شێخ نەهرۆ: سلێمانی دەکەین بەپایتەختی تەسەوف
  2021-01-02       4066       

ئا: ئاوێنە

 

شێخ نەهرۆ، رابەری تەریقەتی قادری كەسنەزانی بەڵێنی چارەسەركردنی موچەی فەرمانبەران دەدات و دەشڵێت، چیتر چارەسەری ئەو كێشەیە لەدەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەماوە. دەشڵێت، سلێمانی دەبێتە پایتەختی تەسەوف.

 

بەپێی راگەیەندراوێكی تەریقەتی قادری كەسنەزانی، ئەو وتانەی شێخ نەهرۆ، شەوی سەری ساڵ، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە ژمارەیەك وەفد لەنێویاندا وەفدی رێكخراوی پێبلیكای مەسیحی نێودەوڵەتی بۆ وەرگێڕان و دابەشكردنی كتێبی پیرۆز.  

پێگەی رەسمی تەریقەتی قادری كەسنەزانی لە فەیسبوك، راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا شێخ نەهرۆ دەڵێت"ئومێدمان وایە كوردستانەكەمان بەرەو پێشەوە بڕوات، بە هەر هەمومان بتوانین خزمەتی بكەین. كەسیش ناتوانێت میللەتەكەی خۆی چەواشە بكات...مەرجەعیەتی كەسنەسازانی كە مەرجەعیەتێكی گەورەیە لە سەر ئاستی جیهان و كوردستان، بەتایبەت كە ئێستا بەرپرسیارێتی كێشەی كوردی گرتۆتە ئەستۆی خۆی، دەبێتە یارمەتیدەر لەگەڵ مەرجەعیەتەكانی تردا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد."

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕو"ئەم نائومێدییەی ئێستا كەوتۆتە ناو میللەتەكەمانەوە، بەدەستی ئەم مەرجەعیەتانە چارەسەر دەكرێت و هەڵوێستێكی ترمان دەبێت لەگەڵیانداو دەگەینە شتێك كە بتوانین دڵخۆشییەك بێنین بۆ میللەتەكەمان و بۆ ئەم هەژارانەی كە وا موچەیان لێبڕدراوە. ئیتر چارەسەر لە دەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەماوە، بەڵكو كەوتۆتە دەست دەسەڵاتی دینی كە بتوانێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات."

هەروەها دەشڵێت"میللەتەكەمان كە بەرەو ساڵی تازە دەڕوات بێ ئومێد نەبێت، ئێمە لەگەڵیانداین و وازیان لێناهێنین و شتی گەورەشمان بەدەستەوەیە بۆیان."

شێخ نەهرۆ باس لەوەش دەكات كە سلێمانی و كوردستان دەبێتە پایتەختی تەسەوف لە جیهانداو دەڵێت"دەروێشی قادری كەسنەزانی ئەمڕۆكە زیاتر لە 200 ملیۆن كەسن لە جیهاندا، كاتێك ئێرە سلێمانی و كوردستان، بوە پایتەختی تەسەوفی جیهانی ئەم 200 ملیۆنە بەهەمو هەوڵێكەوە یارمەتی ئەم ناوچەیە دەدات."

جەختیش دەكاتەوە "ئێمە گوێ لە هەندێك نەفام ناگرین كە نەزانێت ئەندازەی ئەو پێگە چییە كە رویداوە، ئاگای لەو روداوە گەورەیەو ئەو بومەلەرزە گەورەیە نییە كە رویداوە لەنێوان ئەم عاشقانەدا...كە وتمان سلێمانی بۆتە پایتەختی تەسەوف ئیتر ئێرە موڵكی جیهانییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×