ئاوی هەولێر: ئێوارەی ئەمڕۆ ئاوی ئیفرازەکان بەردەدرێنەوە
  2021-07-21       436       

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو کێشەیەی لە ئاوی ئیفرازی هەولێر دروستبووە بەهۆی بارانبارین لە چۆمان و ناوچەی حاجی ئۆمەران و لێڵبوونی ئاوی هەرسێ ئیفرازی هەولێر بووە، ئەگەری زۆرە ئێوارەی ئەمڕۆ ئاوی ئیفرازەکان بەربدرێنەوە.

ئاوێنه‌: زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر وتی، “هەرسێ بۆری ئیفرازی یەک و دوو و سێی هەولێر کە ئاوی نزیکەی 50%ی گەڕەکەکانی هەولێر دابیندەکەن گیراونەتەوە هۆکارەکەشی بۆ لێڵبوونی ئاوەکە دەگەڕێتەوە لەئەنجامی ئەو بارانەی لەناوچەکانی چۆمان باریوە، چونکە ئاستی لێڵبوونی ئاوەکە گەیشتووەتە 14 هەزار”.

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، “ئەگەر ئاستی لێڵبوونی ئاوی ئیفرازەکان بگاتە 1500 دەتوانین کۆنترۆڵی بکەین بەڵام شەوی ڕابردوو ئاستی لێڵبوون گەیشتبووە 14 هەزار و بەیانی ئەمڕۆ بۆ نۆ هەزار کەمبووەوە”.

زەردەشت عەبدولخالق وتیشی، ئێستا ئاوەکە ئاستی لێڵبوونی بۆ حەوت هەزار کەمبووەتەوە و ئەگەری زۆرە تا ئێوارە بگاتە ئاستێک بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بۆیە بەئەگرێکی زۆر لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاوی ئیفرازەکان دەردەدرێنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەو دیاردەیە لە وەرزی زستاندا ڕوونادات هەرچەندە باران بارین زۆرترە بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وتی، “دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە کە لە زستاندا ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بەرزە بۆیە هەرچەندە باران ببارێت ئاو لێڵبوون دروستنابێت بەڵام لە هاویندا و بەتایبەت لەمساڵدا کە ئاستی ئاو زۆر نزمە هەر بارانبارینێکی کەمیش بێت ئاو لێڵدەکات”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×