ناسنامەی یەكەم قوربانی بەلەمە نوقمبوەكە ئاشكراكرا: كچێكی كوردەو ویستویەتی بگاتە لای دەستگیرانەكەی
  2021-11-27       3638       

ئا: ئاوێنە

ناسنامەی یەكەم قوربانی كۆچبەرانی نێو بەلەمە نوقمبوەكەی دەریای مانش (كەناڵی ئینگلیزی) ئاشكراكرا كە كچێكی 24 ساڵانی كوردی هەرێمی كوردستانە بەناوی مریەم و هەوڵیداوە بگاتە لای دەستگیرانەكەی لە بەریتانیا. مریەم لە دوانامەیدا بۆ دەستگیرانەكەی لە رێگەی سناپچاتەوە هەوڵی داوە دڵنیای بكاتەوە لەوەی كە رزگاردەكرێن.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی، مریەم نوری محەمەد ئەمین، یەكەم قوربانییە ناسنامەی ئاشكراببێت لەنێو ئەو 27 قوربانییەی لەكاتی هەوڵی پەڕینەوەیان لە فرەنساوە بۆ بەریتانیا، رۆژی چوارشەممەی رابردو، بەلەمەكەیان ژێر ئاو كەوت و گیانیانلەدەستدا.

دەستگیرانەكەی مریەم بە بی بی سی راگەیاندوە، لە رێگەی نامەی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ مریەم قسەی كردوەو مریەم ئاگاداری كردۆتەوە كە بەلەمە چوپەكەیان هەوای لێدەچێت.

دەستگیرانەكەی ئەوەشی وتوە، مریەم هەوڵی داوە دڵنیای بكاتەوە كە رزگاردەكرێن و وتیشی، مریەم لەگەڵ كچێكی دیكەی خزمی لەنێو ئەو بەلەمەدا بون كە نوقم بوە.

دەستگیرانەكەی مریەم وتویەتی، پێشتری ئاگاداری ئەوە نەبوە كە مریەم لەو رێگەیەوە هەوڵی پەڕینەوە دەدات و مریەم ویستویەتی گەیشتنی بە بەریتانیا بكاتە سوپرایزێك بۆی.

بەپێی قسەی دەستگیرانەكەی مریەم كاتێك لەڕێگەی سناپچاتەوە نامەی لەگەڵدا گۆڕیوەتەوە كە بەلەمەچوپەكەیان هەوای لێچوەو مریەم پێی وتوە، بەلەمەكەیان خەریكە نوقم دەبێت و ئەمانیش خەریكی دەركردنی ئەو ئاوەن كە هاتۆتە نێو بەلەمەكەوە.

دەستگیرانەكەی وتوشیەتی، مریەم لە دوایین نامەیدا ویستویەتی دڵنیای بكاتەوەو ئومێدی ئەوەی لا دروست بكات كە لایەنە فریاگوزارییەكان لە رێگەن بۆ رزگاركردنیان.

مامی مریەم بە بی بی سی راگەیاندوە، چاوەڕێی هێنانەوەی تەرمی مریەمن بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق.

لە روداوی نوقمبونی ئەو بەلەمەدا 27 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا كە 17 پیاو، شەش ژن(یەكێكیان دو گیان بو) و شەش منداڵ بون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×