كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌ Mucormycosis چیه‌؟
  2021-06-01       850       
بریتیه‌ له‌نه‌خۆشیه‌كی كه‌ڕویی كه‌م بڵاو، به‌ڵام مه‌ترسیدار، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گروپێك له‌مۆڵده‌كان (Mucormycetes)، وه‌ به‌زۆری كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر گیرفانه‌كانی لوت (جیوبه‌كان)، سیه‌كان، پێست‌و مێشك.

ده‌كرێت سپۆره‌كانی ئه‌م كه‌ڕووه‌ هه‌ڵبمژرێت له‌گه‌ڵای ڕووه‌كه‌وه‌ یان خۆڵ یان په‌ینه‌وه‌، یاخود به‌رهه‌مه‌ خۆراكیه‌ تیكچووه‌كان. 

كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌ترسی توشبونیان هه‌یه‌؟ 
توشبون به‌م كه‌ڕووه‌ ده‌كرێت له‌هه‌ركه‌سێك و هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت ڕوبدات، به‌ڵام به‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌دا ڕوده‌دات كه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت خاوه‌نی كۆ ئه‌ندامێكی به‌رگری لاوازن. 

ئیتر هۆكاری لاوازیه‌كه‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بێت وه‌ك ستیرۆیده‌كان كه‌ له‌ئێستادا له‌نه‌خۆشانی كۆڤید ده‌ركه‌وتووه‌، یان هۆكاری لاوازی به‌رگری به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌تانه‌وه‌یه‌:

1.نه‌خۆشانی شه‌كره‌ گه‌ر كۆنترۆڵ نه‌كرابێت به‌هۆی چاره‌سه‌ره‌وه‌. 
2. ئه‌یدز
3.نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ یان ئه‌ونه‌خۆشانه‌ی ئۆرگانێكیان بۆ چێنراوه‌ یان خانه‌ی بنه‌ڕه‌تیان بۆ چێنراوه‌ stem cells 
4. به‌كارهێنه‌رانی ماده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان
5. كه‌سانێك ماده‌ی ئاسن زۆره‌ له‌ له‌شیاندا 
6. مناڵانی نه‌به‌كام‌و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن
7.كه‌سانی سوتاو یان بریندار

نیشانه‌كانی كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه:‌
نیشانه‌كان جیاوازن گه‌ر كه‌سه‌كه‌ له‌ڕێی هه‌ناسه‌وه‌ سپۆڕی كه‌ڕووه‌كه‌ی هه‌ڵمژیبێت ئه‌وا نیشانه‌كانی تا، كۆكه‌، ئازاری سنگ، هه‌ناسه‌ كورتی، هه‌ڵئاوسانی لایه‌كی ده‌م‌و چاو، سه‌رئێشه‌، لوتگیران، بونی په‌ڵه‌ی ڕه‌ش له‌سه‌ر لوت یان ناو ده‌م، ئازاری سك، ڕشانه‌وه‌و دڵتیكه‌ڵهاتن،سكچون‌و بوونی خوێن له‌پیساییدا.

به‌ڵام گه‌ر له‌ڕێی پێسته‌وه‌ چوبێته‌ له‌شه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی بڵقی سه‌ر پێست، سوربونه‌وه‌ی پێست یان هه‌ڵئاوسان، وه‌ له‌وانه‌شه‌ ڕه‌نگی به‌ره‌و ڕه‌ش بڕوات و ئازاراویه.

وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌حاڵه‌تی توندا نه‌خۆشیه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی تری له‌ش له‌ڕێی خوێنه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت disseminated mucormycosis ،تا ده‌گاته‌ سپڵ و دواتر دڵ و پاشان مێشك و ده‌بێته‌ هۆی مردن له‌كه‌سه‌كه‌دا. 

