وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، جوڵانەوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سکاڵایەکی یاساییان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمارکردووە؛ ئەو سکاڵایەش پەیوەندی بە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن.
ئاوێنە: هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە "شەفق نیوز"ـی وت "نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سکاڵایەکی هاوبەشیان لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کردووە، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئەو دانیشتنەی لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بەڕێوەچووە".
هیمداد شاهین ئاماژە بە جۆری سکاڵاکە دەکات و دەڵێت "سکاڵاکە تایبەتە بە ناڕەزایی و تێبینیی یاسایی لەسەر ئەو دانیشتنەی پەرلەمان".
ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتی لە ٤ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کاراکردەوە و لەو دانیشتنەدا بە بەشداریی ٥٢ ئەندام؛ دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد؛ بەڵام یەکێتیی نیشتمانی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆن ئەو دانیشتنەیان بایکۆت کرد و ناڕەزایەتییان لە بەڕێوەچوونی دەربڕی.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڕیاری حیزبەکەی بۆ کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند. هەروەها ڕایگەیاند کە یەکێتی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان و ئەنجامەکانی پەسەند ناکات؛ بە بۆچوونی ئەو، ئەو هەنگاوانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و هاوسەنگی سیاسیی ڕاستەقینە نەبوون.