دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی بەغدا، بەپێی دەسەڵاتی پێداچوونەوەی دادگایی، لەبەرواری ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ بڕیارێکی دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای بەرایی ڕەسافە، کە پێشتر دەستەکەی ناچار کردبوو پابەند بێت بە خاڵەکانی گرێبەستی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكۆم.
ئاوێنە: دەستەکە لە ڕاگەیاندنێکدا ئاشکرایکرد "ئەم بڕیارە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە دەرچووە کە دەستەکە دژی بڕیاری دادگای بەرایی پێشکەشی کردبوو".
بە وتەی دەستەکە، بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە پێشوویەکە، کۆڕەک چیتر ناتوانێت پشت بەو بڕیارە هەڵوەشاوە ببەستێت بۆ ناچارکردنی دەستەکە بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی گرێبەستی ڕێککەوتنەکە.
هەروەها دەستەکە ڕایگەیاند "بەپێی ئەم بڕیارە، کۆمپانیای کۆڕەک پابەندە بە پارەدانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە ئەستۆی ماون و دەبێت بدرێنە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، بەپێی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخراوەییە پەسەندکراوەکان.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ وەرگرتنەوەی پارە شایستەکانی و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت. هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادگاییەکان و ڕێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکان کردەوە، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت.