ململانێکانی ئاب: لەجەلالی‌و مەلایی 1964ەوە تا یەکێتی‌و پارتی 1996
  2020-08-31       770       

ئا: ئاوێنە


ساتەوەختی ناکۆکی‌و دو کەرت بونی پارتی‌و سەرهەڵدانی دو رێچکەی جەلالی‌و مەلایی، بەگرنگترین وەرچەرخان دادەنرێت لەمێژوی هاوجەرخی کورددا، کە تا ئەم رۆژگارە بەچەندین شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر روداوەکانی کوردستان هەیە، کە یەکێتی‌و پارتی تا ئێستاش درێژکراوەی ئەم دو رێچکەو ناکۆکییەن.

 

ناکۆکییە گەورەکانی ئەم دو هێزە لە1964ەوە دەرگای بۆ پەیوەندی ژێربەژێری ئەم دو هێزە لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان‌ کردوەتەوەو زۆرجار بەمەبەستی دەست بادان‌و خستنی رکەبەرەکەیان پەنایان بۆ ئەو هێزە دوژمنانە بردوەو ئامادە نەبون ئەوەی بۆ دوژمنەکانی کوردی دەکەن‌و لەگەڵیان رێککدەکەون لەسەر حسابی کورد، هەمان دۆستایەتی لەگەڵ رکەبەرە کوردەکانیان بکەن‌و بگەنە رێککەوتن‌و خاڵی هاوبەش، ئەمەش بوەتە هۆکاری دەستتێوەردانی بەردەوامی ئەو دوژمنانە لەتێکدانی ماڵی کوردو لاواز کردنیدا. 

 

ئاب یەکێکە لەو مانگانەی کە لەساڵی 1964ەوە تا ئیستا دو روداوی گەورەی تیا روداوە لەرۆژمێری جەلالی‌و مەلایی‌و یەکێتی‌و پارتیدا. مەسعود بارزانی له‌كتێبی‌ "بارزانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد"دا دەلیت "رۆژی‌ 17ی‌ ئاب (1964)، تاقمه‌كه‌ی‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیازی‌ ده‌ستدرێژیكردنیان هه‌بو، له‌سنور په‌ڕینه‌وه‌و هاتن بۆ شلێر‌و سیوه‌یل له‌ده‌وروبه‌ری‌ پێنجوێن. ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران باشترین چه‌كیان دابونێ‌‌و شه‌ڕێكی‌ سه‌خت له‌و ناوانه‌دا رویدا‌و هه‌ندێ‌ شوێنیان داگیركرد‌و له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌دا شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی‌ هێزی‌ خه‌بات شه‌هیدكران. رۆژی‌ 19ی‌ ئاب بروسكه‌یه‌ك له‌عه‌قید نوری‌ مه‌لا مه‌عروفه‌وه‌ هات بۆ بارزانی‌ داوای‌ یارمه‌تی‌ لێده‌كردو ئاگاداری‌ كرد كه‌وا شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌‌و ئێرانیه‌كان راسته‌وخۆ یارمه‌تیی‌ تاخمی‌ ئیبراهیم ده‌ده‌ن. بارزانی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ توندی‌ له‌ئێرانیه‌كان كرد‌و پێیوتن: "جارێكیتر یه‌ك كه‌سیان له‌سنور بپه‌ڕێته‌وه‌، منیش له‌سنوری‌ ئێران ده‌په‌ڕمه‌وه‌و شۆڕشێك له‌كوردستانی‌ ئێران هه‌ڵده‌گیرسێنم. بارزانی‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ خۆی‌ به‌نهێنی‌ نه‌هێشته‌وه‌و به‌رۆشن‌و ئاشكرا رایگه‌یاند. رژێمی‌ عێراقیش ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ به‌هه‌لێكی‌ وا دانا نابێ‌ له‌ده‌ستبدرێ‌، پێوه‌ندی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ نێوان عێراق ئێران ئاڵۆز بو، به‌غدا ده‌ستبه‌جێ‌ وه‌فدێكی‌ حكومه‌تی‌ نارد بۆ چوارتا (وه‌فده‌كه‌ پێكهاتبو له‌سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپا‌و سه‌ركرده‌ی‌ فیرقه‌ی‌ دوو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئیستیخباراتی‌ سوپا‌و پارێزگاری‌ سلێمانی‌)، وه‌فده‌كه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی‌ بارزانی‌ له‌دژی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ئێران بدات. باوكیشم سوپاسی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ كرد". - مه‌سعود بارزانی‌، بارزانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، به‌رگی‌ سێیه‌م، به‌شی‌ یه‌كه‌م، 2004، ل183‌و 184

 

لەئابی 1964دا بۆ یەکەمجار شەڕی براکوژی لەنێوان جەلالی‌و مەلایی هەلدەگیرسێ‌و ململانێکانی نێوانیان بەهێزی چەک یەکلایی دەکرێتەوەو باڵی مەکتەبی سیاسی کە دواتر ناوی جەلالیان بەسەردا دەبڕێت دەردەپەڕێنن بۆ ناو خاکی ئێران، کە دەیانەوێ جموجۆڵ بکەنەوە لەدژی بارزانی، لەو کاتەدا حکومەتی عێراق (سەردەمی عەبدولسەلام عارف) وەک مه‌سعود بارزانی دەڵێت "هاتونەتە سەرخەت‌و ئامادەییان دەربڕیوە یارمەتی بارزانی بدەن، لەبەرامبەر پشتگیریی ئێران لەباڵی مەکتەبی سیاسی کە پەنایان بۆ ئێران برد بو".

 

بەڵام ئەوەی مستەفا بارزانی باوکی لەو کاتەدا رەتیکردەوە، مەسعود بارزانی خۆی لەئابی 1996دا ئەم یارمەتییەی حکومەتی بەعسی عیراقی بۆ روبەڕوبونەوەی یەکێتی‌و تاڵەبانی‌و دەرپەڕاندنیان لەهەولێری پایتەخت رەتنەکردەوە، کە ئەم روداوە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستانی لەبەرژەوەندی پارتی‌و بارزانی بەتەواوی گۆڕی. 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×