د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
لە گوتارێکی پێشوودا ئاماژەم بە زاراوەی جیۆفارماسی دابوو، و سۆزم داکە لە داهاتوودا گوتارێکی سەبارەت بنووسم(١). خۆشبەختانە بەم نزیکانە پەڕتووکێکی نایابم لە هاوڕێیەکەوە پێگەیشت کە هەرخۆی دایناوە بە ناوی ( زەویناسی پزیشکی بۆ دەستپێکەران) کە ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوبووەتەوە (٢). لە ڕاستیدا هاوڕێیەتیم لەگەڵ د. ڕاندیڤ دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوپێش، کە هەر لە ڕێگەی یەکێک لە پەڕتووکەکانیەوە بوو. بێگومان ئێمە لە نزیکەوە هەرگیز یەکترمان نەبینیوە، بەڵام لە ڕێگەی گۆڕینەوەی نامەی زانستییەوە دەربارەی جیۆکیمیاو بە تایبەتی جیۆکیمیای پزیشکی ئیتر بیر و ڕا دەگۆڕینەوە!
سەبارەت بە زاراوی جیۆفارماسی ( Geo-pharmacy) کە بەکوردی پێم باشە بڵێین (زەوییە دەرمانسازی) خۆ ئەگەر بۆچوونێکی تر هەبێت هیوادارم ئاگادارم بکەنەوە تا بزانین کامەیان باشتر و گونجاوترە، تا لەزمانی کوردیدا بەکاریبهێنین. دەکرێت تا دەگەینە زاراوەیەکی کوردی دروست و پڕمانا، هەر زاراوەی جیۆفارماسی بەکاربهێنین، هەر وەک زۆرێک لە زاراوە جیهانییە زۆر بڵاوەکان کە وەرگێڕانیان زۆر گرنگ نییە، هێندەی ئەوەی کە کوردزمانێک بزانێت واتای جیۆفارماسی چییە و بۆچی بەکاردێت! لەبنەچەدا زاراوەی جیۆفارماسی لە بەکارهێنانی کۆلێجی دەرمانسازی ئیسپانی لە ساڵی ١٨٥٠ دا وەک بەکارهێنانی زەویناسی، یان ماددەکانی زەوی لە کاری دەرمانسازیی سەرچاوەی گرتووە (٣). لەم کۆرسەدا، واتە کۆرسی جیۆفارماسی بنەماکانی بلوورەکان و چۆنێتی لێکٶلینەوە لە خاوەکان( کانزاکان و ناکانزاکان) و بەکارهێنانی خاوەکان لە دەرمانسازیدا و ژەهراویبوون بە هەندێک لە خاوەکان بەدرێژی خوێندراون. بەگشتی جیۆفارماسی بەبەشێکی زانستی لە زەویناسی پزیشکی دادەنرێت و پشتگیرییەکی بەهێز بۆ ئەم زانستە پێشکەش دەکات.
بنەما سەرەکییەکانی جیۆفارماسی:
هەرلەسەردەمانی زووەوە زۆرێک لە پێکهێنەرەکانی زەوی، بۆ نموونە خاک، یان کانزاکان، یان قیر، هتد بۆ چارەسەری نەخۆشییەک، یان وەک دەرمانێک بەکارهێنراون. قوڕقوشم و کوارتز و گۆگرد وهتد لەهەندێک بواری پزیشکیدا لەوڵاتانی هیندوستان و چین و میزۆپۆتامیا و میسری کۆندابەکارهاتوون، ئیتر هۆکاری بەکارهێنانەکەیان زانیبێت، یان نا، گرنگ ئەوە بووە هەندێکجار ئەنجامی باشی هەبووە. لەمەوە دەردەکەوێت، کە جیۆفارماسی بریتییە لە زانستی بەکارهێنانی پێکهێنەرەکانی زەوی، وەک خاک و کانزاکان لە کاری دەرمانسازیدا کە ببنە هۆکاری چاکبوونەوەی نەخۆشێک (٤).
