ترەمپ بەردەوامە لە ناڕەزایەتییەكانی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان
  2020-11-07       384       

دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، دەیان هەزار دەنگ بە نایاسایی گواسترایەوە لە دوای كاتژمێر 8ی شەوی سێشەممە، رۆژی دەنگدان، ئەوەش بە تەواوی و بە ئاسانی ئەنجامەكانی لە پێنسیلڤانیا و هەندێ ویلایەتی تر گۆڕی.

ئاوێنه‌: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئەمڕۆ جارێكی دیكە رایگەیاند، دەیان هەزار دەنگ بە نایاسایی گواسترایەوە لە دوای كاتژمێر 8ی شەوی سێشەممە، رۆژی دەنگدان، ئەوەش بە تەواوی و بە ئاسانی ئەنجامەكانی لە پێنسیلڤانیا و هەندێ ویلایەتی تر گۆڕی، كێشەیەكی تریش بەنایاسایی ڕێگەگیرا لە چاودێریكردنی سەدان هەزار دەنگ.

ڕۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی بەرایی، جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەركەوتنی و گەیشتنی بەكۆشكی سپی نزیكترە.

لە دووەم تویتی ئەمڕۆیدا ترەمپ دەڵێت، "شتی خراپ لەو چەند کاتژمێرە ڕوویدا، کە بەشێوەیەكی بەدکارانە و ناشرین ڕێگە بە شەفافبوونی یاسایی نەدرا. دەرگاکان بە تراکتۆر گیران و پەنجەرەکانیش بە کارتۆنی ئەستوور داپۆشران بۆ ئەوەی چاودێران ژووری ژماردنی دەنگەکان نەبینن. شتانی خراپ لە ژوورەوە ڕوویاندا. گۆڕانکاری گەورە روویدا".

هەروەها دەڵێت، "ئەمەش ئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆڕێت لە زۆرێک لە ویلایەتەکان، لە نێویشیاندا پێنسیلڤانیا، کە هەموو کەسێک پێی وابوو بە ئاسانی لە شەوی هەڵبژاردندا بردرابووەوە".

هەردوو كاندید چاوەڕوانی گەیشتن بە ژمارە 270ی كۆمەڵەی هەڵبژاردنن بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندی خۆیان و مسۆگەركردن سەرۆكایەتیكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.

ئەوەشی تائێستا ڕاگەیەنراوە جۆ بایدن 264 دەنگ و ترەمپ 214 دەنگی كۆمەڵەكەیان بۆخۆیان بردووە و ئەو ویلایەتانەش كە جیاكردنەوەی دەنگەكان تیایاندا بەردەوامە پارسەنگەكە یەكلادەكەنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×