2021-04-02   588     
ئاوێنه: ڕاگهیهندراوێك لهعەلی حەمە ساڵح، ئهندامی پهرلهمانی كوردستانهوه:
ماوەی چوار ڕۆژە بەھۆی ناکۆکی دوو کۆمپانیا گواستنەوەو بەرھەمھێنانی ٣٣ ھەزار بەرمیل نەوتی حەسیرە وەستاوە..
دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ئەو کۆمپانیایە تەواوبوو، کە کاری گواستنەوەی نەوتی حەسیرەی دەکرد. ئامادەکاری بۆ پرۆسەی تەندەرین کرا، دوای ئەنجامدانی تەندەر... کار بەو تەندەرە نەکرا، درایەوە ھەمان کۆمپانیای پێشوو بەنرخی ١٩.٥ دۆلار بۆ گواستنەوەی یەک تەن نەوتی حەسیرە بۆ بۆری نەوتی خورمەڵە، کە پێشتر ٢٧ دۆلار بوە!
بەھۆی ناڕازیبونی سایەق تانکەرەکانو ئەو کۆمپانیایانەی کە دەڵێن: ئامادەین بەکەمتر لەو نرخە باری بکەین چوار ڕۆژە پرۆسەی گواستنەوەی ٣٣ ھەزار بەرمیل نەوتی حەسیرە ڕاگیراوەو ئێستاش بەرھەمھێنان وەستاوە..
نزیکەی ١٣٠٠ سایەق تانکەری گەرمیان لەگواستنەوەی ئەم نەوتەدا کاردەکەن، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سایەق تانکەرەکان بەڵێنی ئەوەمان پێدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانو ئەنجومەنی وەزیراندا کاری جدی بکەین، کە بەشێوەی یاسا ئەم گرفتە چارەسەر ببێت، ئەویش دوو ڕێگا ھەیە..
یەک: یان بەپێی تەندەر بدرێتە ئەو کۆمپانیای کەمترین نرخ لێدەداتو مەرجی یاسایی تێدایە..
دوو: حکومەت خۆی پرۆسەکە بەڕێوەبباتو ئەو سایەق تانکەرانەی ئێستا کاردەکەن لەکاری خۆیان بەردەوام بنو بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک ٢٤ ھەزار دیناریان بۆ ئەژمار بکرێت..