سەردەمانێکی زۆر خاوەسروشتییەکان لە نێو چینییەکاندا بە دەرمانی بەردیی دەناسران و زۆرێک لەم بەردانەیان بۆ چارەسەری هەوکردن و وەک دژە بەکتریا بەکارهێناوە. تەنانەت ڕووی دەرەوەی ئەم کانزایانە تایبەتمەندیی جیاوازیان پیشانداوە کاتێک کارلێکیان لەگەڵ ماددەکانی تردا کردووە، کەئەمانە بوونە دیاریکردنی ڕێگەیەکی ستراتیجی بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی پزیشکیی. خواردنە سروشتییەکانی زیندەوەران، کە بەگشتی توخمەکان لەخۆدەگرێت هۆکارێکی زۆر گرنگن لە گەشەکردنی زیندەوەران بە مرۆڤیشەوە. لەئادەمیزاددا چواردە توخم بە ماددەی سەرەکی دادەنرێن بۆ لەش، کە ئەوانیش بریتین لە کالسیۆم و کرۆمیۆم و مس و فلۆراین و ئایۆدین و ئاسن و مەگنیسیۆم و مەنگەنیز و مۆڵیبدینیۆم و فسفۆڕ و پۆتاسیۆم و سیلینیۆم و سۆدیۆم و زینک (٢). ئەم توخمانە لە گشت زیندەچالاکییەکانی زیندەوەراندا بەشدارێکی چالاکن هەر لە دروستبوونی ئێسکەکانەوە تا کاری ئەنزایمەکان (١).
ڕێگەکانی چارەسەرکردن لە جیۆفارماسیدا:
١-چارەسەر بە ئاوی کانزایی ( Balneotherapy ):
ئەم ڕێگەیە کۆمەڵێک چارەسەر دەگرێتەوە، کە تێیدا ماددەی سروشتی وەک ئاو، یان قوڕ، یان گازی سروشتی هەندێک لەکانیاوەکان وەک چارەسەر بەکاردێن. ئەم چارەسەرە لەناو کوردستانیشدا بڵاوبووەو چەندین سەرچاوەی ئاوی کانزایی، کە زیاتر بە گەڕاوەکان دەناسرێن، هەبوون و بۆ چارەسەری هەندێک لە نەخۆشییەکانی پێست سوودیان لێ وەرگیراوە. ئەم ڕێگەیە بەشێوەیەکی پزیشکی و یاسایی دانپێدانراون. ئەم چارەسەرە بۆ هەوکردنێکی کەم، یان ڕزگاربوون لە فشار بەسوودە، هەرچەندە هۆکارەکانی بەباشی نەزانراوە، بەڵام ئەنجامەکانی بینراون. ئەم چارەسەرانە دەبنە هۆی دژەهەوکردن و هەستیاری و وەک دژە ئۆکسان کاردەکەن. هۆکارەکانی وەک گەرمی و هەندێک پێکهێنەرەی زیندەکیمیایی وەک گۆگردیدی هایدرۆجین و ڕادۆن لەنێو هەندێک ئاوی فرەکانزاییدا هەن، کە دەبنە هۆکاری باش لەکاتی چارەسەر بە ئاوی کانزاییدا.
٢-چارەسەر بە ئاوی دەریا (Thalassotherapy):
ئەم زاراوەیە لە بنەچەدا گریکییە و لە دووبەش پێکهاتووە، یەکەمیان ( thalassa) کە واتای دەریا دێت و دووەمیان ( therapy) کە بە واتای چارەسەر دێت، واتە پێکەوە دەبن بە چارەسەر بە ئاوی دەریا (٣). ئەم چارەسەرە کۆنە و لەلایەن زۆرێک لە گەلان بەکارهاتووە. کاتێک نەخۆشەکانی پێست، یان ڕۆماتیزم، یان کۆئەندامی هەناسە، کە نەک تەنیا بە خۆشتن بە ئاوی دەریا، بەڵکو بەکارهێنانی قوڕ و لم و گیای نێو دەریا، تەنانەت خۆدانە بەر تیشکی خۆر و هەڵمژینی تەنۆلکە بچووکەکانی ناو هەوای کەنار دەریا بەگشتی وەک چارەسەر سوودیان لێ وەردەگیرێت.
