پۆڵه‌ندا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆچبه‌ران له‌سه‌ر سنوری بیلاروس دیوار دروستده‌كات
  2021-10-30       2073       

ئا: ئاوێنه

په‌رله‌مانی پۆڵه‌ندا ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دا كه‌ بۆ رێگرتن له‌چونی كۆچبه‌ران به‌شێوه‌ی نایاسایی بۆ ناو وڵاته‌كه‌یان دیوار له‌سه‌ر سنوری بیلاروس دروستبكات.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌كوردستان و عێراق و ئه‌فغانستان و سوریاوه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌بیلاروسیاوه‌ به‌نایاسایی سنوری پۆڵه‌ندا ببه‌زێنن و بچنه‌ ئه‌ڵمانیاوه‌.

 

یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌وڵه‌تی بیلاروس تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی بۆ تۆڵكردنه‌وه‌ له‌و سزا ئابوریانه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ری، هه‌وڵده‌دات رێگه‌ به‌كۆچبه‌ران بدات روبكه‌نه‌ وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا.

 

دیواره‌كه‌ به‌ به‌رزی ٥.٥ مه‌ترو به‌درێژایی ٢٠٠ كیلۆمه‌تر دروست ده‌كرێ و ٤٠٠ ملیوێن دۆلاری تێده‌چێت، دیواره‌كه‌ به‌سیسته‌می زیره‌كی ده‌ستكرد چاودێریی توند ده‌كرێ.

 

به‌رپرسانی پۆڵه‌ندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تا هاوینی داهاتو دیواره‌كه‌ دروست ده‌كرێت.

 

پۆڵه‌ندا زیاتر له‌ ٩٠٠ سه‌ربازی ره‌وانه‌ی سنوری بیلاروس كردوه‌ بۆ رێگرتن له‌چونی په‌نابه‌ر بۆ وڵاته‌كه‌یان و به‌دانانی ته‌لی دڕكاوی له‌سه‌ر سنور به‌ره‌نگاری كۆچبه‌ران بوه‌ته‌وه‌.

 

پۆڵه‌ندا ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌ له‌ئێستادا رۆژانه‌ ٥٠٠ كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن له‌بیلاروسه‌وه‌ به‌نایاسایی بچنه‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌. هاوكات ئه‌م وڵاته‌ باری نائاسایی له‌سه‌ر سنور راگه‌یاندوه‌و چونی چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسانی بۆ سه‌ر ئه‌و سنوره‌ قه‌ده‌غه‌ كردوه‌. 

 

به‌پێی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان چه‌ندین كۆچبه‌ر له‌سه‌ر سنوری بیلاروس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

 

ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێك له‌و گه‌نجانه‌ی كوردستان و عێراق به‌جێده‌هێڵن روده‌كه‌نه‌ بیلاروس و ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌و وڵاته‌ كۆبونه‌ته‌وه‌و شه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێ به‌قاچاغ بچنه‌ پۆڵه‌نداوه‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا.


پێشتر یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای رونكردنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كردبو، سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بۆ گواستنه‌وه‌ی كۆچبه‌ران بۆ بیلاروس، كه‌ قاچاغچییه‌كان به‌ر له‌وه‌ی بیانگوازنه‌وه‌ بۆ بیلاروس، ده‌یانبه‌نه‌ به‌یروت یان دوبه‌ی یاخود ئه‌ریڤان له‌وێشه‌وه‌ ده‌برێنه‌ مینسكی پایته‌ختی بیلا روس.


ئه‌م كۆچبه‌رانه زۆربه‌یان به‌ده‌ستی قاچاغچییه‌وه‌ گیرۆده‌ ده‌بن كاتك شه‌وان ‌لەناو دارستانەكانی سەر سنوری بیلاروس و پۆڵه‌ندا به‌سه‌رماو برسێتی و تینوێتی گیر ده‌خۆن و ده‌كه‌ونه‌ رەوشێكی مەترسیدارەوه‌، تا ئێستا چه‌ندین كۆچبەر لەسەرمان ڕەقبونەتەوە، ژماره‌یه‌كیشیان روبه‌ڕوی توندوتیژیی پۆلیس بونه‌ته‌وه‌.

 

تا ئێستا سه‌دان کۆچبەری کورد كه‌ به‌شێكیان ژن و منداڵن لە سنووری بیلاڕووس - پۆڵەندا گیریان خواردووە و داوای هاوکاری بەپەلە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن. 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×