تەندروستی عێراق: بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، سبەی دەست بە تۆماركردنی ناوی هاوڵاتیان دەكرێت
  2021-02-28       455       

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق ئاشكرایكرد، سبەی لەڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە دەست بە تۆماركردنی ناوی هاوڵاتیان دەكرێت بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.

ئاوێنە: حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق، لەلێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكە، رایگەیاند، سبەی دوشەممە، یەكەم كاروانی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی دەگاتە عێراق كە وەك هاوكاری لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە عێراق بەخشراوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەر سبەی لە ئێوارەوە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستدەكرێت بە تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی خوازیاری وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنان.

ئەوەشی خستەڕو، بڕیارە لەچوارچێوەی رێككەوتنی "كۆڤاكس"دا هەر لەم هەفتەیەدا بڕیاری یەك ملیۆن 725 هەزارو 600 ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنا بگاتە عێراق.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، پڕۆسی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كارمەندانی تەندروستی، هێزە ئەمنییەكان، كەسانی بەساڵاچو و ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەست پێدەكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×