حەشدی شەعبی داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كۆمسیۆن دەكات
  2021-10-19       446       

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق بە فەرمی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بە دەست دەنگەکانی ئەو وێستگانەی دەنگدان بژمێرێت کە دەنگی كاندیدەكانی  هاوپەیمانییەکەیانی تێدایە، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانیی فەتح، کە باڵی سیاسی گروپەکانی حەشدی شەعبییە گومانی خستووەتەسەر راستی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەڵێت ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە "ساختەکراون".

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە ، 19ی تشرینی یەکەمی 2021، لەنوسراوێكی فەرمیدا فالح فەیاز، سەرۆکی هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانییە داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات: "رەزامەندی بدات بۆ بە دەست ژماردنی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی، کە دەنگی كاندیدەكانی هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانییانی تێدایە؛ بۆ دڵنیابوون لە راستی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ی ئەم مانگەدا ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو پێنج کورسی بردەوە، 

هەر لە نووسراوەکەی هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانیدا هاتووە: "پێویستە کۆمسیۆن بەرپرسیارێتی یاسایی و رەوشتی لە ئەستۆ بگرێت بەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی مانەوەی گومان و بێمتمانەیی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2021 بڕەوێنێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغدا و بەسرە لە باشووری عێراق لایەنگرانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزایەتییان لە دژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی و بە ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتباریان کرد.

رۆژی یەکشەممە 10-10-2021  پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو و 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبو. سێ هەزار و 226 کاندیدیش کێبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق کرد. 

دوای دوو ڕۆژ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عیراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە زۆربەی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی بە تایبەتیش لایەنە شیعەکان ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد لەهەمانكاتدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنمجامە كۆتاییەكانیش چەندین تانە و سكاڵا روبەروی كۆمسیۆن كرانەوە و تائێستا هەندێك لایەن ئەنجامەكانیان قبوڵ نەكردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×