سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ٢.١١ ملیۆن کەسی نوێ تووشی شێرپەنجە بوون، شێرپەنجەی پرۆستات باوترین دەبێت، دواتر شێرپەنجەی مەمک و سییەکان.
ئاوێنە: رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا دوو هێندە زیاد بکات و ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەستینیشان بکرێت.
نایەکسانییەکی بەرچاو لە دەستڕاگەیشتن بە خۆپاراستن و چارەسەرکردندا هەیە، ڕێژەی مانەوە لە وڵاتانی کەم داهاتدا کەمترە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی حەوت پێشنیار دەکات بۆ باشترکردنی چارەسەری شێرپەنجە لە ڕێگەی داپۆشینی تەندروستی گشتگیر، پاراستنی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرەکان بە شێوەیەکی یەکسان.
پێشبینی دەکرێت شێرپەنجەی پرۆستات باوترین دەستنیشانکردن بێت، دواتر شێرپەنجەی مەمک و سییەکان. بەڵام دڵتەزێنترین ڕاستی ئەوەیە کە لەم ٢.١١ ملیۆن حاڵەتە نوێیەی ساڵی ٢٠٢٦، مەزەندە دەکرێت نەخۆشییەکە ببێتە هۆی مردنی ٦٢٦ هەزار و ١٤٠ کەس.
سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا، لەگەڵ فراوانبوونی بەردەوامی چارەسەری بەرگری و شێوازە تاقیکارییە نوێیەکان، بەڵام تا دێت زیاتر بێ توانایی چارەسەرەکان دەردەکەوێت.
لەگەڵ پێشکەوتنی توێژینەوە زانستییەکان بەخێراییەکی بێ وێنە، پرسیاری جددی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دروست دەبێت کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت "چارەسەری شێرپەنجە" بکات. ئێستا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی کە دۆخەکە خراپتر دەبێت، چونکە پێشبینی دەکرێت حاڵەتەکانی شێرپەنجە لەماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوودا دوو هێندە زیاد بکەن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وەبیری دەهێنێتەوە کە دوای نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، شێرپەنجە دووەم هۆکاری سەرەکی مردنە لەسەرانسەری جیهاندا، ساڵانە مردن لە ١٠ ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە .
بۆچی پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ حاڵەتی شێرپەنجە دوو هێندە زیاد بکات؟
سەرەڕای پێشکەوتنی خێرا لەچارەسەرکردنی ٢٠٠ جۆری شێرپەنجەدا، ڕێژەی مانەوە بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی دەستنیشانکردنی نوێ و بەرزبوونەوەی تێچووی چاودێری تەندروستی سنووردارە.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە دۆخی جیهانی شێرپەنجە لەساڵی ٢٠٢٦ بە تایبەتی هاتووە، "بەبێ ڕێوشوێنی بەپەلە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ساڵانە بۆ نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەس زیاد بکات".
هەروەها ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر فراوانبوونی جیاوازی نێوان ئەو کەسانەی کە دەستیان بە خۆپاراستن، دەستنیشانکردن، چارەسەرکردن و چاودێری پاڵپشت هەیە و ئەوانەی کە ئەم توانایانەیان نییە.
نموونەیەکی ئاسایی شێرپەنجەی مەمکە. لە وڵاتانی داهات بەرزدا، 87%ی ژنان لانیکەم پێنج ساڵ دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەژیاندا دەمێننەوە ، لەکاتێکدا لە وڵاتانی کەمداهاتدا ژمارەکە بۆ تەنها 42% دادەبەزێت.
دۆخەکە دەتوانێت باشتر بێت، چونکە کەمتر لە یەک لە سێی وڵاتان لەسەرانسەری جیهاندا لەئێستادا چاودێری شێرپەنجەیان لەسیستەمی نیشتمانی داپۆشینی تەندروستی گشتگیردا جێگیر کردووە.
جیاوازییەکی توند بەپێی ناوچەکان هەیە، ئاسیا بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانەکەیەوە 50.7%ی هەموو حاڵەتەکانی شێرپەنجەو 56.5%ی مردنەکان پێکدەهێنێت. لەبەرامبەردا ئەوروپا سەرەڕای ئەوەی تەنها نزیکەی 9%ی دانیشتوانی جیهان نیشتەجێیە، بەڵام "بارگرانییەکی ناڕێژەیی گەورەی" لە ئەستۆدایە، کە 21%ی تووشبووانی جیهان و 20%ی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لەخۆدەگرێت.
دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند "شێرپەنجە نەخۆشییەکی قووڵی کەسییەو نزیکەی هەموومان دەگرێتەوە، بەڵام ئایا کەسێک لە شێرپەنجە ڕزگاری دەبێت یان نا، هەرگیز نابێت پشت بەو شوێنە ببەستێت کە لە کوێ لەدایک بووە یان داهاتەکەی".
هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی شێرپەنجە هێشتا یەکێکە لەئاستەنگە داراییە وێرانکەرەکان کە خێزانێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە. یەکەم ڕاپرسی جیهانی ڕێکخراوەکە لەسەر ئەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجە بوون دەریخستووە کە لانیکەم 45% تووشی سەختی دارایی جددی بوون.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چۆن بەنیازە چارەسەری زیادبوونی حاڵەتەکان بکات؟
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاپۆرت دەکات کە چوار لە هەر دە حاڵەتی شێرپەنجە پەیوەندییان بە هۆکارەکانی ڕێگریکردنەوە هەیە ، وەکو کحول، جگەرەکێشان، قەڵەوی و هەوکردنەکانی وەک ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV).
لەنێوان 45% بۆ 60%ی نەخۆشانی شێرپەنجە ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبنەوە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە"تێچووی تەندروستی کارەساتبار" وەسفی دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەناوچە گوندنشینەکان دەژین.
ئەمریکا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین خەرجییەکانی بۆ چاودێری شێرپەنجە دابین کردووەو لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠٩ ملیار دۆلار.
بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چەند پێشنیارێکی سەرەکی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای سێ گۆڕانکاری ستراتیژی بوو:
دەرفەتی باشتر:
یەکخستنی چارەسەری شێرپەنجە لەسیستەمی داپۆشینی تەندروستی گشتگیرو وەبەرهێنان لەسەرچاوە مرۆییەکان بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی.
پاراستنی باشتر:
دانانی ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە بوون لەناوەندی سیستەمی تەندروستی و بەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
بەکارهێنانی باشتری سەرچاوەکان:
بەستنەوەی توێژینەوە و داهێنان بە پێداویستییەکانی تەندروستی گشتی و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی یەکسان بە چارەسەرە نوێیەکان.
کلاریسا سیلسترا، ڕزگاربووی شێرپەنجەی منداڵی و سەرکردەی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوە کردەوە؛
"شێرپەنجە تەنها دەستنیشانکردنێکی پزیشکی نییە، بە قووڵی و درێژخایەن کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر خێزانەکەی هەیە. ئێمە داوا لە داڕێژەرانی سیاسەت دەکەین کە بە شێوەیەکی مانادار لەگەڵ ئەو کەسانەدا پەیوەندی بکەن کە تووشی شێرپەنجە بوون. لە ڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە دەتوانین یارمەتیدەر بین لە دروستکردنی چارەسەری دادپەروەرانەتر و کاریگەرتر بۆ پاراستنی ژیان و خۆشگوزەرانی نەوەکانی داهاتوو”.