بۆچی لەدەیەکانی داهاتوودا حاڵەتی شێرپەنجە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات؟
  2026-07-09       232       

ئا: ئاوێنە

 

لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٢٠.٦ ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجە بوون، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٣٥ ملیۆن کەس‌و قەڵەوی پەیوەندی بە دەیان جۆری شێرپەنجەوە هەیە.

 

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە رۆژی چوارشەممە ٨ی تەموز بڵاوکرایەوە باس لەوە دەکات پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ حاڵەتی ساڵانەی شێرپەنجە لەسەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ئێستا ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تادێت ڕەشبینی زیاتر دەبێت و هۆشداری دەدات لەوەی نایەکسانی لە بواری چاودێری تەندروستی جیهانیدا دەبێتە هۆی زیاتری تووشبوون بەشێرپەنجەو مردن. بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە، مەزەندە دەکات ٢٠.٦ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٤ تووشی شێرپەنجە بووبن، ئەم ژمارەیە دەتوانێت ساڵانە بگاتە ٣٥ ملیۆن حاڵەت تا ساڵی ٢٠٥٠.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەم زیادبوونە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر وڵاتانی کەم داهات دەبێت، کە دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی شێرپەنجە سنووردارە.

ئاندرێ ئیلباوی، بەرپرسی پرۆگرامی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە توێژینەوەکە وتی "لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا زیادی کردووە و بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەر پێنج کەسێک یەکێکیان لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی شێرپەنجە دەبێت".

هۆکارەکانی پشت زیادبوونی پێشبینیکراوی حاڵەتەکان ئاڵۆزن. ئێستا هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاتر لەگروپە تەمەنییە جیاوازەکاندا ڕوودەدەن. لە هەمان کاتدا زیادبوونی ژمارەی دەستنیشانکردنەکان دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی شێوازەکانی دەستنیشانکردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە مرۆڤەکان تەمەنیان درێژترە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی پەیوەست بەتەمەنەوە زیاد دەکات.

لە ئەمریکا بەپێی ئاماری دامەزراوە نیشتمانییەکانی تەندروستی (NIH)، ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی گشتی بە جێگیری ماوەتەوە، هاوکات ڕێژەی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە کەمیکردووە.

ئیمیل لو، پزیشکی شێرپەنجە و مامۆستای یاریدەدەری پزیشکی لە زانکۆی مینیسوتا ڕایگەیاند "هەرچەندە ئێمە وەک کۆمەڵگا پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە و کاریگەرتر لە جاران چارەسەری هەندێک جۆری شێرپەنجە دەکەین لەئەمریکا، بەڵام زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە سەرانسەری جیهاندا ئەوەمان بیردەخاتەوە کە هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژمان ماوە".

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژار کەم وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی شێرپەنجە دەکەن. بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە پێشکەوتنی کەم لە کەمکردنەوەی هەندێک لەو هۆکار و خووانەی کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکەن، بەدیهاتووە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ستایشی پێشکەوتنی جیهانی دەکات لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن، کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بە ڕێژەی ٢٧% دابەزیوە، لە هەمان کاتدا بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا ٨٥%ی وڵاتان ڤاکسینی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV)یان خستۆتە ناو بەرنامە نیشتمانییەکانی کوتانەوە، لەکاتێکدا بە مەزەندەکردن ٣١%ی کچان یەکەم ژەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٧% بووە.

لەنێو ئەو ڕەوتە مەترسیدارانەی کە ڕاپۆرتەکە بەڵگەی لەسەرە ، شکستی زۆربەی وڵاتانە لە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی. بەپێی ئامارەکانی NIH قەڵەوی پەیوەندی بە دەیان جۆری شێرپەنجەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجەی جگەر و پەنکریاس و قۆڵۆن.

بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکانی پەیوەست بە قەڵەوی دەبێتە بارگرانییەکی بەرچاوی زیادە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەری زۆرە لەماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوودا لە ژمارەیەکی زۆر وڵاتدا ئەمە ڕووبدات”.

 

لە واشنتۆن پۆستەوە

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×