پرسی کۆچ و پەنابەران لە کارنامەی پارتەکانی ئەڵمانیادا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان
  2021-09-18       2083       

دیلمان حەمە ساڵح


وەک ئاشکرایە لە رۆژی ٢٦ ی سێپتەمبەردا ھەڵبژاردن بۆ بیستھەمین خولی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بەوپێیەش وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و ئابووری ھەنگاو دەنێت لە ئاکامدا بێگومان کەم تا زۆر رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و زوربەی کایەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی دەبێت.


ئەڵمانیا بەرەو قۆناغی دوای شازدە ساڵ مێرکل ھەنگاودەنێت، بە حوکمی ئەوەی کە لە دوای چوار خول بۆ ئەو ماوە زۆرە لەسەر یەک راوێژکاری ئەڵمانیا بوو و بۆ ئەم خولە نوێیە خۆی کاندیدناکاتەوە، ھەر چەندە دەستوری وڵات رێیپێداوە بۆ بەردەوام خۆکاندیدکردنەوەی. یەکێک لە ھۆکارەکان شکستی پارتەکەی بوو لە ھەڵبژاردنەکانی ھەردوو پەرلەمانی ھەرێمی باڤاریا و ھێسن لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨.
بەمەش مێرکل تا ئێستا تاکە راوێژکارە لەدوای ئەوەندە ساڵ بە حوسن و رەزای خۆی، خۆکاندیدکردنەوە رەدبکاتەوە — پێشتر ھێلموت کۆل لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ خولی پێنجەم خۆی کاندیدکردەوە، بەڵام بەرانبەر گێرھارد شریۆدە شکستی ھێنا.
ماوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن مێرکل-وە، جیھان بەگشتی، ئەوروپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی بە چەند وێستگەیەکی قورس و تەنگژاویدا گوزەریان کرد — دیارترینیان؛ لەلایەک قەیرانی ئابووری و دارایی ٢٠٠٨، ئینجا قەیرانی یۆرۆ٢٠١٠، لەلایەکیتر قەیرانی کۆچبەران و سەرھەڵدانی داعش، دواتر پەتای کۆرۆنا و پاشان کارەساتی سروشتی و دواھەمینیشیان ئەوەی کە پێی دەڵێن قەیرانی ئەفغانستان (له دوای بڕیاری کشانەوەی ھاوپەیمانان). بەدەر لەمانەش چەندین کێشە و روودای تری وەک سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی و لێکەوتەکانی، پاشان قەیرانی دورگەی قرم، جەنگی جۆرجیا، راگرتنی ھاوسەنگی لەنێوان روسیا و ئەمریکا و چین لە ھەموو بوارەکاندا، گەرمبوونی جەنگی ئەلکترۆنی، ئینجا ھەڵکردن لەگەڵ ئەتوارەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و چەندین گرفتی ناوخۆیی سیاسی وەک دامەزراندن و ھاتنە ناو پەرلەمانی (پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا - پارتێکی شعوبیی راسترەوی توندڕەوە) و بوونەجێی رەخنەی جۆراوجۆر.
مێرکل-یش بە جۆرێک رووبەڕووی ھەموو ئەو ئاڵنگاریانە بۆوە و بە ستایڵێک قیادەی کرد، کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ ئەکرێت و بۆتە جێی مشتومڕ. ھەر وڵاتێک، حزبێک یان کەسێک بە جۆرێک لێیدەڕووانێت، ئیدی باش یان خراپ واتە بۆئەوان چۆن کەوتبێتەوە، بەو شێوەیە لێیدەڕوانن.
باسی دەستکەوت و شکستی کابینەکانی مێرکل بابەتێکی ھەمەلایەن و ئاڵۆزە، لێرە و لەوێ رەخنەی بەجێ و نابەجێ ھەن.
وێنە گشتیەکە ئەوە نیشانی جیھان ئەدات، کە لەو سەردەمەدا ئەڵمانیای دەوڵەتی یاسا و دیموکراسی، چوارەم بەھێزترین ئابووریی جیھان و خاوەن بەھێزترین ئابووریی ئەوروپا، لە ئامانجە نیشتمانیەکان و بەھا ئینسانی و ئەخلاقیەکان دوورنەکەوتوەتەوە، بگرە لە ھەرەزۆری کار و چالاکیە ھاوبەشە ئاوەدانی و خێرخوازیەکاندا پشکی شێری بەرکەوتوە.
لە ناونیشانی بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، پرسی کۆچ و پەنابەران لە ئەڵمانیا بابەتێکە، کە لە ریزی ھەموو ئەو بابەتە جەوھەریانەدایە، کە ھەمیشە لە نێو کۆمەڵگا و سیاسەتی وڵات زۆر بایەخی پێدەدرێت و تاو و توێ دەکرێت، ھەروەھا لە پێکھێنانی ھەموو حکومەتێکدا لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک؛ بۆ نموونە ئایا بەردەوام وەرگرتنی ئاوارە ئەبێتە مایەی بارگرانی یان گەشەپێدانی ئەڵمانیا، چۆن کارێک بکرێت تا خۆگونجاندنی ھاتووان ئاسان بکرێت و باشتر تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بن؟ ئەی کۆچھێنان رێگری لە کەمبوونەوەی دانیشتوانی ئەڵمانیا دەکات یان نەخێر، ئەی ئاسایش و شیرازە دەشێوێت، بە مانایەکی تر رێژەی تاوان زیاددەکات یان نا، ئەگەر وابێ چۆن مامەڵە بکرێت و رێکارەکان چی بن کە ئەمنیەتی دەوڵەتیان پێبپارێزرێت؟ زۆربەی ئەم پرسیارانە و چەندینی تر زیاتر لە دوای شەپۆلە گەورەکەی ٢٠١٥-ەوە دروست بوون و بەردەوام دەکرێن.
ھەنوکەش کە سەروبەندی ھەڵبژاردنە، پارتەکان لە کارنامەکانیاندا تیشکیان خستۆتە سەر ئەم پرسە و ھەریەکیان بە جۆرێک نیاز و پلانی خۆی خستۆتە روو، کە لێرەدا بە کورتی وەک بەرچاوروونیەک دەیانخەمەڕوو.