بێگومان چارەسەر بەڕێگەی ئاوی دەریا گرنگە، ئەویش بەهۆکاری بەرزیی چڕییەکەی و پێکهاتەکەی، کە دەوڵەمەندە بە کلۆریدی سۆدیۆم و بە کالسیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و یۆد. سەردەمانێکە خۆشتن بە قوڕی دەریا ، یان تێهەڵسوونی قوڕ لە جەستە وەک چارەسەر بەکاردێن، بۆ نموونە لەکەنار دەریای مردوودا دەیان کەس دەبینیت خۆیان بە قوڕی دەریاکە سواغداوە و ماوەیەک دەمێننەوە و پاشان خۆیان دەشۆن.
٣-چارەسەر بە ساردکردنەوە ( Cryotherapy):
ئەم ڕێگەیەش یەکێکە لە ڕێگە چارەسەرییە کۆنەکان کاتێک خۆشتن، یان خۆنقومکردن لە ئاوی سارد، یان سەهۆڵاودا بەکاردێت بۆ دەستکەوتنی لەشێکی تەندروست و وەرزشی. بێگومان ئەم چارەسەرە وەک لەناوەکەیەوە دیارە بەبەکارهێنانی بەفر و سەهۆڵ و ئاوی زۆر سارد ئەنجام دەدرێت، کە زۆر باشە بۆ ڕزگاربوون لە گەرمیی، واتە دابەزاندنی گەرمیی لەش و هەروەها بۆ جووڵەی باشتری خوێن لە دەمارەکاندا. ئەم جۆرە لە چارەسەر دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئازار و هەستکردن بە حەوانەوەی لەش.
٤-قوڕخواردن ( Geophagy):
قوڕخواردن یەکێکە لە دیاردەکۆنەکان، کە خواردنی هەندێک خۆڵ یان قوڕ وەک کائۆلین، یان تەباشیر دەکرێت ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئازار و حەوانەوەی لەش. لەڕووی فیسیۆلۆجیەوە خواردنی کائۆلین، کە جۆرێکە لە خاوە قوڕییەکان، دەکرێت بۆکۆئەندامی هەرس ببێتە مژینی هەندێک لەژەهرەکانی نێو گەدە و بەمەش حەوانەوەیەک بە گەدە دەدات.
٥-خاوەکان لە بەرهەمەکانی تایبەت بە پێست:
زۆرێک لە خاوە قورییەکانی وەک کائۆلین و بینتۆنایت و ئیلایت لە بەرهەمە دروستکراوەکانی تایبەت بە پێست بەکاردێن. بۆ نموونە قوڕی فرە سلیکۆن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و بۆ شێدارکردنی پێست بەکاردێت، هەرچی قوڕی فرە ئەلەمنیۆمە ئەوا بۆ زوو چاکبوونەوەی برین و بۆ شێدارکردنی پێست و بۆ مژینی میلانین و یەکڕەنگی پێست گرنگە و بەسوودە. هەرچی قوڕی بێنتۆنایتە ئەوا وا دەکات کونیلەکانی پێست بکرێنەوە ومژینی زینک و مەگنیسیۆم و مس ئاسانتر بن (٣). بێگومان خاوی مۆنتیمۆریلۆنایتیش، کە هەر جۆرێکە لە خاوە قوڕییەکان، بۆ چارەسەری زیپکە و هەوکردن بەسوودە و دەکرێت ماسکی لێ دروستبکرێت، کە دەبێتە ڕاکێشان و پتەوکردنی پێست. بنواڕە گرنگی خاوە قوڕییەکان (Clay minerals) لە جیۆفارماسیدا و زۆریی بەکارهێنانیان وەک چارەسەر بۆ زۆرێک لە گرفت و کێشە تەندروستییەکان، بۆیە لێرەدا دەردەکەوێت ئەم خاوانە چەند گرنگ و بەسوودن. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەم خاوانە و بوون و گرنگییان لە کوردستاندا دەکرێت خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ پەڕتووکی کەڤرە نیشتەنییەکان (٥).
