بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پارێزگای نەینەوا زۆرترین بەرهەمی گەنمی هەبووە، کە ئەمساڵ 826 هەزار و 212 تۆن گەنم بووە، هەروەها بەغداد/ تاجی کەمترین بەرهەمی هەبووە کە 11 هەزار و 732 تۆن گەنم بووە.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، "ئێستا وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ کۆتاییهاتووە، بە ڕێژەیەک کە نزیکە لە پێنج ملیۆن تۆن گەنمی کۆگاکراو".

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیکرد بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە مانگی ئایارەوە دەستیپێکرد، لەو بڕەشی لە جووتیارانی هەرێم وەرگیراوە، حکومەتی فیدراڵ تەنها 390 هەزار تۆنی لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×