چۆنیه‌تی دیاریكردن‌و چاره‌سه‌ری كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌؟
به‌پرسیاركردن له‌نه‌خۆش له‌نیشانه‌كانی‌و ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتنی به‌كه‌ڕووه‌كه‌و حاڵه‌تی به‌رگری نه‌خۆش ده‌توانرێ ته‌وه‌قوعی بوونی حاڵه‌ته‌كه‌ بكرێت، وه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ ده‌كرێت نموونه‌ی ده‌ردراوی لووت یان بایۆپسی له‌نه‌خۆش وه‌ربگیرێت و تاقیكاری تاقیگه‌یی بۆ بكرێت. وه‌ ده‌كرێت به‌ CT یان  MRI بزانرێت نه‌خۆشیه‌كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌و گه‌شتۆته‌ مێشك یان ئۆرگانه‌كانی تر. 

ئه‌گه‌ر ده‌رئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ پۆزه‌تیڤ بوو بۆ كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌ ده‌بێت به‌زوترین كات نه‌خۆشه‌كه‌ بخرێته‌ ژێر چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌وه‌ به‌ دژه‌ كه‌ڕووه‌كان، چونكه‌ خراپترین سیفاتی كه‌ڕووه‌كه‌ خێرا بڵاوبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ له‌شدا. گرنگترین دژه‌ كه‌ڕووه‌كان له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌مانه‌ن:
• Amphotericin B
• Isavuconazole
• Posaconazole

پێویسته‌ سه‌ره‌تا تا كۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ ئه‌م دژه‌ كه‌ڕووانه‌ به‌دۆزێكی گونجاوو له‌ڕێگه‌ی ده‌ماره‌وه‌ بدرێته‌ نه‌خۆش بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك‌و پاشان ده‌توانرێ بكرێت به‌ حه‌ب بۆ نه‌خۆشه‌كه‌. 

گه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ توند بو گه‌شتبووه‌ شانه‌كان پێویسته‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ لابردنی شانه‌ی توشبوو بكرێت بۆ ڕێگری له‌بڵاوبونه‌وه‌ی، وه‌ك زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان لابرنی به‌شێكی لوت یان هه‌مووی یان ده‌رهێنانی چاو یان هه‌ر شانه‌یه‌كی تری توشبووه‌ كه‌ حاڵتێكی نه‌خوازراوه‌. 

ده‌رئه‌نجامه‌ نه‌خوازراوه‌كانی توشبون به‌كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌:
1. له‌ده‌ستدانی بینایی
2. گیرانی بۆریه‌كانی خوێن و نه‌خۆشی دڵ
3. تیكچوونی ده‌ماره‌كان و توشبوون به‌ ئیفلیجی

كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌ نه‌خۆشیه‌كی مه‌رگ ئامێزه‌ گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، زۆربه‌ی توێژه‌ران ڕایان وایه‌ له‌سه‌دا %54ی توشبووان ده‌مرن، ئه‌گه‌ره‌كانی مردنیش پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستێ چ به‌شێكی جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌؟ گیرفانه‌كانی لوت یان مێشك و سیه‌كان؟زوو كۆنترۆڵكراوه‌ یان دره‌نگ؟

ڕێگاكانی خۆپارێزی له‌كه‌ڕووه‌ ڕه‌شه‌ به‌تایبه‌تی له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆئه‌ندامی به‌رگریان لاوازه‌ یان توشبوان به‌كۆڤید:

ئه‌م نه‌خۆشیه‌ درم نیه‌و له‌كه‌سێكه‌وه‌ ناگوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر. ڕێگایه‌ك نیه‌ بۆ ڕێگری له‌هه‌ڵمژینی سپۆر به‌ته‌واوی به‌ڵام ده‌توانین چانسی هه‌ڵمژینی سپۆری ئه‌و كه‌ڕوانه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ به‌چه‌ند ڕێگایه‌ك له‌وانه‌:

1. دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ته‌پ‌و تۆزو خۆڵی لییه‌،گه‌ر نه‌توانی دووركه‌ویته‌وه‌ ماسك به‌كاربهێنه‌.
 
2. دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌باخداری‌و به‌ركه‌وتن به‌ڕووه‌كه‌كان چونكه‌ ئه‌م كه‌ڕووه‌ له‌سه‌ر گه‌ڵای ڕووه‌كه‌كانیش ده‌ژی. 


چیمه‌ن حمه‌رحیم هه‌ورامی
ماسته‌ر وخوێندكاری دكتۆرا له‌كه‌ڕوزانی
كۆلێژی پزیشكی / زانكۆی سلێمانی
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×