سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لەگەڵ حزبەکەی کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هاوکات خواستیشی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە نیشاندا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەوازێکی تایبەت بە پێشهات و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی دیکەوەیە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، بارزانی بانگەوازێکی ئاڕاستەی یەکێتی کردووە و دەڵێت: "داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن."
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای بەشداریی بە ڕووی هێزەکانی دیکەدا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە خوازیارە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، تاوەکو پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی هاونیشتمانیان بدەنەوە.
ئەم دەستپێشخەرییەی مەسعود بارزانی لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە. ڕۆژی چواری ئەم مانگە، دوای بانگەوازێکی پارتی، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد. ئەو لایەنانەی بەشداری و پشتگیریی دانیشتنەکەیان کرد، هەنگاوەکەیان بە "یاسایی و دەستووری" ناوبرد بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوە و دانیشتنەکەی بە "نایاسایی و تاکلایەنە" وەسف کرد، هاوکات ڕایگەیاند کە هیچ بەهایەکی یاسایی بۆ ئەو کاراکردنەوەیە دانانێت.
پەیوەست بەم دۆخە، ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوێستی حزبەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، یەکێتی هەوڵی زۆری داوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی جیاواز کە خزمەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکات، پەیوەندییەکی تەندروستی لەگەڵ بەغدا هەبێت و ببێتە مایەی ئاشتکردنەوەی وڵاتانی دەوروبەر. ناوبراو ئاشکرای کرد کە بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 15 جار سەردانی شاری هەولێری کردووە و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆبووەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
سەرۆکی یەکێتی ڕەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی پەرلەمان گرت و وتی: "هەر قۆناغێک پێیگەیشتووین بە بیانوویەک تێکیانداوە، ئەم شتەی کراوە ئێمەش دەمانتوانی بیکەین. بە من دەڵێن پەرلەمان کۆبووەتەوە، نەخێر ئەمە پەرلەمان نییە، بەڵکو کەمینەیەک لەناو پەرلەمان سەلماندیان نازانن دیموکراسی چییە و حوکمڕانی دەبێت چۆن بێت."