٦-بەکارهێنانە پزیشکییەکانی جیوە لە ڕاساشاسترادا:
بۆ زانیاری ورد و دروست دەربارەی زاراوەی ڕاساشاسترا دەکرێت خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ژمارە ٦ لەلیستی سەرچاوەکاندا، کەتێیدا بە درێژی دەربارەی زاراوەکە نووسراوە و لێکدانەوەی بۆ کراوە. وەک لەو بەشەدا ئاماژەی پێدراوە جیوە زۆر گرنگە و ڕۆڵی تایبەتی لە ڕاساشاسترادا هەیە، بۆیە لەم بەشەدا ئەو ماددانە، یان گیراوانە باس دەکەین کە جیوە تێیاندا بەشدار و چالاكە (٢)، کە ئەوانیش بریتین لە:
١-کاژاڵی (Kajjali):
ئەم ماددەیە، کە هاڕاوەیەکی (پاودەرێکی) ڕەشە لەئەنجامی تێکەڵکردنی جیوە لەگەڵ گۆگرد و خاوەکانی تردا ئامادەکراوە بەبێ بەکارهێنانی هیچ شلەیەک بۆ زۆر بواری پزیشکی بەکار دێت.
٢-پارپاتی (Parpati):
زاراوەی پارپاتی لە زمانی سانسکریتیدا بریتییە لە پارچەی تەنک و ڕەق. پێکهاتەی سەرەکی پارپاتی کاژاڵییە، کە لەگەڵ پێکهاتەکانی تر تێکەڵ دەکرێت و هەڵدەشێلرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەفرێکی ئاسن، کە بە زەیتی زەیتوون ڕووپۆشکراوە. بە هێواشی گەرم دەکرێت تا ماددەی دەرمانەکە دەتوێتەوە و دەڕژێتە سەر گەڵایەکی مۆز، کە بە زەیتی زەیتوون داپۆشراوە و بە گەڵایەکی تری مۆزی داپۆشراو بە زەیتی زەیتوون فشاری دەخرێتە سەر. دوای ساردبوونەوە گەڵای سەرەوەی لادەبرێت و دەرمانی پارپاتی جیا دەکرێتەوە و بە ئاوی گەرم هەڵدەشێلرێت و وشک دەکرێتەوە و دەکرێت بە پاودەر و دەکرێتە قوتوو. گیراوەی پارپاتی بە شێوەیەکی باو بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی، کە بەهۆی ژەهر لە ڕیخۆڵەدا دروست دەبن، وەک ئارەزووی خواردن نەکردن، هەوکردنی قۆڵۆن، زراو، مایەسیری، سکچوون و تەنگەنەفەسی بۆرییەکانی هەناسە.
٣- ڕاساپوشا (Rasapusha) :
لەئەنجامی تێکەڵکردنی جیوەی پاک و گۆگرداتی ئاسن و خوێ بە ڕێژەی یەکسان دروستدەکرێت، و هەموویان پێکەوە دەهاڕدرێن و دەخرێنە ناو بتڵێکی شووشەوە، پاشان بە چەند چینێک لە قوماش و قوڕ دادەپۆشرێن. کاتێک تێکەڵەکە وشک دەبێتەوە و گەرم دەکرێت ئەو بەشەی سەرەوەی نزیک ملی شووشەکە، کە کۆدەبێتەوە و کۆدەکرێتەوە، بە ڕاساپوشا ناودەبرێت. ڕاساپوشا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سفلیس و پاککردنەوە و کێشەکانی ئێسکدا بەکاردێت.
٤-ڕاسکارپورا (Raskarpura):
ئەم پێکهاتەیە جیوەی پاک و خوێی بەردیی تێکەڵ دەکرێن و ورد دەکرێن پێش ئەوەی لەگەڵ ڕووەکی هیندی (Euphorbia neriifolia) تێکەڵ بکرێن. تێکەڵەکە بە شێوەیەکی باش هەڵدەشێلرێت و وشک دەکرێتەوە و لەناو دەفرێکی ئاسنی داخراودا هەڵدەگیرێت، کە دواتر وردە وردە بۆ ماوەی ١٢ کاژێر لە فڕنی "یانترای لاڤان" گەرم دەکرێت. دوای ساردبوونەوە، سەرەکەی لادەبرێت، و ئەوبەشە سپییەی لە بەشی سەرەوەی دەفرەکە کۆبووەتەوە کۆدەکرێتەوە. گیراوەی ڕاسکارپورا هەرچەندە ژەهرێکی بەهێزە، بەڵام تایبەتمەندیەکانی وەک دژە سکچوون، دژە هەوکردنی پێست و کاریگەری دژە میکرۆبی هەیە، کە وەک پاککەرەوەی خوێنیش کاردەکات. سوودی لە چارەسەرکردنی ئێسک و نەخۆشییەکانی پێست و سفلیسدا هەیە، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە و پێویستە بە ژەمی زۆر کەم بەکاربهێنرێت، ئەویش بەهۆکاری بەهێزی ژەهرەکەیەوە.
