موراد قەرەیلان: هێشتا سوپاى تورکیا لە خاڵى سفردایە و نەیتوانیوە پێشڕەوى بکات
  2021-05-18       995       

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل رایگەیاند، هێشتا سوپاى تورکیا لە خاڵى سفردایە و نەیتوانیوە بەرانبەر هێزەکانى پەکەکە پێشڕەوى بکات، سەرەڕاى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی.  

ئاوێنه‌: قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانى پەکەکە وتى "چەندین رۆژە شەڕ هەیە. دوژمن رۆژی یەکەم لەکوێ بوو و کەی لەکاتی بۆردوماندان سەربازانیدانا. هەر لەوێن و لە هەندێک جێگە ٢ -٣ کیلۆمەتر پێشڕەویان کردووە. ل هەندێک شوێن ناتوانن پێشڕەوی بکەن. تا ئێستاش لە خاڵی سفردان".   

وتیشى "ئێستا شەڕێکی بەو شێوەیە هەیە. ئێستا هاوڕێ مەدەنیەکانمان چاودێری دەکەن، رۆژی یەکەم بۆردومانەکە لەکوێ بوو، لە زەندورا بوو. لە مامرەشۆ و لە مەرڤانۆس و بێدەوێ بوون. هەر ئەو جێگایانە بۆردومان دەکەن. گردی زەندورایان بۆردومان کرد. دواتر کەرسێ لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومانکرا. بۆچی؟ لەبەرئەوەی نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات".  

قەرەیلان دەڵێت "لەگەڵ ئەو هەموو تەکنیکە، لەبەرانبەر گەریلاکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. لەو جێگەیەی کە دەگەنە کۆتایی، وەک ئەوەی لە مامڕەشۆ روویدا، چەکی کیمیاییان بەکارهێنا".  

دەشڵێت "ئێستا بە گشتی دەوڵەتی تورکیا جوڵە و دیدی بۆ داگیرکەری هەیە. ئەو جوڵە و دیدە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەدا لە دژی بزووتنەوەکەمان هێرش ئەنجام دەدات. بەڵام بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. بەوەش ئەو شەڕە بەرفراوان بوو و گەیشتە رۆژی ئەمڕۆ".   

"ئێستا ئیدی ئەم ساڵە کە ئێمەى تیادایە، ساڵی ٢٠٢١ لوتکەکەیەتی. ..بەڵام تاوەکو ئێستا سەرنەکەوتووە. راستە ئێمەش زیانمان بەرکەوتووە و هەڤاڵانمان شەهید بوون، بەڵام ئێمە سەنگەرەکانی خۆمان پاراستووە"، قەرەیلان وایوتووە.  



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×