لاهور شێخ جەنگی: داعش هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر گۆڕەپانەكە دەدات
  2021-05-06       873       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، زیادبونی هێرشەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق نیشانەی ئەوەن كە رێكخراوەكە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر گۆڕەپانەكە دەدات و پێدەچێت خۆی رێك خستبێتەوە.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، سەبارەت بە زیادبونی هێرشەكانی چەكدارانی داعش لەماوەی رابردودا، وتی، پێدەچێت رێكخراوی داعش خۆی رێكخستبێتەوە.

هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی كردۆتەوە كە هێشتا داعش بەتەواوەتی شكستی نەخواردوەو چەند هەزار چەكدارێكی لە عێراق هەن.

لاهور شێخ جەنگی تری خۆی نەیشاردۆتەوە لەبارەی توانای داعش بۆ راكێشانی خەڵك بەلای خۆیدا لە چەند رێگەیەكەوە لەوانە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.

ئاشكراشیكردوە، بەر لە سێ هەفتە 38 كەس دەستگیركراون كە ئامادەكرابون بۆ كاركردن لەگەڵ داعش و هەمویان كورد بون و تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 22 ساڵاندا بوە.

وتوشیەتی"خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادەدەكرد، چەك و بۆمب و كەرەستەی تەقینەوەیان پێگەیشتبو. ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە."

هاوسەرۆكی یەكێتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە چەكدارانی داعش ناوچە جێناكۆكەكان بۆ كارەكانیان بەكاردەهێنن ئەوەش بەهۆی نەبونی هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا كە وایكردوە داعش دەربكەوێتەوەو هێزو تواناو چالاكییەكانی زیاد بكەن.

لاهور شێخ جەنگی، سەبارەت بە پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ترسی خۆی نیشانداوە لە لێكەوتەكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتەو رایگەیاندوە، ساڵی 2011 ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە عێراق كشاندەوە، ئەوەش بۆشاییەكی ئەمنی دروست كرد كە هێزە توندڕەوەكان توانیان بیقۆزنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×