دەستەی نەزاهەی عێراق لێكۆڵینەوە لە فواد حسێن دەكات
  2020-08-10       572       

دەستەی نەزاهەی عێراق بڕیاریدا لێكۆڵینەوە لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بكات ئەوەش بەتۆمەتی بەهەدەردانی شەش ترلیۆن دینار لەو كاتەی كە وەزیری دارایی بوە.

ئاوێنە: یوسرا رەجەب، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی: ده‌سته‌ی نەزاهەی عێراق بڕیاری ئاماده‌بونی فواد حسێن، وه‌زیری پێشوی دارایی عێراقی ده‌ركرد به‌پێی ماده‌ ٣٤٠ به‌هۆی به‌هه‌ده‌ردانی شه‌ش ترلیۆن دینارو خراپ به‌كارهێنانی پۆسته‌كه‌ی.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە بڕیارەكەی دەستەی نەزاهە لەسەر بنەمای سكاڵای 30 پەرلەمانتاری عێراق بوە.

سكاڵاكە بەپێی ماددەی (340)ی یاسای سزادانی عێراقی تۆماركراوەو باس لەوە دەكات كە "هەر فەرمانبەر یان راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی، ئەگەر بەشێوەیەكی ئەنقەست زیان بە دارایی‌و بەرژەوەندی ئەو لایەنە بگەیەنێت كە كاری تێدا دەكات، سزا دەدرێت بە زیندان یان حەبسكردن بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×