بەرنامەی ھەڵبژاردنی پارتەکانی ئەڵمانیا بۆ پرسی کۆچ و پەنابەران


(Die Union)  ھاوپەیمانیی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی CDU  و یەکێتیی سۆسیال مەسیحی CSU

نکۆڵی ناکەن کە پەنابەرێتی مافێکی بنەڕەتیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت رێکارەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی توند بکەن بۆ نمونە: دەیانەوێت چەند وڵاتێکی زیاتر وەک دەوڵەتانی ئەمین لەقەڵەم بدرێن، واتە خەڵکانی ئەو وڵاتانە، کە بەمەبەستی پەنابەرێتی روو دەکەنە ئەڵمانیا، بە ئاسانی وەرنەگیرێن.
ئەو کەسانەی کە بڕیاری وەرنەگرتن و دەرکردنیان بۆدەرکراوە، نەتوانن زۆر بمێننەوە و لە کورتترین ماوەدا ئەڵمانیایان پێبەجێبهیڵرێت.
 ئەو پەنابەرانەی کە تاوانی قورس ئەنجام دەدەن بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
لە ناوخۆی ئەوروپادا دەیانەوێت لەنێوان وڵاتاندا هاوکاری یەکتری زیاتر بکەن و سیستمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاوارەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابمەزرێنن.
ھەروەھا داوای دمەزراندنی چەند سەنتەرێکی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی ئەورپادا لە سەر سنورەکان دەکەن،کە تیایاندا بتوانرێت بڕیاری وەرگرتن یاخود رەدکردنەوەی داوای پەنابەرێتی تیا بدرێت.



پارتی سۆسیال دیموکرات SPD
 سۆسیال دیموکراتەکان پێیان وایە کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا کۆمەڵگای ئەڵمانیی دەوڵەمەندتر کرووە.
ئەم پارتە دەیەوێت ئەو کەسانەی روودەکەنە ئەڵمانیا ماف و هەلی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی ئەڵمانیان بۆ بڕەخسێنرێت.
بۆ ئەوەی پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانی و خۆگونجاندن تیایدا باشتر بەڕیوەبچێت، داوا دەکات، کە ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، دەرفەتی راکێشانی پاشماوەی خێزانەکانیان بۆ ئەڵمانیا پێبدرێت.
ئەوکەسانەی، کە مافی مانەوەی جێگریان نیە، بەڵام باش لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا خۆیانگونجاندووە، ئەوا مافی مانەوەی هەمیشەییان پێبدرێت.
دەیەوێت مافی خاوەندارێتیی دوو رەگەزنامە زیاتر بکات.
ئەمانیش دەیانەوێت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچکردن هاوکاری زیاتر ھەبێت و ریفۆرم لە شێوازی دابەشکردنی ئاوارەکاندا بکرێت.
دژی ئەوەن کە کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا بگێڕدرێنەوە، هاوکات جەخت لە  ئەرکی رزگارکردنیان دەکەنەوە.




پارتی سەوز Die Grüne
ئەمان پێیان وایە ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە.
پێیان وایە لەم وڵاتەدا سیاسەتێکی تایبەت نیە سەبارەت بە کۆچهێنان و مافی کۆچهێنان، کە برەو بەم پرۆسەیەبدات و کارئاسانیی بۆ بکات لەبری ئەوەی ئاڵۆزی بکات.
دەیانەوێت کارئاسانی بۆ کۆچهێنان بۆ ئەو کەسانەش بکەن، کە بڕوانامەی دانپێدانراویان نیە، بەڵام بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هێزی کار.
بە نیازن وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانی ئاسان بکەن و منداڵانی پەنابەرانیش چیدی زۆریان لێنەکرێت بڕیاربدەن لە نێوان بوونە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی یاخود رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەی کە دایک و باوکیان ھەیانە.



