بەشێکی نادیاری ژیانی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەک
  2021-05-09       2712       

ئا: زامۆئا داراغا

 

گرنگی ئەرشیف کردن و بە دیکۆمێنت کردنی مێژووی هونەری و کولتوری هەموو نەتەوەیەک ئەکەوێتە ئەستۆی دامودەزگاکانی حکومەتە تا بتوانێت پارێزگاری لە مێژووەکە بکات و هەوڵی بە دەوڵەمەند کردنی ژێرخانی کولتوری و فەرهەنگی هونەری بدات.
بەڵام بە داخەوە ئەوەی کە ئەبینرێت بە بێچەوانەوەیە دەزگاکانی حکومەت هیچ گرنگی نادەن بەم بابەتە وە زۆر خەم ساردن وە لەو ئاستی بەرپرسیارێتیەدا نین کە بتوانن هەوڵی جدی بدەن بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی ئەو مێژووە لە فەوتان.
بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەرکی پاراستن و کۆکردنەوەی ئەو مێژووە لە ئەستۆی هەندێکی لە ڕۆشنبیران کەسانی دڵسۆزدا کۆبۆتەوە کە خۆش بەختانە توانیویانە ئەم مێژووە بپارێزن و لە فەوتان رزگاری بکەن.
یەکێک لەو کەسانە ژیانی خۆی تەرخان کرد بوو بۆ ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنی کایەی کولتوری و فەرهەنگی هونەری, نووسەر ( غفور رشید داراغا ) بووە کە لەو تەمەنە کورتەی کە تیایا ژیاوە توانیوێتی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند کۆبکاتەوە.
لێرەدا سەرنجتان بۆ بەشێکی شاراوەی ژیانی هونەرمەندی گەورە ( حەسەن زیرەک ) ڕادەکێشم کە لە سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابووردودا کە بۆ یەکەم جار هاتۆتە کوردستانی باشور وە چۆن ژیانی بەسەر بردوە وەک ( شوانێک ).

 

لەئەرشیفی نوسەر "غەفور رەشید داراغا"وە:

هونەرمەند حەسەنی شوان ( حەسەن زیرەک  )
لە قەبزی پایزی ساڵی ( 1942 ) دا ڕانەمەڕێک لەگەڵ شوانێکی لاوی ڕوو خۆش, ئێوارە بوو خۆی کرد بە ئاوایی چوارتادا
رانەکە جەڵەبچییەکانی سلێمانی تێی ئاڵا دەستیان کرد بە سەودا و سەوداکاری لە گەڵ خاوەنەکەی.
کاکەی شوانیش لە کونجێکی چایخانەدا دەستی کردبوو بە دیژلەمە خواردن, پاش ئەوەی ئێوارە هات, شوانە تووڕەکە نانەکەی هەڵڕشتە بەردەمی و بڕێک خوسانییەوە, ئەمجا بەیەک دوو چای شیرینەوە نانەکەی خوارد, پاشان جگەرەیەکی وەلی نا بەلێوەوە.
ئەمجا لە بەرخۆیەوە بە نزمی کەوتە بزووتن, دانیشتوانی چایخانەکە هەموو لەم دەنگە خۆش و بە سۆزە سەرسام بوون, ڕوویان کردە شوانە و بەسەر راوەشان داوایان لە شوانە کرد کە نەختێک دەنگ هەڵبڕێ.
بەتایبەتی خاوەنی چایخانەکەش بەلایەوە پەسەند بوو هەر دوو دەستی کردە ملی و گەلێک دڵنەوازی کرد پێی ووت:- تۆ خۆت بە ئاوارە دامەنێ کوردستان هەر کوردستانە چ ئەم دیوو چ ئەو دیوو بێ, تا لێرە ئەبی ڕێزت لە سەر چاوم.
کاکەی شوان شەو لە چایخانەکە نوست بەیانی کە لە خەو هەڵسا و چایخانەکە کرایەوە, خاوەنی چایخانەکە دەستەوارەیەک نان و کەمۆڵەیەک ماستی سەر توێژی بۆ هێنا و چا لە سەر چای بۆی تێکرد.
بەم جۆرە کاک حەسەن سەرو چاوی غەریبی کرایەوە, هەموو شەوێک لەو چایخانەیەدا کۆڕی گەرم ئەکرد گوێگرانی سەرسام و مەدهۆش ئەکرد بە ئاوازە ناسکەکەی بە بەستە دڵ ڕوون کەرەوەکەی.
کاک حەسەن ماوەی مانگێک لە ( چوارتا ) مایەوە لەلایەن خاوەنی چایخانەکە و خەڵکەوە گەڵێک ڕێزی ئەگیرا.
شەوێک دوای بەزم و ڕەزم بە خەڵکەکەی ووت: تا بەفر دەشت و دەر و چیای نەگرتوە با من بچمەوە ئەو دیوو، ماڵئاوایی لێکردن و خەڵکەکە وەکو شتێکی بە نرخیان لە کیس بچێت بە ماتییەکەوە دوعا خوازییان لێکرد.
ئەوە بوو بەیانی کاک ( حەسەن زیرەک ) ئەو کاتە هێشتا نازناوی ( زیرەک )ی بە کار نەهێنابوو، نۆردوویەک نانی لەپشت بەست و بە چیاکەدا هەڵگەڕایەوە بەرەو کوردستانی ئەو دیوو.

تێبینی :- ئەم نووسینە لەگۆڤاری سلێمانی ژمارە ( 16 ) تشرینی یەکەم ساڵی ( 2001 ) بڵاو کراوەتەوە. گۆڤارێکی مانگانەی سەرۆکایەتی شاڕەوانی سلێمانی دەریدەکات

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×