لەکوێ سەی علی ئەسغەر شێخ مەحمودی بینی؟ بۆچی سەی علی ئەسغەر لەکەرکوک دەستگیر ئەکرێت؟
  2021-11-13       2227       

زامۆئا داراغا 

 

بیۆگرافى هونەرمەندان بەشیکى گرنگى مێژووە , بۆ تێگەیشتن لە کۆى فەرهەنگ , کولتورى و ڕۆشنبیرى کۆمەڵگە ئەم بەشە لە ئەرشیف و دیکۆمینتى مێژووى ئێمەدا زۆر دەگمەنە وە گرنگى ئەوتۆى نەداوتە ئەم بابەتە ئەوەى کەهەیە لە ڕێگەى زارەکیەوە گێردراوەتەوە یان وەک ( سەرگوزشتەیەى خۆش ) لە نێو یادەوەرى کۆمەڵگەدا ماوەتەوە.
مێژوو زاکیرەی کۆمەڵگەیە بەبێ دیکۆمێنت کردنی مێژوو کۆمەڵگە بێ زاکیرە ئەمێنێتەوە لێرەوە گرنگیدان بە ژیانى تایبەتى و گشتى کەسە دیارەکانى ناو کولتورى ئێمە بە کارێکى پێویست ئەزانم بۆ تێگەیشتن لە کار و بەرهەمە هونەریەکانى ئەو کەسانەى کە لە میژوودا کارى جددییان کردوە شوێن دەستیان هەبووە لە پیشخستنى ڕەورەوەى فەرهەنگى کولتورى و هونەرى ئێمە دا .
هەڵدانەوەى بیۆگرافى هونەرمەندان لە ڕووى هەڵوێست و چۆنێتى ژیانیان لە بچوکترین وردەکارى ژیانیانەوە تادەگاتە بەرهەمە هونەریەکانیان ئەو پەیوەندیە گرنگە دەرئەخات لە نیوان ڕابوورد , ئێستا و داهاتووى کۆمەڵگەدا .  کە ئەتوانرێت لە ڕێگەى شیکارى و لێکدانەوەى سەردەمیانە ڕەهەندى نوێ ( بدۆزرێتەوە ) لە میژوودا .
یەکێک لەو کارانەى کە نووسەر ( غفور رشید داراغا ) کردویەتى لە ئەرشیف و دیکۆمێنت کردنى میژوو فەرهەنگى هونەرى ڕۆشنبیریدا , گەران بەدواى بیوگرافى هونەرمەندەکان و کەسە دیارەکانى ناو میژووى ئێمەدا بووە, هەوڵى داوە لە شێوەى باسکردنى ئەم وردەکاریانەوە وێنەیەکى  شیاو وشایستە بە کەسایەتیەکان بدات وە گرنگی بە وردەکاریەکانى ژیانى کەسایەتیەکان لە ڕووى  چۆنێتى ژیانى ڕۆژانەیان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕووداوە کانى ئەو کاتەى کە تێدا ژیاون بخاتە ڕوو , هەروەها ناساندنى شێوە و چۆنێتى خۆگۆرینان.
ئەم هەوڵدانە بۆ نووسینەوەى بیۆگرافى کەسایەتییانە لە نووسینەکانى ( غفور رشید داراغا )دا زۆر بە باشى دەرئەکەوێت نموونەش بۆ ئەم بابەتە نووسینێکى لەسەر هونەرمەند (سەی علی ئەسغەر )ە کە چۆن گەراوە بە دواى وردەکاریەکانى ژیانى ئەم هونەرمەندە گەورەیە  کە لە گۆڤارى ( ڕۆژى نوێ ) لە ساڵى ( 1960 )دا بڵاوى کردۆتەوە و لە فەوتان ڕزگارى کردوە.

 


