عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنهى وزهو سامانە سروشتیهكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، داھاتی سێ مانگی نەوت بۆ حکومەت لە ساڵی رابردودا کەمتر بوە لە سفر، حکومەت ٧٦ ملیۆن دۆلاریش لەسەری قەرزار بوە.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ شەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، نوسیویەتی"داھاتی نەوت لە مانگی چوارو پێنج و شەشی ٢٠٢٠دا، ٥٩٠ ملیۆن دۆلار بوە، کۆی ئەو خەرجیانەی لەم سێ مانگەدا لە دۆسیەی نەوت کراون ٦٦٦ ملیۆن دۆلارە، بەمەش خەرجیەکانی نەوت ٧٦ ملیۆن دۆلاری زیاترە لە داھاتی نەوت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"واتە: نەوت ھیچ داھاتێکی نەبوەو حکومەت ٧٦ ملیۆن دۆلاری قەرزاربوە بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی نەوت."
سەبارەت بە پڕكردنەوەی ئەو زیانە، عەلی حەمەساڵح وتویەتی"بۆ پڕکردنەوەی ئەم زیانە حکومەت ٤١٥ ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیاکان وەرگرتوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ساڵانی ئایندە."
ئاشكراشیكردوە"ئەم ٤١٥ ملیۆن دۆلارە کە وەک قەرزە، بەمەش ڕەسیدی قەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەتی ھەرێم زیادی کردوە بۆ ٤ ملیارو ٣٣٣ ملیۆن دۆلار."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو ٤١٥ ملیۆن دۆلارەی كە وەك قەرز وەرگیراوە، بەمشێوەیە بەكارهاتوە:"٧٦ ملیۆن و ٢٩٥ ھەزار دۆلاری بۆ خەرجی نەوت، ٢١ ملیۆن و ٤٠١ ھەزار دۆلاری بۆ دانەوەی پارەی پێشەکی نەوت و گۆڕانکاری لە رەسیدی کڕیاران(دانەوەی قەرز). ٣١٧ ملیۆن و ٣٠٤ ھەزار دۆلار بۆ موچە بەکار ھاتوە."
بە بڕوای سەرۆكی لیژنهى وزهو سامانە سروشتیهكان لە پەرلەمانی كوردستان "خەرجی و گرێبەستەکانی نەوت بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زۆرن! نەوتی کوردستان بە نرخێکی زۆر ھەرزان فرۆشراوە."
جەختیشی كردۆتەوە كە "هەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت ناگرێت."و وتوشیەتی"ئەگەر نەوتی برێنت ٥٥ دۆلاریش بێت پوختەی داھات بۆ ھەرێم نزیکەی ١٧ دۆلار دەبێت."