چەند سەعاتێك بەرلە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران: كێبڕكێ توندی نێوان بەشداری و بایكۆت
  2021-06-17       1193       

ئا: ئاوێنە، بی بی سی

بڕیارە پاش چەند سەعاتێكی دیكە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران بەڕێوەبچێت. حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئەو وڵاتە وەك سەركردەكانی دیكەی ئێران داوای لە خەڵك كرد، گلەیی و رەخنەكانیان وەلابنێن و بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن. بەڵام مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی پێشوتری ئێران لە بازاڕی تاران رایگەیاند، لەپێناو پشتیوانیكردنی خەڵك و بەهۆی "بەلاڕێدابردنی شۆڕش" بەشداری هەڵبژاردنەكە ناكات. فەزای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لە ئێران هاوشێوەی ئەمەیە.

بەپێی تازەترین راپرسی كە لەلایەن ناوەندی راپرسی خوێندكارانی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، لەسەدا 42ی ئەوانەی بەشداری راپرسییەكەیان كردوە، بێ دودڵی وتویانە، بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، لەسەدا 11.8ی بەشداربوان وتویانە هێشتا دودڵن.

زۆربەی هاوڵاتیان راپرسییە رەسمییەكانیان قبوڵ نییەو پێیانوایە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەكان ژمارەكان دەخرێنەڕو، لەگەڵ ئەوەش ئاشكرایە كە لەم هەڵبژاردنەدا چەند كەسایەتییەكی زیاتر بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیاند كردوە، لەوانە مەحمود ئەحمەدی نەژاد و مستەفا تاجزادە، كە رۆژانێك لەناو دەسەڵات پێگەی باڵایان هەبوە.

لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، بانگەشەكانی هەڵبژاردن راگیران، تۆڕی كۆمەڵایەتی كڵەب هاوس، بۆتە جێیەك بۆ مشتومڕی لایەنگرانی بەشداریی هەڵبژاردنەكەو لایەنگرانی بایكۆت.

لە كڵەب هاوس چەند ژورێك لەژێر ناوەكانی "گفتوگۆ لەگەڵ دودڵەكان"و "ئەوانەی كە هێشتا بڕیاریان نەداوە" دروستكراون بە ئامانجی ئەوەی قایلیان بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە، لەبەرامبەردا چەند ژورێك لەژێر ناوی "نەخێر بۆ كۆماری ئیسلامی"و "بۆ رێزگرتن لە خێزانە دادخوازەكان"، خەڵك بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە هان دەدەن، لە بەشێك لە ژورەكاندا لەنێوان ركابەرانی بەشداری و بایكۆتدا شەڕە قسە رودەدات.

لە ژورەكانی كڵەب هاوس، زیاتر لەوەی بانگەشە بۆ یەكێك لە كاندیدەكان بێت، مشتومڕ لەسەر خودی هەڵبژاردنەكەیە.

لە دو رۆژی رابردودا ئایەتوڵا خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەروەها سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەیان بەوەدا كە بەهۆی بونی "گلەییەوە" هەندێك نایانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن.

لەكاتێكدا كە راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەدەن بۆ ئەم هەڵبژاردن بەشداریی هاوڵاتییان كەمتر دەبێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بۆ ئەم هەڵبژدرنە لەسەدا 10 بۆ 15 وەرەقەی دەنگدان زیاتر لە پێویست چاپكراوە. ئەوەش دوای ئەوەی خامەنەیی هۆشداری دابو لەوەی كە وەك هەڵبژاردنی پێشو وەرەقەی دەنگدان كەم نەبێت.

ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی پێشوی ئێران ئەمڕۆش دوپاتیكردەوە كە لەپێناو بەرگریكردن لە خەڵك بەشداری هەڵبژاردنەكە ناكات.

لە پاڵ هەمو ئەمانەدا خانەوادەكانی (قوربانیانی سیاسی ساڵانی هەشتاكان، قوربانیانی سەركوتكارییەكانی هەڵبژاردنی 2010،  قوربانیای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی ئەم ساڵانەی دوایی، قوربانیانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە) لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی قوربانییەكانیان، داوا لە خەڵك دەكەن بەشداری هەڵبژاردن نەكەن و نەبنە "شەریكی دەسەڵات."

بەتول حوسێنی، دایكی بەهنام مەحجوبی، كە كوڕەكەی لە زیندان گیانی لەدەستداوە، وەك زۆربەی دایكانی دیكەی جگەرسوتاو لە ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتەر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وتی، لەپێناو بەهنامی كوڕی و سەرجەم بەهنامەكانی نیشتمان، "پەنجە ناخاتە خوێنی كوڕەكەی"و دەنگ نادات.

بڕیارە سبەی سەعات 7ی سەرلەبانی دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەراندا بكرێتەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا.

لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئێران لە بەرەی نەریتخوازەكان، ئیبراهیم رەئیسی، موحسین رەزایی و ئەمیر حسێن قازیزادە هاشمی، كاندیدن كە رەئیسی چانسی بەدەستهێنانی دەنگی زیاترە.

لەبەرەی ریفۆرمخوازەكانیش تەنها عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆكی پێشوی بانكی ناوەندی ئێران، وەك كاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار ماوەتەوە.

ریفۆرمخوازەكان، لەگەڵ ئەوەی كە ئومێدێكی زۆر كەمیان بە بردنەوەی كاندیدەكەیان هەیە، بەڵام دەزانن بەرزبونەوەی رێژەی بەشداریی خەڵك، دەنگەكانی كاندیدەكەیان زیاتر دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×