رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی (ئیرشاد عەباسی)، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کرماشان جێبەجێ کراوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، پرۆسەی لەسێدارەدانی ئیرشاد عەباسی، هاوڵاتیی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە گرتووخانەی ناوەندیی کرماشان کە بە (بەندیخانەی دیزڵئاوا) ناسراوە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرچاوەکانی رێکخراوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو هاوڵاتییە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکانی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو، دواتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە، تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە لەلایەن میدیا ناوخۆییەکان و سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیەندراوە.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هاوڵاتییانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گرتووخانەکانی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا، بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە. بەپێی ئامار و راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٣٧٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارە دراون، کە لەو ژمارەیە ٢٥ کەسیان هاوڵاتیی کورد بوون.