وەزارەتی پلاندانان: له‌ 50%ی خه‌رجكردنی پاره‌ی پڕۆژه‌كان له‌كابینه‌ی نۆدا بۆ سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌
  2021-02-23       770       
وه‌زاره‌تی پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌باره‌ی شێوازو رێژه‌ی دابه‌شكردنی بودجه‌ی پڕۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌رونكردنه‌وه‌كه‌یدا وه‌زاره‌تی پلاندانان ده‌ڵێت، وەزارەتی پلاندانان بۆ دابەشكردنی بودجەی پرۆژەكان بەشێوازی 57% بە 43% بووە، بەشێوەیەك كە 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، %43 بۆ سلێمانی‌و لەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%..

پلاندانان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لەسەرەتای دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم وەتاكو ئێستا بڕی 366,749,000,000 (سێسەدو شەشت‌و شەش ملیارو حەوت سەدو چل‌و نۆ ملیۆن دینار) بۆ پرۆژەكان سەرف كراوەو لەو بڕەش 50% ـی بۆ پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە بووە. 


ڕونكردنەوەیەك لەوەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە:

دوێنێ لە بەرنامەی (لەگەڵ ڕەنج)ـی كەناڵی ڕووداودا، یەكێك لە بەشداربوانی بەرنامەكە بە ناوی (بەیار ملازم عومەر) بە بێ هیچ بنەمایەك چەند ڕێژەیەكی لەبارەی شێوازی دابەشبوونی بودجە و پرۆژەی پارێزگاكانی كوردستانەوە خستەڕوو،وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێژە و ژمارانە كە ئەو بەڕێزە ئاماژەی پێدابوو، بە پێویستمان زانی لە ڕێگەی ئەم ڕوونكردنەوەوە ڕێژەی دروستی دابەشبوونی بودجەی پرۆژەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بخەینە ڕوو.
وەزارەتی پلاندانان بۆ دابەشكردنی بودجەی پرۆژەكان بە شێوازی 57% بە 43% بووە، بە شێوەیەك كە 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، %43 بۆ سلێمانی ولەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%.
لەكارنامەی وەزارەتمان لەم كابینەیە هەمان ڕێژە پەیڕەو كراوە" لە ئێستاشدا كە سەرقاڵی ئامادەكاریی بودجەی 2021ـی هەرێمین هەمان بنەما پەیڕەو دەكەین.
ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی بەڕێزان سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانكردنی بڕی 349,702,000,00 سێسەد و چل و نۆ ملیار و حەوت سەد و دوو ملیۆن دینار بۆ پرۆژە لە هەر چوار پارێزگای هەرێم و بەپێی هەمان ڕێژەی ئاماژەپێدراو ئەم بڕە تەرخانكراوە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت.
جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم وەتاكوو ئێستا بڕی 366,749,000,000 سێسەد و شەشت و شەش ملیار و حەوت سەد و چل و نۆ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكان سەرف كراوە و لەو بڕەش 50% ـی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بووە.
هەرلەكابینەی نۆیەم بۆ سلێمانی پارە بۆ 112 پرۆژە خەرجكراوە كە دەكاتە 173 ملیار دینار و بەهەمان شێوە نزیكەی 10 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجكراوە.
لێرەوە ڕای دەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كاری كردوە و بەهیچ شێوەیەك ناحەقی لەدابەشكردنی پرۆژەكان نەكردوە و ناشكرێت .

سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×