ئێران كوژرانی پاسدارێكی لە پیرانشار پشتڕاستكردەوە
  2021-04-17       407       

سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستیكردەوە كە ئێوارەی دوێنێ هەینی، پاسدارێكیان لە شارۆچكەی پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراوە. هەر دوێنێ گروپی "هەڵۆكانی زاگرۆس" بەرپرسیارێتی كوشتنی ئەو پاسدارەی لە ئەستۆ گرتبو.

ئاوێنە: قەرارگای حەمەزە سەیدشوهەدای سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، پاسدارێكیان بەناوی "حاجی حسێنی" دوێنێ لە پیرانشار بەدەستی گروپێكی چەكدار كوژراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی ئەو پاسدارەی لە گروپەكە كردوە لە "كات و شوێنی گونجاودا."

ئێوارەی دوێنێ دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی پاسدارێك لە شارۆچكەی پیرانشار، گروپی هەڵۆكانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی كوشتنی عوسمان حاجی حوسێنی لە ئەستۆ گرت.

پۆلی قەندیلی سەربە گروپی هەڵۆكانی زاگرۆس لە راگەیەندراوێكدا وتبوی "تاوانباری نیشتمانفرۆش و بكوژی پێشمەرگەی شەهید رەحیم گەرگولی"یان بە سزا گەیاندوە.

هەروەها راشیگەیاندبو كە ئەو پاسدارەیان ئێوارەی دوێنێ لە لە نێوان ئاواییەکانی "زێوە"و "کاسورە"دا كوشتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×