هۆکارەکانی زیادبونی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە سلێمانی
  2020-10-09       2480       

د.داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی

زۆر هۆکار هەن بۆ زیادبونی ڕێژەی مردنی کۆڕۆنا لەکاتی ئێستادا لە شاری سلێمانی، بەشێک لەو هۆکارانە:

-ئەوەی باس ئەکرێ کە ڕێژەی مردن لەشاری سلێمانی ٥٪ە و لە شارەکانی تر ۳٪ە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە سلێمانی هەمو نەخۆشێک کە نیشانەی کۆڕۆنای هەبێ و بمرێت لەسەر کۆڕۆنا حساب ئەکرێ تەنانەت ئەگەر فەحسی لوتەکە (nasal swab PCR)ی نەکردبێ یان نێگەتیڤ بێ، ئەوەنەی زانیاریم هەبێ لە شارەکانی تر تەنها ئەوانە ئەخەنە ئاماری مردنەوە کە فەحسی لوتەکەیان پۆزەتیڤە.

-ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کە لە سلێمانی وەفات ئەکەن هی شارەکانی دەرەوەی سلێمانی و تەنانەت دەرەوەی هەرێمیشن.

-بەداخەوە هاوڵاتیان زۆر ساردبونەتەوە لە پابەندبون بە بەستنی ماسک ئەمەش ڕێژەی توشبون و ڕێژەی مردن زیاددەکات.

-زۆرێک لە خەڵکی تا کاتێکی درەنگ دوای نەخۆش کەوتنیان سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەکان ناکەن بەو حسابەی کە ۱٤ ڕۆژ تەواوبکەن ڤایرۆسەکە خۆی نامێنێ، ئەوەش ڕاست نیە چونکە ئەگەر کەسەکە نەخۆشیەکە بەقورسی بگرێت بەتایبەتی ئەگەر هەناسەتوندی و کۆکەی زۆرو دابەزینی ئۆکسجینی لەشی لەگەڵا بێت پێویستە زو چارەسەری دەرمان و پلازما وەرگرێ پێش ئەوەی کار لەکاربترازێت، نەخۆشی وا هەیە دو مانگ لە نەخۆشخانە ماوەتەوەو نەخۆشی واش هەیە لە دوانزەمین ڕۆژدا حاڵی خراپ بوە.

-ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسێکدا هەیە کە زۆر بە قورسی نەخۆشیەکەیان گرتوە، لەوانەیە ئەوانیش بەو قورسیە توشی نەخۆشیەکە بن ئەویش بەهۆی جۆری ڤایرۆسەکەو خەستی ڤایرۆسەکە کە ئەچێتە لەشیانەوە، بۆیە پێویستە زو پشکنینی خوێن و ئەشیعە بگرن بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو.

-زۆربەی ڕۆژ لە نەخۆشخانە حکومیەکان شوێنی داخڵکردنی نەخۆش و بێدی چاودێری ورد نەماوە بۆیە پێویستە لەمەولا نەخۆشخانە ئەهلیەکانیش ناچاربکرێن نەخۆشی کۆڕۆنا وەرگرن.

-کەسانی گەنج کە توشی کۆڕۆنا ئەبن کەمتەرخەمی ئەکەن لە وەرگرتنی چارەسەرو خۆیان ئیهمال ئەکەن بەبیانوی ئەوەی کە کۆڕۆنا تەنها بە کەسانی پیر ئەوێرێت، بەداخەوە ئەم ڤایرۆسە گەنج و پیر ناناسێ!

ئەگەر پابەندبین پشت بەخوا ڕێژەی توشبون و مردن کەم ئەکەینەوەو ئەگەڕێینەوە ڕۆژە ئاساییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×