حەشدی شەعبی سەرەكیترین شەقامی شنگال بە ناوی "ئەبو مەهدی موهەندیس"ەوە دەكات
  2021-04-22       1426       
شنگال/ نیسانی 2021/ وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس لە ناوەندی قەزاكە و ناونانی شەقامێكی سەرەكی بەناوی ئەوەوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئاوێنە، كەركوك ناو:

هێزەكانی حەشدی شەعبی، شەقامێكی شنگال بەناوی ئەبو مەهدی موهەندیس-ەوە دەكەن و وێنەی ناوبراو لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا دادەنێن، ئەوەش گواستنەوەی سیناریۆی هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی تری جێناكۆكە بۆ ئەو قەزایە.

ناونانی ئەو شەقامە و دانانی وێنەكە بۆ مانگێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوەش لەلایەن لیوای سێی حەشدی شەعبی عێراقەوە كراوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ شارەوانی كە دەسەڵاتی یەكەمی هەیە لەو پرسەدا.

ناتق ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "شەقامەكە دەكەوێتە ناوەندی شنگال و سەرەكیترین شەقامە، حەشدی شەعبی ناوەكەیان كردوە بە شەقامی ئەبو مەهدی موهەندیس و وێنەیەكی ناوبراویان لێداناوە".

ئەبو مەهدی موهەندیس، لە سەرەتای 2020و لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە بەغدا و لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کوژران، ئەوكات ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق بو.

وتەبێژی پۆلیس وتی "ئەو شەقامە پێشتر هیچ ناوێكی نەبوە، بەڵام بە شەقامی نەخۆشخانەی گشتی، یان شەقامی لقی پارتی بەناوبانگ بو، چونكە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو شەقامە بو، ئێستا هەمان بارەگا هێزەكانی حەشدی شەعبی لێی جێگیرن".

مەروان خەلەف، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "حەشدی شەعبی هیچ پرسێكیان بە ئێمە نەكردوە، ئێمەش ئەو ناوەمان قبوڵنەكردوە... رەنگە لەسەر ئەم كارەیان قسەیان لەگەڵدا بكەین، بەڵام لەمكاتەدا نامانەوێت هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو كارەی حەشدی شەعبی بدەین."

ناونانی ئەو شەقامە بە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی، هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكی بەردەوامی سوپای عێراق و هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدیخان – بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتبار دەكرێن- لەسەر گرتنەدەستی ئەمنیەتی ناوەندی قەزاكە.

سوپای عێراق داوادەكات ئاسایشی ئێزیدخان ناوه‌ندی شنگال به‌جێبهێڵن تا خۆیان شوێنەكانیان بگرنەوە، ئەگەرنا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزیان كردوە، هەرچی ئاسایشی ئێزیدخانە تائێستا ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو داوایە نین، ئەوەش ناكۆكییەكانی قوڵتر كردۆتەوە.

ناونانی شەقام و گەڕەك بە سەركردە سیاسیی و سەربازییەكان یان دانانی وێنەكانیان، مێژویەكی كۆنی لە عێراقدا هەیە و لە دوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی بەعس، لە ناوچەكانی جێناكۆك بەردەوامی پێدراوە.

ساڵی رابردو (كەركوك ناو)، لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە شەقامەكانی داقوق لە پارێزگای كەركوك بە وێنەی بەشێك لە سیاسیی و سەربازییەكان تەنراون. لەكاتێكدا قەزاكە كێشەی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری هەیە.

لە داقوق و لە مانگی ئابی رابردو پەردە لەسەر وێنەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی  لادرا و لەژێر وێنەكەدا نوسراوە "داقوق بەخێرهاتنتان دەكات"، ئەوەش لەپاڵ بونی وێنەكانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، هادی عامری، ئەمینداری رێكخراوی بەدر، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان، عەلی خامنەئی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران. هەروەها لەگەڵ بونی وێنەی قاسم سولەیمانی ئەبو مەهدی موهەندیس.

بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەش كاتێك هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم ئەمنیەتی ناوچەكانی جێناكۆكیان بەدەست بو، هەردو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی شەقام و كۆڵانەكانیان بەسەركردە سیاسیی و سەربازییەكانیان تەنیبو، لەكاتێكدا ناونانی شەقامەكان لە دەسەڵاتی شارەوانیدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×