به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له كۆبونه‌وه‌ی نێوان عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی چه‌ند میكانیزمێكی گونجاو كراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردو حكومه‌ت و هه‌روه‌ها جه‌ختیش له‌سه‌ر گه‌ره‌نتیكردنی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كراوه‌ته‌وه هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق.
ئاوێنه: نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، عەلی زەیدی، سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ دوشەممە، پێشوازی لە مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا زه‌یدی جەختی لە پەرۆشیی بەرزی حکومەتی فیدراڵی کردەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها کارکردن بۆ چارەسەرکردنی تەواوی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بۆ سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بەدیبهێنێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق ئاماژەی بە ئاڕاستەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتودا کرد، بە جۆرێک لە ساڵی 2030 بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و لە ساڵی 2032 بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمیشەوە کە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. جەختیشی کردەوە کە ئەم زیادبوونە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر واقیعی گەشەپێدان و ئابووری لە سەرتاسەری وڵات‌دا.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، هەردولا کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا، کە تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی جێی بایەخی هاوبەش کرا، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر دانانی چه‌ند میکانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بەپێی دەستور و یاسا بەرکارەکان.
هه‌روه‌ك له كۆبونه‌وه‌كه‌دا هەردولا سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە کێڵگەی کۆرمۆری کرده ئامانج، هەروەها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگری لە دوبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کردەوە.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی ئەم دۆسیانەی خوارەوە کرا:
1.بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان؛ گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی چه‌ند میكانیزمێك بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتوە.
2.داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان؛ تاوتوێی چه‌ند میکانیزمێك بۆ ڕێکخستنی داهاتەکان و هەماهەنگیی ئیداره‌دانیان لەنێوان هەردو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، كرا.
3.دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم؛ جه‌ختی هاوبه‌ش كرایه‌وه لەسەر گه‌ره‌نتیكردنی بەردەوامیی خه‌رجكردنی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم، هاوشێوەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق.
4.بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027؛ تاوتوێی پشکی هەرێم و میکانیزمه‌كانی ڕێکخستنی بەپێی بڕگەكانی دەستور و بە شێوازێک کە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکان بەدیبهێنێت، كرا.
5.یاسای نەوت و غاز؛ جەختکرایه‌وه لەسەر گرنگیی پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاساكە، بە جۆرێک بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، هەردولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش کردەوە له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە یەکڕیزیی هەڵوێستی نیشتمانی بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەکان بكات.