پارتی ئازادی دیموکرات (لیبەراڵەکان) FDP
بۆ ئەم پارتەش وەک سەوزەکان بە ئاشکرا ئەڵمانیا وڵاتی کۆچھێنانە، لەبەرئەوە پێویستیی بە رێسا و پلانی روون ھەیە. ئەو کەسانەی، کە ھەلی کاریان بە ئاسانتر بۆ دەڕەخسێت، دەبێی بتوانن بە (Blue Card   كارتی شینی ئەوروپی) روو بکەنە ئەڵمانیا. بۆ ئەوانەی کە ئەو چانسەیان نیە، دەکرێت لەڕێی سیستمی خاڵ کۆکردنەوە وەک شێوازی کەنەدا بە شێوەیەکی سنوردار دەرفەتی ھاتنیان پێ بدرێت. ئەو پەنابەرانەی کە بە ھۆی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکانی خۆیاندا ھەڵھاتوون و روویانکردۆتە ئەڵمانیا، دەبێت بە خێرایی و نابیرۆکراسی مافی مانەوەیان بە شێوەیەکی کاتی پێبدرێت. ئامانجێکی تری ئەم پارتە فراوانکردن و خێراترکردنی کارەکانی رێکخراوی پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپایەFrontex)) وە دەیەوێت ئەرکی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریاکانی ئەم سنورانە بخاتە ئەستۆی ئەم رێکخراوە.


پارتی چەپ Die Linke
لە بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەیدا داوا دەکات ھەموو ئەو دانیشتوانەی ئەڵمانیا کە مافی درێژخایەن یان ھەمیشەیی مانەوەیان ھەیە، مافی ھەڵبژاردن و تەنانەت خۆکاندیدکردنیشیان پێ بدرێت.
دەیەوێت پرۆسەی دانپێدانان و قبوڵکردنی بڕوانامەی بیانی باشتر بکات، تا ئەو کەسانەی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی ناو یەکێتیی ئەوروپا نین کارئاسانیان بۆ بکرێت و بتوانن لە بواری کاری خۆیاندا دابمەزرێن.
ئەم پارتە بە پێچەوانەی پارتی ئازادی دیموکراتەوە دەیەوێت پارێزگاریی سنوری وڵاتانی یەکێتیی ئەورپا ھەڵبوەشێنێتەوە و بەتەنھا پرۆگرامێکی مەدەنیی ئەوروپی بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی دەریا جێگەکەی پڕبکاتەوە. ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان چەپەکان بە موتڵەقی رەدی دەکەنەوە.


پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا AfD
راسترەوەکان لە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا گرەو لەسەر داخستنی سنوری ئەڵمانیا دەکەن بە رووی کۆچبەراندا.
پەیماننامەی پەیوەندیدار بە رەوشی ئاوارەکان، کە لە ساڵی ١٩٥١ بەستراوە و بە پەیماننامەی جنێف ناسراوە، ئەم پارتە دەیەوێت ھەڵیبوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات و وەرگرتنی ئاوارە و بواردان بە کۆچھێنان زۆر قورس بکات.
ھەروەھا لە بری ئەوەی ئەڵمانیا ئاوارە و پەنابەر وەربگرێت، دەیەوێت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەو ناوچە قەیراناویانەی کە ئاوارەکانیان لێوە بەرەو ئەڵمانیا ھەڵدێن بنێرێت، تا بەوە رێگری لە ھاتنیان بکات.


دەبینین بەرنامەکان چەند ھەمەڕەنگ و گشتگیرن، ھاوکات لە شەقامیشدا چەندین بۆچوون و خواستی جیاواز ھەن لەمەڕ ئەم پرسە، ھەر لە چەپترینەوە ھەتا راستڕادیکاڵترین.
دواجار دەنگی زۆرینەی گەل حسابە و بڕیاری چوار ساڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، ھاوتەریب یەکلاکردنەوەی بەرنامەی سیاسەتی کۆچ و پەنابەری دەدات.



چەند ئامارێکی پەیوەست بە بابەتەکەوە

رێژەی دانیشتوانی ئەڵمانیا بە پێی سەرژمێریی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەت ٨٣،١٥ ملیۆن دانیشتوو بووە (سەرچاوە: ویکیپێدیا)

نزیکەی ١١،١ ملیۆن بەڕەچەڵەک بیانی لە ئەڵمانیا دەژین، کە ھەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ)

نزیکیە ١٠،١ ملیۆن کەس لە ئەڵمانیا دەژین کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی نین. (سەرچاوە: سایتی خزمەتگوزاریی مێدیا بۆ کۆچ)

لە رێککەوتننامەی ھاوپەیمانێتی بۆ پێکھێنانی حکومەت لە نێوان e Union  و SPD  ھاتبوو کە ساڵانە ١٨٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ ھەزار کۆچبەر وەبگرێت، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنھا ٤٧٤٠٠ وەرگیراون (سەرچاوە: فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران BAMF)

ساڵانە ئەڵمانیا پێویستی بە ٤٠٠ ھەزار ھێزی کارە، کە لەدەرەوەی وڵاتەوە بێن — مەبەست لە پەنابەر نیە، بەڵکو ئەکادیمی و شارەزای بوارێکی کار (سەرچاوە: ئاژانسی فیدراڵ بۆ کار BA)


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×