بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرپەرشتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی، ئابووری و سیاسەتی دەرەوە تاوتوێ بکات.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، تەوەری سەرەکیی بەشی ناوخۆ و ئاسایشی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، کە لەلایەن حکوومەتەوە بە پرۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر" دەناسێندرێت. لەم چوارچێوەیەدا، کار و هەنگاوەکانی "دەستەی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ چەکدانانی پەکەکە" و راپۆرتی چالاکییەکانی "لیژنەی چاودێری لە پەرلەمانی تورکیا" دەخرێنە ڕوو. هاوکات گفتوگۆی ورد لەسەر دوایین قۆناخەکانی خشتەی کاتیی تایبەت بە چەکدانانی گرووپە چەکدارییەکان دەکرێت.
بژێویی خانەنشینان و دۆسیە داراییەکان
لە بەشی ئابووریی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی بژێویی نزیکەی 18 ملیۆن خانەنشین لە تورکیا تاوتوێ دەکرێت، بەتایبەت دۆخی ئەو پێنج ملیۆن خانەنشینەی کە کەمترین بڕی مووچەی دیاریکراو وەردەگرن. بۆ ئەم مەبەستە، تیمی ئابووریی حکوومەت چەندین پێشنیاز و بژاردە دەخاتە بەردەم کابینەکە، لەوانە: زیادکردنی مووچە بە شێوەی یەکسان، پێدانی پشکی خۆشگوزەرانی، یان بەرزکردنەوەی مووچە لەسەر بنەمای تەمەن و ساڵانی خزمەت. بڕیارە دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی بودجە، ئەم گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەکدا رەوانەی پەرلەمان بکرێن.
بەشێکی دیکەی تەوەرە داراییەکان تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی رەوتی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لە دۆسیەی گەندەڵیی سندووقە داراییەکان و دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وەبەرهێنەرانەی لەم دۆسیەیەدا زیانیان بەرکەوتووە.
سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
لە ئاستی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەدا، کابینەی حکوومەتی تورکیا تاوتوێی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات. لەم بەشەدا بەتایبەتی تیشک دەخرێتە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و ئەو پرسانەی لەو پەیوەندییەدا خراونەتە بەرباس.
لە کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا، دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ وڵاتی ئازەربایجان هەڵدەسەنگێندرێن، هەروەها پێداچوونەوە بە نەخشەڕێگا و ئامادەکارییەکانی تورکیا دەکرێت بۆ میوانداریکردنی لووتکەی کەشوهەوای جیهانی (COP31) کە بڕیارە لە شاری ئەنتالیا بەڕێوەبچێت.