سید على اصغر کوردستانى
نووسینى : غفور رشید داراغا

ناوبانگى بە ( سەى ئەسکەر ) بڵاو بۆتەوە, خەڵکى گوندى ( سەلوەتاوا )یە , کە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتى شارى ( سنە )وە لە کوردستانى ئێران , ئەم گوندە بە قەیاسى نیو سەعات بە سوارى دوور ئەبێت لە سنەوە.
سەى ئەسکەر لە ساڵى ( 1876 )ى زاینى لە گوندى ( سەلوەتاوا ) لە دایک بووە, لە بنەماڵەیەکى مام ناوەند کە خاوەنى ئەم گوندە بوون کە بە کشتوکاڵەوە خەریک بوون , سەى ئەسکەر هەر لە منداڵیەوە بڵێسەى هونەرمەندى لە ڕوویا دیار بووە , کاتى دەستى دایە گۆرانى ووتن لە ماوەیەکى کەمدا ئاوازە کوردیەکان زۆر بە باشى رەوان بکات و گەورەترین پلەى سەرکەوتنى تیا ببرى کە هێشتا لە تەمەنى ( 16 ) ساڵیدا بوو, ئیجگار دەنگى خۆش بوو کە لەگەڵ هونەرە بەرزەکەیدا جووتى ئەکرد , بە تەواوى گوێگرانى سەرسام و حەیران ئەکرد, تیکرا تەزوو بە لەشیاندا ئەهات, تەلى عاتیفەیانى ئەبزوان , ئەو خەڵکەى ئەبردە دنیایەکى ئەوتووە کە هەر پربێ لە شادمانى و بەختیارى.
ناوبانگى ( سەى ئەسکەر ) وەک ئاگر و پووش بە هەموو لایەک و کەل و قوژبنێکى کوردستان دا بڵاو بووە لە هەموو کورێکى ڕابواردندا باس هەر باسى ئەو بوو , تەنانەت لە سلێمانى کاک ( رشید ) ناسراو بە ( ڕەشەخێل ) کە ئێستا ( حاجى رشید )ە ئەوکاتە لە سلێمانى چایخانەکەى ( سەعولى خەڵف کەریم )ى بەدەستەوە بوو , دوو کەسى راسپارد کە بچن بەدوویا بۆ شارى ( سنە ) بەڵکو بۆ چەند ڕۆژێک بێتە سلێمانى لە چایخانەکەیدا کۆر بگرێت و ئارەزووى خەڵکى سلێمانى بهینێتە جى کە هەموو ناوبانگیان بیستبوو و تامەزرۆى دەنگە خۆشەکەى و هونەرە بەنرخەکەى بوون بەڵام بۆى ڕێ نەکەوت کە بێت .
سەى ئەسکەر لە سەر خواست و داواى کۆمپانیاى ( بەیزافۆت ) ڕووى کردە شارى ( تاران ) کە دەنگ و هونەرەکەى تۆمار بکات, لەوێ هەڤدە قەوانى دەرکرد .
مقامە بەناوبانگەکانى ئەو دەورە کە زۆربەى بە فارسى ئەوتران هەمووى وەرگێرایە سەر کوردى و لە زۆریا شعرە بە سۆزەکانى بویژى بەناوبانگ ( تایەر بەگى جاف )ى بەکارهینا وەکو:-
1-      همایون
2-      حجاز
3-      شور
4-      بەیاتى تورک
5-      دەشت
6-      قەتارى سنە
7-      خەمەنگین.
لەگەڵ ئەم مقامانەدا گەلێک بەستەى ئەو دەورەى تۆمارکرد وەکو:- ئاى لەنجەیە, شەوەکەى سەرجو... هتد .
سید اصغر کوردستانى نەک تەنها کابرایەکى هونەرمند بووبێ و بەس بەڵکو نیشتمان پەروەرێکى کورد بوو هوموو هونەرەکەى و دنگە خۆشەکەى تەرخان کردبوو لە پێناوى ووریاکردنەوە و پێشخستنى گیانى نەتەوایەتى کود دا, لە پێناوى ئەوەدا هەر چەندە کوردستان لەت لەت کراوەة بەڵام گەلێکى نەمر تیا دانشتووە کە گەلى کوردە هەروا بزانە هاکا ڕاپەڕی و جوڵایەوە و گشت  لەتەکانى پێکەوە لکانەوە .
سەى ئەسکەر کورد پەروەر سەوداى بینینى ( شێخ محمود ) پێشەواى  شۆڕشە مەزنەکەى کوردستانى کەوتە سەر, کە ئەو کاتە ساڵى ( 1936 ) لە شارى بەغدا دەست بەسەر بوو, لەبەر ئەوە لە ڕێگاى ( قەسر شیرین )ەوە ڕووەو شارى بەغداد کەوتە ڕێ.
بە دینینى شێخى نەمر شاد بوو, چەند ڕۆژێک لەلاى مایەوە ( شێخ مەحمود ) زۆرى پێ خۆش بوو دڵى زۆر بە ( سەى ئەسکەر ) کرایەوە کەوا کابرایەکى هونەرمەندى کورد پەروەر لە کوردستانى ئێرانەوە بەستراو بێتە لاى, دەرد و خەفەت و جەخارى گەلى کوردى لە کوردستانى ئێران بۆ دەربخات, بە هۆى هونەر و دەنگە خۆشەکەیەوە .
سەرەڕاى ئەوە شێخى نەمر هەموو کاتێ حەزى کردووە بە هەڵسوکەوت لەگەڵ بوێژ و وێژەوان و هونەرمەندان دا.
