خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان مەترسی مایەپوچون رادەگەیەنن
  2021-02-14       1308       

بەهۆی هاوکاری نەکردنیان لەلایەن حکومەت و گرانبونی نرخی جوچک و ئالیک، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زەنگی مایەپوچون لێدەدەن.

ئاوێنە،زریان محەمەد: نازم عەبدوڵا جاف، خاوەن پڕوژەی کێڵگەی پەلەوەری و نوێنەری بەشێک لەخاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"ئیمە وەکو خاوەن پڕوژەی کیڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلیمانی کە زیاتر لە (1000) پرۆژە ساڵانە بەرهەمێکی بەرچاو لە گوشتی مریشک ئەخەینە بازارەوەو هێزێكی کاری بەرفراوانمان خستوەتە کارەوە لە هەمو بوارەکانی پیشەسازی پەلەوەر، هەر لە کارگەی ئالیک و سەڕبڕخانەو خاوەن دوکانی مریشکفرۆش و دکتوری فێتەرنەری و کلینکی ڤێتەرنەری و ڕوڵێکی دیارمان هەیە بۆ پەیداکردنی داهات بۆ هەرێمی کوردستان ئەویش بە هەناردەکردنی بەرهەمەکەمان بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق، لە هەمان کات ڕۆڵێکی دیارمان هەیە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک کە پایەیەكی گرنگی ئاسایشی وڵاتە، بەڵام بەداخەوە ئەم کەرتە گرنگە ئێستا لە مەترسی داڕماندایە بەتایبەت دوای دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە هەمان کاتدا بوەتە هۆی بەرزکردنەوەی تێچونی بەرهەمهێنانی گشتی پەلەوەر لە بەرئەوەی زۆربەی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان بە دولار دەکڕین."

راشیگەیاند"نرخی جوجك گران بوەو ئێستا لەنیوان 70 تا 80 سەنتدایە كە پیشتر تەنها بە 30 سەنت بو، هەروەها نرخی هەر تەنێک ئالیک نزیکەی 50 دولار بەرزبوەتەوە."

هەروەها وتی، داوا لە حکومەتی هەرێم و وزارەتی کشتوکاڵ و لیژنەی دارایی پەرلەمان و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە هانامانەوە بێن بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی کارەساتی مایەپوچی نەبینەوە، هەرچەند زۆربەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە ئەنجامی ئەو زیانەی بەریانکەوتوە ئێستا لە لێواری مایەپوچیدان لەکاتێکدا هەمومان ئاگادارین حکومەت توشی داتەپینی ئابوری بۆتەوە دوای ئەوەی بەتەنها پشتی بە داهاتی نەوت بەستوە.

ئاماژە بەوە دەکات، هەمولایەک ئەو راستیەش باش ئەزانن كە وڵاتانی دراوسێ چەند گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ ئەدەن تەنانەت ڕێگەنادەن یەک بەرهەمی کشتوکاڵی ئێمە ئاودیوی سنورەکەیان بێت لەهەمان کات حکومەتی فدراڵی بە سنگێکی فراوانەوە هاوکاری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی خوارو و ناوەڕاست دەکات هەر لە دابینکردنی سۆیا و هانی بازرگانەکان ئەدا بەنرخی هەرزان و بێ دانانی باجی گومرگ هاوردەی جوجك بکەن جەگە لەوەیش هاوکاریان ئەکات لە نرخی سوتەمەنی و کارەبا بۆیە ئێمەیش چاوەڕێی هەمان هەڵوێست لە حکومەتی خۆمان ئەکەین پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ و بەتەواوی توشی مایەپوچی ببین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×