وەزیری نەوتی عێراق: سەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی نەوت دەگاتە 100 دۆلار
  2021-10-21       269       
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" پێشبینی دەکەین لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بگاتە 100 دۆلار".

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە وۆرکشۆپێکدا لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا رایگەیاند:" پێشبینی دەکەن لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بگاتە 100 دۆلار، ئەمەش بەهۆی کاریگەری دابەزینی کۆگای ستراتیژیی ئەمریکا و جیهان و باشبوونەوەی دۆخی ئابووری جیهان کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە پێشتر زیانی پێگەیشتبوو".

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، حکومەت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی ساڵی 2022 لە نێوان 55 و 65 دۆلار جێگیردەکات، پێشبینیش دەکەن  ئەو نرخە گۆڕانکاری بەسەردابێت و دۆخی ئابووری نیشتمانی وڵات باشتربێت و کوررتهێنانی داراییش لە بودجەی گشتی تێپەڕێنێت. 

وەزیر نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە کۆمپانیای شلمبنجەر دەستدەکات بە پرۆسەی لێدانی 96 بیری نەوت لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 1، کە گەورەترین دەبێت لە مێژووی وڵات و پرۆژەکەش رۆژانە 80 هەزار بەرمیلی دیکە زیادکات.

وەزیری نەوتی عێراق هەروەها رایگەیاند کە ئەندامانی ئۆپێک بەدوای ئەو رێگەچارانە دەگەrێن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت هاوسەنگ بکەن ئەگەر هاتوو نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە بۆ ئاستێکی بەرز لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت نایانەوێت نرخی نەوت بگاتە ئاستێک کە جێگای پەسەند نییە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 86 دۆلار و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش هەر بەرمیل بە 83 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەبڕوای ئەوان ئاستی پەسەندکراوی نرخی نەوت لە ماوەیەکی درێژخایەندا لە نێوان 75 دۆلار بۆ 85 دۆلارە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×