نرخی دراوی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی
  2020-09-21       2010       
دوای ئەوەی دوێنێ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڕیاری گەڕانەوەی سەرجەم سزاکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند کە نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەر ئەو وڵاتدا سەپاندبوی، ئەمڕۆ دوشەممە دراوی ریاڵی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی پێوانەیی دابەزی.

ئاوێنه‌:   ئەمڕۆ دوشەممە لەبازاڕی دراوی بیانی (Bonbast.com) کە بازاڕێکی دراوی نافەرمییە بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 273 هەزار ریالی ئێرانی، لەکاتێکدا رۆژی شەممە بەهای یەک دۆلار 257 هەزار ریال بوە، هەروەها لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە ریالی ئێرانی  49%ی بەهاکەی لەدەستداوە بەهۆی سزاکان و ناجێگیری بازاری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە.

دابەزینی دراوی ئێرانی دوای ئەوە هات دوێنێ یەکشەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، “سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران جارێکی دیکە دەخرێنەوە بواری جێبەجێکردنەوە” و هۆشداری دەدەن لە دروستکردنی “ئاستەنگی” بۆ شکستپێهێنانی سزاکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی سەپاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران بە نزیکەیی سەرجەم سزاکانی پێشو دەگرێتەوە، لەوانەش ئەو بڕیارانەی پێشوتری نەتەوە یەکگرتوەکان کە ناوەڕۆکەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە وەک قەدەغەی فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستوەتەڕو، لەژێر کاریگەری سزاکاندا دەسەڵاتدارانی ئێران پابەند دەکرێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکییەکانی دیکەی تایبەت بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم، لە هەمانکاتیشدا واشنتن لەچەند رۆژی داهاتودا قۆناغێکی دیکەی سەپاندنی سزای زیاتر و لێپرسینەوە لە پێشێلکارانی سزاکانی سەر ئێران رادەگەیەنێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×