سەرۆكی بۆردی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان "دانپێدانانەكانیان" رەتدەكاتەوە
  2021-03-04       556       

بەشدار حەسەن، سەرۆکی بۆردی پارێزەرانی کەیسی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، تێكڕای ئەو وتانە رەتدەكەنەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بەناوی "دانپێدانان"ی سزادراوانی بادینانەوە بڵاوكراونەتەوە چونكە سەرپێچیی یاسایە.

ئاوێنە: بەشدار حەسەن، سەرۆكی بۆردی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی وتەی سزادراوانی بادینان و تۆمارە دەنگیەکانیان و ئەو گروپ چاتانەی کە بڵاوکراونەتەوە، جگە لەوەی تێکڕای ڕەتدەکەینەوە، لەهەمان کاتدا سەرپێچیی یاسایە، لەبەرئەوەی هێشتا بڕیاری دادگا پلەی بنبڕی وەرنەگرتوە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو ئامێرە شەخسییانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە وەک لاپتۆپ و مۆبایل و..هتد دەستکاری و (تلاعب)یان پێکراوە، چونکە بەبێ حزوری سزادراوان ئامێرەکانیان کراونەتەوە كە بەپێی ماددەی ۸٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ناكرێت بەبێ (حضور)ی تۆمەتبار (الاشياء المضبوطة) بکرێتەوە، لێرەدا (الاشياء المضبوطة) هەمو ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە." 

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكی ڤیدیۆییدا وتەی سزادراوانی بادینان بەناوی "دانپێدانان" بڵاوكردەوە كە تێیدا تۆمەتباریان دەكات بە "سیخوڕیكردن بۆ پەكەكەو چەند لایەنێكی دیكە."

هەروەها راگەیەندراوە ڤیدیۆییەكە لەلایەن سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە هەریەكە لە سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه، رەتكرایەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنەكە سەرجەمی ئەندامانی لە پێنج كەس پێكهاتون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×