پەكەكە: یاسین بوڵوت بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن توركیاوە شەهیدكرا
  2021-09-17       1092       

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە رایگەیاند، یاسین بوڵوت ناسراو بە (شوکری سەرحەد)، ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە، لە بەردەم ماڵەکەی لە سلێمانی لەلان توركیاوە "بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا." پەكەكە داوا لە حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی سلێمانی دەكات هەڵوێستیان هەبێت و دەشڵێت"ئەم هێرشە دڕندانەیە دژی گەلەکەمانە لە سلێمانی، دژی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم شارەیە."

ئاوێنە: کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی بەپەلەی بۆ رایگشتی سەبارەت بە "تیرۆركردن"ی یاسین بوڵوت، بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"رێکخستنی کۆنترای دەوڵەتی تورک فاشیستی (میت)و کۆنتراکانی نۆکەری سەر بە میت، ماوەی دو ڕۆژە لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان هێرش دەکەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باکوری کوردستان و هەڤاڵانمان. هاوڕێمان یاسین بولوت (شوکرو سەرحەت) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا. هاوڕێمان یاسین بولوت بەیانی ئەمڕۆ ماڵەکەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە. لەم کاتەدا کۆنترایەکی تورک لە پشتەوە لێی نزیک بوەوە، تەقەی لێکردو شەهید بو."

كۆمپتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە وتوشیەتی"ئەم کوشتارە دڕندانەیە نەک هەر هێرشکردنە سەر ئێمە، بەڵکو هێرشکردنە بۆ سەر هەمو خەڵکی باشور و سەقامگیریی سلێمانی."
بەپێی راگەیەندراوەكە رۆژێک بەر لە شەهیدكردنی ئەو ئەندامەیان، "هەمان هێز لە شوێنی کارەکەی هێرشیان کردە سەر نیشتمانپەروەری کورد فەرهات بارش کۆندو کە پەنابەرێکی سیاسی باکورە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئەم دو ڕوداوە بە دوای یەک نیشانی دەدات کە ئەردۆغانی فاشیست و میتی تورک بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە زنجیرەیەک کوشتار و کۆمەڵکوژی سیاسی کردوە. میتی تورک زۆر بە ئاسانی و ئازادانە تیرۆری دەوڵەت ئەنجام دەدات."

پەكەكە جەختی كردۆتەوە كە "پێش هەمو شتێک پێویستە حکومەتی باشور و بەرپرسانی ناوچەی سلێمانی دەستبەجێ راگەیەنراوی بەپەلە بڵاوبکەنەوەو ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر."

وتوشیەتی"ئەم هێرشە دڕندانەیە دژی گەلەکەمانە لە سلێمانی، دژی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم شارەیە."

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە كە ئەمڕۆ شەهیدكراوە بەپێی راگەیەندراوەكە تەمەنی  64 ساڵەو 40 ساڵ خەباتی كردوەو "بەم دواییانە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە چوەتە سلێمانی و لەوێ دەیویست چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیای فاشیست کە فەرمانی کوشتنی هەمو کوردێکی داوە، لە ناوەڕاستی شەقامدا هێرش دەکاتە سەری و شەهیدی دەکات."

پەكەكە داواشی لە خەڵك و حزب و لایەنەكان كردوە لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و خاوەنداری لە شەهید یاسین بوڵوت بكەن و هەڵوێستیان هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×