٥- ڕاساسیندۆرا (Rasasindura):
ئەمەش لە دوو بەش جیوەی پاک + چارەکە بەشێک لە گۆگردی پاک + یەک لەسەر شازدە بەش لە کلۆرایدی ئەمۆنیۆم پێکدێت، پاش ئەوەی دەهاڕدرێن و لەگەڵ ترشی لیمۆدا تێکەڵ دەکرێن . پاشان ئەمە دەکرێتە بتڵێکەوە و بە قوڕ سەری دەگیرێت، پاش وشکبوونەوەی بتڵەکە پاشان دەخرێتە ناو لمەوە، کە تا ملی بتڵەکەی داپۆشیوە و بۆ ماوەی ٢٤ کاژێر گەرم دەکرێت. پاش ساردبوونەوە بتڵەکە دەشکێندرێت و ماددەی ڕاساسیندۆرای شین لەملی بتڵەکەدا کۆدەکرێتەوە. ئەم دەرمانە زۆر بەسوودە بۆ تەنگەنەفەسی و گرفتەکانی هەناسەدان و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و سییەکان و هتد.
٦-ماکارادهڤاجا و سیدهاماکارادهڤاجا (Makaradhvaja and Siddhamakaradhvaja):
بەشێک لە پارچەی زێڕی ورد و هەشت بەش لە جیوەی پاک بە وردی بەیەکەوە تێکەڵدەکرێن و دەهاڕدرێن هەتا زێڕەکە بە تەواوی لەگەڵ جیوەدا تێکەڵ دەبێت. پاشان، شانزە بەش لە گۆگردی پاکی تێدەکرێت و زیاتر بەیەکەوە ورد دەکرێن بۆ دروستکردنی پێکهاتەی کەژاڵی (بنواڕە خاڵی یەکەم). ئەم تێکەڵەیە بە شەربەتی ڕووەکی پەمووی سوور (Gossypium herbaceum) و ئالۆڤێرا هەڵدەشێلرێت. تێکەڵەی بەرهەمهاتوو دەکرێتە شووشەیەک و بەهەمان ڕێکار دەکرێت کە پێشتر بۆ ڕاساسیندورا ئاماژەی پێدرا. گیراوەی سیدهاماکاردڤاجا بە زیادکردنی کافور بۆ تێکەڵەکە ئامادە دەکرێت. هەردوو گیراوەی ماکاردهڤاجا و سیدهاماکاردهڤاجا وەک ماددەیەکی باش بۆ بەهێزکردنی توانای جنسی و بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنرێن. بەناوبانگن بە تایبەتمەندی گەنجکردنەوە و دواخستنی کردەی پیربوون و ڕێگریکردن لە دیاردەکانی، وەک چرچبوونی پێست و هەڵوەرینی قژ.
٧- هینگولۆتا ڕاسا (Hingulottha Rasa ):
هاڕاوەی خاوی سیناباڕ (HgS) لەگەڵ شەربەتی لیمۆ (Citrus limonium) تێکەڵ دەکرێن و بۆ ماوەی ٢٤ کاژێر هەڵدەشێلرێن بۆ ئەوەی هەویرێک دروست بکات. پاشان ئەم هەویرە دەکرێتە سەر ڕووی ناوەوەی مەنجەڵێکی تایبەت کە بە "یانترای ئوردڤاپاتان" دەناسرێت و گەرم دەکرێت. لە ئەنجامدا چینێکی تەنک لە جیوە لەسەر ڕووی ناوەوەی بەشی سەرەوەی مەنجەڵەکە دروست دەبێت. ئەم جیوەیە، کە لە ڕێگەی ئەم کردەیە بەدەست دێت، بە پاکترین شێوە دادەنرێت کە گونجاوە بۆ بەکارهێنانی وەک دەرمان.