سەى ئەسکەر پاش ئەوەى کە شاد بوو بە دیدەنى شێخ ڕووى کردە مەڵبەندە نازدارەکەى شێخ شارى ( سلێمانى ) کە گەیشتە کەرکووک لەوێ ژەندرمەکانى دەورى دوابرا و بە توڕەیەکەوە تێیان خورى کە خەڵکى کوێى؟
سەى ئەسکەریش ئەم پرسیارەى بەلاوە سەیر بوو !! چونکە ئەو کابرایەکى خەڵکى ئەم کوردستانەیە و لەو کوردستانەدا ئەم پرسیارەى لێ ئەکەن زۆر دڵگیر و زویر بوو وەڵامى ژەندرمەکەى بە توندى دایەوە لە بەر ئەوە ژندرمەکان لە ئۆتۆمبێلەکە دایان گرت و سەرەو خواریان کردوە بۆ کونى ( گرتووخانە )
نزیکەى دوو ڕۆژێکى تیامایەوە, لە پاشا ( حەپسە خانى نەقیب ) زانى خێرا ئاگادارى دۆستێکى کرد لە کەرکووک کە سەى ئەسکەر ڕزگار بکات .
توانرا کەواز بە ژەندرمەکە بهێنرێ لە شکاتەکەى سەى ئەسکەر بە بەندى ناردیانە شارى سلێمانى و شەو لە سەرا مایەوە , بەیانى لە ڕێگاى پێنجوێنەوە ڕەوانەى ئێرانیان کردەوە.
سەى ئەسکەر پیاوێکى تابڵێى زۆر کەڵەگەت بوو , چوارشانە و گەنم ڕەنگ بوو, دەم و چاوى ئاوڵە کونجى کردبوو , بەڵام زۆر لێى نەکردبوو بە عەیبە .
زۆر دڵخواز بوو حەزى بە بەزم و ڕابواردن ئەکرد , بەڵام زۆر جار بە درەنگ ئەکەوتە ووتن پێش ئەوەى بکەوتایە ووتن , هەموو دانیشتوان خامۆش ئەبوون و چاویان ئەبڕیە سەى ئەسکەر, بەڵام کاتێک کە تێى ئەچریکان بە ئاوازە شیرینەکەى بە هونەرە بێ هاوتاکەى لە هەموو لایەکەوە خەڵک پۆل پۆل وەکو پەپولە شیداى چرابن لێى کۆئەبوونەوە .
سەى ئەسکەر یەکەم کوردێکە کە کەلەپوورێکى هونەرى گۆرانی و مۆسیقا بۆ بەجێ هێشتوین ، هەرچەندە هونەرەکەی و دەنگە خۆشەکەی بەر لە *چارەکە سەدەیک تۆمار کراوە ، بەڵام ئێستاش کە لە ئیستگەکانەوە لێ ئەدرێت خەڵک بەڕێزێک و خۆشیەکەوە گوێی لێ ئەگرن .
سەی ئەسکەر کەواو سەڵتە لە سەریەوە عەبایەکی کوبایی سووری لە بەر ئەکرد ، جار جارە تەپلە و مشکی و هەندێ کڵاو و مشکی ئەبەست .
ئێستا لە ئیستگەی رادیوی کۆماری عێراقدا تەنها ( حەوت ) قەوانی هەیە , یانی ( دە ) قەوانی وونە ، ڕەنگە لە شاری سلێمانی یان شارەکانی تری کوردستان یان لە کۆمپانیای ( بەیزافۆن ) لقی تاران بە چنگ بکەوێ .
ئەمڕۆ پێویستی سەر شانی ئیستگەی ڕادیوی عێراق ، کۆمەڵی ئاوازی کوردی لە بەغدا، کۆمەڵی هونەرە جوانەکان لە سلێمانی و کۆیەیە ، کە هەوڵ بدەن گشت قەوانەکانی سەی ئەسکەر کۆبکەنەوە ، سەر لەنوێ تۆماری بکەنەوە و نۆتەکەی بنووسنەوە بتوانن چاپی بکەن .
ئەو هونەرمەندە ، ئەو کورد پەروەرە ، ئەو دەنگ یوسفیە لە تەمەنی ( 61 ) ساڵیدا ، لە ساڵی ( 1937 )ی زاینی کۆچی دوایی کرد ، لە گۆڕستانی ( تایلان ) لە گەرەکی  چوارباخ لە شاری ( سنە ) نێژرا ، دەنگە خۆشەکەی و هونەرە هەڵکەوتووەکەی بردە تۆیی گڵەوە .
سەى ئەسکەر ( 3 ) سێ کوڕی هەیە بەناوی :- سەی ئەول محمد ، سەی ئەشرف و سەی ماشاءاللە ، *ئێستا لە شاری ( سنە ) بە بازرگانیتی یەوە خەریکن .
زۆر سوپاسی کاک ( ڕەشۆڵ ) و کاک ( مجیدی قالەی حەمامچی ) ئەکەم کە لە نووسینی ئەم باسەدا یارمەتیان دام .

نوسەر غفور رشید داراغا ( 1923-1976 ) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە .

*لێرەدا بە پێی ئەو کاتەی نووسەر ئەم نووسینەی نووسیوە کاتەکەى داناوە .

*ئەم نووسینە لە گۆڤاری ( ڕۆژی نوێ ) ژمارە ( 9 ) کانونی یەکەم ساڵی ( 1960 ) گۆڤارێکی ئەدەبی ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی . مانگی جارێک دەرئەچێ .
*گۆڤاری ( ڕۆژی نوێ ) بەرگی دووەم ( ژمارە 7-12 ) ئامادەکردنی سدیق سالح ، ڕەفیق سالح ، لە بڵاوکراوەکانی ( بنکەی ژین ) 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×