بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، نزیکەی 200 قوتابی ھەرێمی کوردستان بۆ خوێندن لە ئۆکرانیان و دەشڵێت، ڕۆژانە لە پەیوەندیداین بۆ ڕزگارکردنی قوتابیان.
ئاوێنە: یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"ئەو قوتابیانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی بۆ خوێندن چونەتە وڵاتی ئۆکرانیاو فایلیان ھەیە لە خوێندنی باڵا ژمارەیان 22 قوتابییە، ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیاوە ئێمە لە پەیوەندیدا بوینە بە مەبەستی ڕەوشی قوتابیانمان و دەرکەوت لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ پێنج لەو قوتابیانە لە ھەرێمی کوردستان بونە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ئۆکرانیا."
بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: "ژمارەیەکی دیکەی قوتابی بەبێ خوێندنی باڵا چونەتە ئۆکرانیا بۆ خوێندن و بەگشتی مەزەندە دەکرێت، ئێستا 200 قوتابی کورد لە ئۆکرانیا بن بە فەرمی و نافەرمییەوە."
یاسین ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژانە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیداین بۆ ڕزگارکردنی قوتابیانی ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە قوتابیانمان گەیشتونەتە پۆڵەندا و ئەوانی دیکەش لە کیێڤ دەرچونە و مەترسیی ئەوتۆیان لەسەر نەماوە، لە ھەوڵیشدا دەبین بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە مەترسی ڕزگار بکرێن و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانادا بێت درێغی ناکات."