٨- میتونجایا ڕاسا (Mrittyunjaya Rasa):
تێکەڵەیەک، کە لە سیناباڕی پاک، جیوە، گۆگرد، ڕووەکی (Aconitum ferox)، ڕووەکی (Piper nigrum) و بۆراکس بە بەشی یەکسان پێکدێت، لە ئاوی زەنجەفیلدا ئامادە دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەورییەکی وردی نیمچە ڕەق، کە حەبی بچووکی لێ دروست دەکرێت کە کێشی هەریەکەیان ٣٠ میلیگرامە. ئەم کەپسولە، یان حەبە کاتێک لەگەڵ هەنگوین دەخورێت کاریگەرە لە کەمکردنەوەی هەموو جۆرە تایەک.
٩- ڕاجمریگانکا ڕاسا (Rajamriganka Rasa):
ئەم گیراوەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی سیل بەکاردێت. چارەسەرێک بۆ نەخۆشی سیل ئامادە دەکرێت بە بەکارهێنانی جیوەی پاک (راساسیندورا) بە ٣ بەش، لەگەڵ توێژاڵی تەنکی زێڕ و مس بە بەشی یەکسان، و خاوەکانی ئۆرپیمەنت و ڕیالگار و گۆگردی پاک بە ٢ بەش بۆ هەریەکەیان.
١٠- هیماگاربا پۆتالی ( Hemagarbha Pottali):
گیراوەی کەژاڵی، کە لە جیوەی پاک و گۆگرد و توێژاڵی تەنکی زێڕ و مس دروست دەکرێت، لەگەڵ شەربەتی ئەلۆڤێرا تێکەڵ دەکرێت حەبی بچووکی شێوە قوچەکی لێ دروستدەکرێت. پاشان ئەمانە لەناو قوماشێکی ئاوریشمیدا دەپێچرێنەوە، کە بە هاڕاوەی گۆگرد ناوپۆشکراوە و دەخرێنە ناو کیسەیەکەوە و وردە وردە گەرم دەکرێن. دوای ساردبوونەوە، ئەم حەبانە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی وەک کۆکە، تەنگەنەفەسی، سیل و هەوکردنی قۆڵۆن بەکاردەهێنرێن.
١١- ڤاتاکونتالا ڕاسا (Vatakuntala Rasa):
ئەم دەرمانە، یان گیراوەیە لە تێکەڵەی میسک و ڕیاڵگاری پاک و جیوەی پاک و گۆگرد و گیای جۆراوجۆر پێکهاتووە و لە چارەسەرکردنی نەخۆشی سەرئێشە و ئیفلیجی و نەخۆشیەکانی تردا بەکاردەهێنرێت.
١٢- کومارکالیانا ڕاسا (Kumarkalyana Rasa):
ئەم گیراوەیە لە تێکەڵەی ڕاساسیندورا، و ماددەکانی موکتاپیشتی، سوڤارناماکشیکا بەسما، زێڕی گەرمکراو، مایکا و ئاسن پێکدێت وبە شەربەتی ئەلۆڤێرا گیراوەتەوە، بە کومارکالیانا ناسراوە. بە تایبەتی یارمەتیدەرە بۆ کۆرپە و منداڵان، چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی وەک لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ڕشانەوە، تا، تەنگەنەفەسی، هەوکردنی جگەر، لاوازی و سکچوون.
