هەڤاڵ ئەبوبەكر داوا لە هاوڵاتیان دەكا ماسك ببەستن تا ناچار نەبن قەدەغەی هاتوچۆ پەیڕەوبكەنەوە
  2020-10-30       627       

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی هانی هاوڵاتیان دەدات پابەندبن بە بەستنی ماسك تاوەكو ناچار نەبن پەنابەرنەوە بەر قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و داخستنی هەمو شوێنەكان. دەشڵێت: ڕێکارەکان بۆ هاندانی هاوڵاتیانن بۆ خۆپارێزیی، نەک بۆ سزادان.

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەكر، لە پەیامێكدا رایگەیاندوە"تاکە چارەسەر خۆپارێزییە، بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دوریی نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر چڕیی و زۆریی توشبوان و لێشاوی شاڵاوی پەتاکە ناچارمان نەکەن دەست بە کەرەنتینەو قەدەغەی تەواوی هاتوچۆو داخستنی هەمو شوێنەکان بکەینەوە."

وتوشیەتی"تکایە بە بەستنی ماسکێک تەندروستیی خۆت و خەڵک و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەت و بازاڕ؛ بپارێزن."

پارێزگاری سلێمانی جەختیشی كردۆتەوە"ڕێکارەکان بۆ هاندانی ئێوەی بەڕێزن بۆ خۆپارێزیی، نەک بۆ سزادان. ژیانی ئێوە، لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک، بەهادارترو بەنرخترە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ پێنجشەممە، عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆ هەینییەوە سزای نەبەستنی ماسك بۆ ئەو شۆفێرانەی كە سەرنشینیان لەگەڵدایە جێبەجێدەكرێت كە بڕەكەی 50 هەزار دینارە.

بەپێی دوایین بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، سزا بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لە شوێنە گشتییەكان بەبێ ماسك دەبینرێن 20 هەزار و بۆ ئەو شۆفێرانەشی كە سەرنشینیان لەگەڵدایەو ماسكیان نەبەستوە 50 هەزار دینارە.

بڕیارەكە ماوەی چەند رۆژێكە لە هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×