تاڵیبان لەدەروازەی "کابول"دایە
  2021-07-09       2209       

ئا: ئاوێنە



لەوەڵامی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكادا كە رایگەیاند بو ئەفغانستان لەبەردەم هەڕەشەی تالیباندا نییەو 75 هەزار چەكداری تاڵیبان توانای روبەڕوبونەوەی لەگەل 300 هەزار چەكداری هێزەكانی حكومەتی ئەو وڵاتەدا نییە، تاڵیبان دەڵێت "ئەگەر بمانەوێ‌ لەماوەی دو هەفتەدا تەواوی ئەفغانستان دەخەینە ژێر دەستمانەوە".

پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەئەفغانستان، پێشڕەوی هێزەکانی تاَڵیبان لەسەرتاسەری ناوچەكانی ئەفغانستاندا بەدیدەكرێ‌، رۆژ نییە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە نەکەوێتە دەستیانەوەو بەپێی ئەو راپۆرتانەی بلاودەکرێنەوە ئێستا لەدەوروبەری پایتەختی کابولدان، شێخ شەهابەدین دلاوەر كە یەكێكە لەسەركردەكانی تاڵیبان لە"مۆسكۆ"وە رایگەیاند "تالیبان دەرەفەتی بەهێزە دەرەكییەكان دا تا بەئارامی ئەفغانستان بەجێبهێڵن‌و هێزەکانیان ببەنە دەرەوە، ئێمە ئەگەر بتوانین لەماوەی یەك رۆژدا شاری فالسواڵی كۆنترۆڵ بكەین، ئەوا دەشتوانین ئەگەر بمانەوێ‌ لەماوەی دو هەفتەدا تەواوی ئەفغانستان دەخەینە ژێر دەستی خۆمانەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كە شاندێكی تاڵیبان بەمەبەستی گفتوگۆ كردن لەتارانەو شاندێكی دیكەشیان لەمۆسكۆیە.

 پاش ئەوەی ئەمەریكا لەگەڵ تاڵیبان گەیشتنە رێككەوتن بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی، چاودێرانی دۆخی ئەفغانستان پێیانوایە كە ئەفغانستان لەبەردەم هەڕەشەو مەترسی ئەوەدایە جارێكیتر هێزەكانی تاڵیبان دەستبگرنەوە بەسەر تەواوی ئەفغانستاندا، بەكابولی پایتەختیشەوە.

ئەمەریكاو پەیمانی ناتۆ، داوایان لەتوركیا کردوە بۆ ئەوەی هێزەكانی لەئەفغانستاندا بهێڵێتەوەو باڵوێز باڵوێزخانەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بپارێزێت. هاوكات لەگەل ئەم جموجۆڵ‌و پێشڕەوییەی تاڵیباندا، بەشێكی بەرچاو لەكاربەدەستان‌و ئەو كەسانەی كاریان لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا کردوە، لەتاو مەترسی گیانیان خۆیان‌و كەسوكاریان رو لەدەرەوەی وڵات دەکەن.

بەپێی پاگەندەی هێزەكانی تاڵیبان، ئێستا  كۆنترۆڵی نزیكەی 85%ی خاکی ئەفغانستانیان بەدەستەوەیە‌و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا سێ خاڵی گومركییان لەسنوری ئێران‌و ئەفغانستان كۆنترۆڵ كردوە.

تاڵیبان، كە لەقوتابخانە ئایینییەكانی پاكستانەوە سەریانهەڵداو توندڕەوترین گروپی ئیسلامی بوون، لەساڵی 1996دا دەستیان گرت بەسەر كابولی پایتەخدا‌و تا ساڵی 2001 حكومەتیان بەدەستەوە بوو.
پاش هێرشەكانی 11ی سپتێمبەر، كە حكومەتی تالیبان ئامادە نەبو ئوسامە بن لادنی سەركردەی رێكخراوی قاعیدە رادەستی ئەمەریكا بكەن کە تۆمەتبار کرزابو بەئەنجامدانی ئەو هێرشە، لەلایەن ئەمەریكاوە هێرش كرایە سەر ئەفغانستان‌و لەئەنجامی ئەمەشدا دەوڵەتی تالیبان روخا. بەڵام تالیبان وەك هێزێك تەفروتونا نەبو، بەڵکو پەنای بردە ناوچە دووردەستەكان‌و توانی سەرلەنوێ‌ هێزەكانی خۆی رێكبخاتەوەو چالاکییە سەربازییەكانی دەستپبکاتەوەو ئەگەری ئەوەش لەئارادایە جاریکیتر دەستبگرێتەوە بەسەر تەواوی ئەفغانستاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×