ڤۆڵفاست، تكایە ئاگاداریی لێكەوتە نەرێنییەكانی بن!
  2021-06-08       2863       
د. زانا دزەیی - پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو

بەر لە ماوەیەك نەخۆشێكی گەنجم بینیوە كە بۆ ماوەی سێ هەفتەو بەشێوەیەكی بەردەوام ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار تۆزی (فەواڕ)ی دەرمانی ڤۆلفاستی بۆ ئازاری ددانی بەكارهێنابوو، كە هاتە لام بە بێهێزیی‌و سەرسوڕانێكی زۆرو رشانەوەیەكی بەردەوام‌و سەرئێشەو ئازارێكی زۆری ماسولكەكانی هەبوو.

دوای پشكنینی پێویستیی كلینیكیی‌و تاقیگەیی، بەداخەوە كەسەكە تووشی پەككەوتنی لەناكاو و كتوپڕی هەردوو گورچیلەی بوو، پاشان دوای ناردنی بۆ پزیشكێكی تایبەتمەندیی ئەم بوارە، هۆكارەكەی بۆ زۆر بەكارهێنانی ڤۆلفاست گەڕاندەوە كە نەخۆشەكە بەداخەوە بەشێوازێكی نازانستیی‌و بڕێكی زۆرو بێ گەڕانەوە بۆ پرسكردن بە پزیشك دەرمانەكەی بەكارهێنابوو.

ڤۆلفاست چییە؟
ناوە زانستییەكەی (دایكلۆفیانك پۆتاسیۆم)ە، لە گرووپی دەرمانە ئازارشكێنە دژەهەوكەرەكانەو لە زاراوە پزیشكییەكەی (گروپی (NSAID)ە.

دیارتریین لێكەوتە نەرێنییەكانی ڤۆڵفاست:
برین‌و هەوكردن یان خوێنبەربوونی گەدەو دوازدەگری.
گەڕاندنەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو لەش‌و ئاوسانی لەش بەتایبەت لەوانەی سستبوونی دڵ‌و گورچیلەیان هەیە.
پەككەوتنی گورچیلەكان‌و چەندین لێكەوتەی تر.
ئەو كەسانە كێن كە نابێت بەهیچ جۆرێك ڤۆڵفاست بەكاربێنن؟
هەموو ئەو كەسانەی كە پەككەوتنی گورچیلەیان هەیە.
زۆربەی هەرەزۆری ئەو كەسانەی كە پەككەوتنی درێژخایەنی 
ماسولكەكانی دڵیان هەیە.
زۆربەی ئەو كەسانەی جەڵتەی دڵیان هەیە.
زۆربەی ئەو كەسانەی كە پەككەوتنی جگەری تووندو درێژخایەنیان هەیە.
ئەو كەسانەی كە برینی گەدەو دوانزەگرێیان هەیە بەتایبەت ئەگەر حاڵەتەكە نوێ بێت (ئێستا یان لەماوەیەكی كورتی رابردوو).
بەشێكی بەرچاوی ئەو نەخۆشانەی كە نەخۆشیی (ڕەبۆ)یان هەیە.
بەشێوەیەكی گشتیی كەسانی بەتەمەن‌و خانمانی دووگیان، دەبێت لە بەكارهێنانی ڤۆڵفاست دووربن تەنها لەڕێگەی ڕاوێژ بە پزیشك دەبێت وەریگرن یان نا.
تكایە ئەم دەرمانە دەرمانێكی بەربڵاوەو بەكارهێنەری زۆرە، دەرمانێكی كاریگەرە بۆ ئازارشكاندن، بەڵام بەبێ راوێژ بە پزیشك‌و دەرمانساز، بەكاری مەهێنە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×