كەجەكە ڤیدیۆی "دانپێدانان"ی سزادراوانی بادینان رەتدەكاتەوە
  2021-03-05       853       

كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) ئەو ڤیدیۆی "دانپێدانان"ی سزادراوانی بادینانە رەتدەكاتەوە كە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوەو تۆمەتباركرابون بە پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكە بۆ "كاری تێكدەرانە"و دەڵێت: ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتانەی دیكە كە بۆ تۆمەتباركردنی پەكەكە بەكارهاتون دروستكراون و دورن لە راستییەوە.

ئاوێنە: كەجەكە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە رۆژی 4 ئاداری 2021 دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) لە ژێر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، كە گوایە چەند "تاوانبارێك" دان بەوەدا دەنێن، كە پەیوەندییان لە گەڵ (پەکەکە) هەبوە و ویستوییانە كاری تێكدەرانە بكەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە ئەو راپۆرتە ڤیدیۆیە و هەمو ئەو  تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ بزوتنەوەكەمان بەتەواوی رەتیان دەكەینەوەو رایدەگەیەنین كە ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتانەی دیكە كە بۆ تۆمەتباركردنی (پەکەکە)بەكارهاتوە، دروستكراون و دورن لە راستییەوە."

وتوشیەتی"پێمانوایە كە ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیر و رای ئازاد و لەسەر كاری رۆژنامەگەری لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە بارمتە گیراون و هەمو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدرەوشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە و ویژدانی ئاگای گەلەمەكان هیچ كاتێك بڕوا بەو سیناریۆیانە ناكات."

هەورەها جەختیشی كردۆتەوە كە "هەمو ئەو دەنگ و نوسراوانەی كە لەو ڤیدیۆیەدا هاتون سیناریۆن و هیچ بنەمایەكی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانییان تێدا نییە."

كەجەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەگەر وەك ئەوەی كە لە ڤیدیۆیەكەی پاراستنی  (پەدەکە)دا هاتوە وێنەگرتن لەگەڵ گەریلا تاوان بێت، ئەوا بەرلە هەمو كەسێك بۆ خۆیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانباردەكەن، چونكە ئەو نەك تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە. ئەم تاوانباركردنە لە هەمانكاتدا سوكایەتیكردنە بە هەمو ئەو  پێشمەرگانەی كە لە كاتی شەڕی داعشدا شان بە شانی گەریلا شەڕیان كردوە و لەگەڵ گەریلا  بە شانازییەوە وێنە و سێڵفییان گرتوە."

بەبڕوای كەجەكە "ئەم سیاسەتەی پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بنەڕەتدا پیلانێكی توركیایە بۆ شێواندنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نەوەكانی داهاتو، چونكە گەریلا ناسنامەی خۆڕاگریی نەتەوەی كوردە و هەر كوردێكی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێكی ئازادیخواز شانازی پێوەدەكات."

كەجەكە دوپاتیكردۆتەوە كە ئەوان "بە هیچ شێوەیەك لە دژی پێگەی هەرێمی باشوری كوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەكەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستوە و لەمەو بەدواش دەیپارێزین."

دەقی راگەیاندراوەکە...

بۆ رایگشتی گەلی كوردستان

لە رۆژی 4 ئاداری 2021 دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) لە ژێر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە، كە گوایە چەند "تاوانبارێك" دان بەوەدا دەنێن، كە پەیوەندییان لەگەڵ (پەکەکە/PKK) هەبوەو ویستوییانە كاری تێكدەرانە بكەن.

ئەو ڤیدیۆیە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و لە یەكەم هەنگاودا زۆرینەی دامەزراوە پێكهێنەرەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان فەرمییبونی ئەم راپۆرتە ڤیدیۆیەیان رەت كردەوە و بێ ئاگابونی خۆیان لە راپۆرتێكی وەها راگەیاند.

هەرەوەها پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینانیش لە بواری مافناسی و دادەوەرییەوە بێ بنەما بونی ئەو تۆمەتانەییان ئاشكراكرد.

ئێمەش ئەو راپۆرتە ڤیدیۆیە و هەمو ئەو  تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ  بزوتنەوەكەمان بە تەواوی رەتیان دەكەینەوە و رایدەگەینین كە ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتی دیكە كە بۆ تۆمەتباركردنی (پەکەکە / PKK) بەكار هاتوە دروستكراون و دورن لە راستییەوە. پێمانوایە كە ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیر و رای ئازاد و لەسەر كاری رۆژنامەگەری لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە بارمتە گیراون و هەمو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدرەوشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە و ویژدانی ئاگای گەلەمەكان هیچ كاتێك بڕوا بەو سیناریۆیانە ناكات.

دەزگای پاراستنی پارتی پێشتر رۆژنامەنوسانی بە جەستە تیرۆر دەكرد، ئێستا وەكو جاران ئەوەی پێی ناكرێت، هەوڵ دەدات تیرۆری كەسایەتییان بكات، بەڵام هەمو ئەمانە دەرەنجامی پێچەوانەی هەیە و ئازادیخوازانی بەبارمتەگیراوی بادینان زیاتر لە جاران لە دڵی خەڵكدا جێگای رێز و خۆشەویستین.

ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانە كە لە لایەن پاراستنی (پەدەکە / PDK) ەوە بۆ تاوانباركردنی ئازادیخوازانی بادینان بڵاو كراوەتەوە لە بنەڕەتدا سەلمێنەری بێتاوانی ئەو ئازادیخوازانەیە و لە هەمانكاتدا بەبێچارەیی مانەوەی پارتی و پاراستن لە بەرامبەر بەرزبونەوەی ئاستی خۆشەویستی گەلی كوردستان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئازادیخوازانە نیشان دەدات. هەمو ئەو دەنگ و نوسراوانەی كە لە ئەو ڤیدیۆیەدا هاتون سیناریۆن و هیچ بنەمایەكی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانی‌یان نییە.

ئەگەر وەك ئەوەی كە لە ڤیدیۆیەكەی پاراستنی  (پەدەکە / PDK) دا هاتوە وێنەگرتن لە گەڵ گەریلا تاوان بێت، ئەوا بەرلە هەمو كەسێك بۆ خۆیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار دەكەن، چۆنكە ئەو نەك تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە. ئەم تاوانباركردنە لە هەمانكاتدا سوكایەتیكردنە بە هەمو ئەو  پێشمەرگانەی كە لە كاتی شەڕی داعشدا  شان بە شانی گەریلا شەڕیان كردوە و لەگەڵ گەریلا  بە شانازییەوە وێنە و سێڵفییان گرتوە.

هەروەها سوكایەتیكردنە بە ئەو هەڤاڵە پێشمەرگانەی كە لە گەڵ هەڤاڵانی گەریلا لە یەك سەنگەردا شەهید بون. ئەم سیاسەتەی پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بنەڕەتدا پیلانێكی توركیایە بۆ شێواندنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نەوەكانی داهاتو، چۆنكە گەریلا ناسنامەی خۆڕاگریی نەتەوەی كوردە و هەر كوردێكی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێكی ئازادیخواز شانازی پێوەدەكات.

لە راپۆرتە ڤیدیۆیەكەدا زۆر تانە و تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی كوردستانیش كراوە. ئێمە چەندین جاران رامانگەیاندوە، كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی پێگەی هەرێمی باشوری كوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەكەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستوە و لەمەو بەدواش دەیپارێزین.

گەوەرترین مەترسی بۆ سەر پێگە و گەلی باشوری كوردستان و تەنانەت هەمو كوردستانیش سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە رێگا بۆ داگیركەر خۆش دەكات و پاكانە بۆ كۆمەڵكوژییەكانی دەكات.

توركیا بە رێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە باشوری داگیركردوە، ئابوری ئەم نیشتمانە تاڵان دەكات و دەیڕۆخێنێت، سیاسەتێكی فەرهەنگی زاڵ كردوە، كە كەلتور و كۆمەڵگا و تاكی كورد هەڵدەوشێنێتەوە، ئێستاش خەریكە دەسەڵاتی دادوەری بەتەواوی تەسلیمی توركیا دەكات و لەسەر داوای توركیا رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی دەگرێت.

ئەو سیاسەتی ئەمنی، سەربازی، ئابوری و كەلتورییەی كە ئێستا لە دژی گەلەكەمان لە باشوری كوردستان پەیڕەو دەكرێت، درێژكراوەی هەمان سیاسەتە كە دەسەڵاتی فاشیستی ئاكەپە و مەهەپە لە باكور و رۆژئاوای كوردستان لە دژی سیاسەتمەدار و چالاكوانانی كورد پەیڕەوی دەكەن.

رێكەوت نییە كە لە رۆژی ئۆپەراسیۆنی داگیركاری توركیا بۆ سەر هەرێمی گارە مەسرور بارزانی چالاكوانانی بادینان بە سیخوڕ ناودەبات و لەو رۆژەی كە خائین و نۆكەری توركیا و قەسابی شەنگال و عەفرین و سەرێكانی (نەسر حەریری)  لە كۆشكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر لە سەر فەڕشی سور پێشوازیی لێدەكرێت، ڤیدیۆی دانپێدانانی هەمان چالاكوانان لە لایەن مەسرور بارزانییەوە بڵاو دەكرێتەوە.

ئەو راپۆرتە ڤیدیۆییە بۆ پەردەپۆشكردنی هەمو ئەو تاوانە نەتەوەیی و ئەخلاقییانەیە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی دەدات. بۆ پەردەپۆشكردنی تیرۆری رۆژنامەوانان و ئازادیخوازان و پەرلەمانتارانە. بۆ پەردەپۆشكردنی پێشوازیكردنە لە قەسابی عەفرین و سەرێكانی  و شەنگال (نەسر حەریری) لە كۆشك و تەلاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر فەرشی سور. بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی مێژویی توركیایە لە گارە و لە حەفتانین. بۆ پەردەپۆشكردنی رادەستكردنەوەی سیاسەتمەداری كورد عومەر بارتانە بە دەوڵەتی توركیا. بۆ پەردەپۆشكردنی دزی و گەندەڵی و سیاسەتی هەژاركردنی خەڵكی باشوری كوردستانە.

لێرەدا بانگەوازی لە رای گشتی و هەمو هێز و لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەین كە لە بەرامبەر پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان، زیندانیكردن و ئەشكەنجەكردنی ئازادیخوازان، چەواشەكردنی راستییەكان و سوكایەتیكردن بە بەها نیشتمانییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتی دیموكراتی خۆیان بە جێ بهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×