١٣- گاربهاپاڵ ڕاسا (Garbhapal Rasa):
ئەم دەرمانە لە تێکەڵکردنی خاوی سیناباڕی پاک و خۆڵەمێشی سووتێنراوی قوڕقوشم و تەنەکە و ئاسن لەگەڵ گیای جۆراوجۆر ئامادە دەکرێت، بە شێوەیەکی گونجاو ناوی گاربهاپاڵ ڕاسا بووە. ئەم دەرمانە بە تایبەتی لە کاتی دووگیانیدا سوودی هەیە، لە مانگی یەکەمی دووگیانیەوە دەست پێدەکات. گیراوەی گاربهاپاڵ ڕاسا یارمەتی کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان دەدات لە کاتی دووگیانیدا لە هەمان کاتدا گەشەی دروستی کۆرپەلە بەرەوپێش دەبات.
١٤- لاکسمیڤیلاس ڕاسا (Laxmivilas Rasa):
بڕێکی یەکسان لە کانزا جۆراوجۆرەکان، لەوانە جیوەی پاک، ئۆرپیمێنت، ڕیاڵگار، کاربۆناتی زینک و خۆڵەمێشی سووتاوی قوڕقوشم، مس، مایکا، برۆنز و ئاسن، تێکەڵ دەکرێن و پێکەوە هەڵدەشێلرێن تا تەواو تێکەڵدەبن. پاشان ئەم تێکەڵەیە لەگەڵ گیا و شەربەتی گیایی تێکەڵ دەکرێت و هەویرێک دروست دەکرێت، کە وشک دەکرێتەوە و دەبێتە حەب. ئەم ماددەیە کاریگەرە لە کەمکردنەوەی چەندین نەخۆشی وەک سیل، کۆکە، تەنگەنەفەسی، تا، زەردوویی، کەمخوێنی، ئاوسانی سک، مایەسیری و شەکرە.
١٥- چاندراکانت ڕاسا (Chandrakant Rasa):
ئەم گیراوەیە لە بەشی یەکسانی هەریەک لە جیوەی سووتاو، هاڕاوەی خاوەکانی مایکا، ئاسن، مس و گۆگردی پاک پێکدێت و لەگەڵ ڕووەکی (Euphorbia nerifolia) بۆ ماوەی ڕۆژێک پێکەوە هەڵدەشێلرێن. پاشان تێکەڵەکە دەکرێتە حەب و لەناو دەفرێکی ئاسنیدا هەڵدەگیرێت. ئەم گیراوەیە سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جیوب و تێکچوونەکانی تری سەر.
بەڕاستی بابەتی جیۆفارماسی هێند فراوانە و ئەوەندە گیراوە و ماددەی جیاوازیان لە سوود وەرگرتن لە خاک و خۆل و خاوەکانی زەوی وەرگرتووە، دەکرێت دەیان گیراوەی تر باس بکەین، کە لە سەرچاوە هیندییەکاندا باسیان کردوون بەڵام ئەم کۆمەڵەیە گرنگترین و باوترینیانن. بێگومان زۆرێک لە ڕێگەی تریش هەن وەک بەکارهێنانی بەردە گەوهەرەکان و بلوورەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەندێک لە دیاردە و نەخۆشییە باوەکانی نێو کۆمەڵگە، هەرچەندە لەوانەیە هەندێکیان تا ئەم ساتەش لە ڕووی پزیشکییەوە پشتڕاست نەکرابنەوە!
سەرچاوەکان:
١- ئیبراهیم محهمهد جهزا محێدین ،٢٠٢٤، زەویناسی و کۆمەڵ، بەرگی دووەم، چاپخانهى وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، كوردستان، ١٩٥ل.
2-Randive, K., and Godbole, P., 2025, Medical Geology for Beginners, Springer, 143p. ISBN 978-3-031-82765-5 (eBook).
3-Calvo-Flores, R.D., Garca, J.M., Gonzalez, M.V.F., Martinez, J.P., Calvo-Flores, G.D., 2011, Geopharmacy: Teaching medical geology in pharmaceutical sciences, GeoMed2011-4th International Conference on Medical Geology-Italy, p175.
4-Randive, K.,2013, Elements of geochemistry, geochemical exploration and medical geology, 448p.
٥- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، ٢٠٢٦، کەڤرە نیشتەنییەکان، زانکۆی سلێمانی، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، کوردستان، ٣٨٢ل.
٦-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، ٢٠٢٥، ئایۆرڤیدا چییە؟، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٦-١-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=22873&auther=2706