مسته‌فا چاوڕه‌ش: شەڕی ناوخۆ لەرانیەش نەبوایە لەگەرمیان‌و هەولێرەوە هەڵدەگیرسا
  2022-04-30       2478       
مستەفا چاوڕەش‌و کۆسرەت رەسوڵ‌و ملازم عومەر لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی یەکێتی‌و پارتی - فۆتۆ: فایەق حەمە ساڵح

ئا: ئاوێنە


خوێندنه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش له‌به‌ر هیچ گرنگ نه‌بێت، له‌و روه‌وه‌ گرنگیی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م پریشكی‌ ئاگری‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ هه‌ڵگیرسا کە ئەو بەرپرسی مەڵبەندەکەی بوو، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ زۆربه‌ی‌ خوێنه‌ران له‌كاتی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییەکانی مستەفا چاوڕەشدا په‌له‌ی‌ ئه‌وه‌یان بێت كه‌ زو بگه‌نه‌ ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی‌ باس له‌چۆنیه‌تی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕی نێوان پارتی‌و یەکێتی لەو ناوچەیەوە ده‌كات، تا بزانن لەدیدی ئەمەوە چۆن‌و بۆچی‌ رویداو كێ‌ لێی‌ به‌رپرسه‌؟

 

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگی‌ ناوخۆ مسته‌فا چاوڕه‌ش، له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ پشده‌ری‌ یه‌كێتی‌ پێده‌سپێردرێت كه‌ رانیه‌و قه‌ڵادزێ‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و  له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆدا ده‌ڵێت "بۆ مێژو ده‌یگێڕمه‌وه‌، زیادو كه‌می‌ لێناكه‌م، رۆژی‌ 1/5/1994، جومعه‌ بو له‌دو سه‌ره‌وه‌ ده‌واممان نه‌بو، هه‌م یه‌كی‌ ئایار كه‌ جه‌ژنی‌ كرێكاران بو، هه‌م جومعه‌ش بو، ‌وتمان ده‌چین بۆ داره‌شمانه‌ سه‌ردانی‌ جه‌مال كاك ئه‌حمه‌د ده‌كه‌ین، له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ قه‌ڵادزێ‌ له‌كۆمیته‌ی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌، له‌لایه‌ن چه‌ند خاوه‌ن دوكانێكه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ عه‌لی‌ حه‌سۆی‌ میرخان هاتوه‌ شۆفڵی‌ هێناوه‌و ده‌ڵێت دوكانه‌كان ده‌ڕوخێنم. منیش ‌وتم: بڕوا مه‌كه‌ن، چۆن دوكان تێكده‌ده‌ن؟ كه‌ له‌كۆمیته‌ی‌ قه‌ڵادزێ‌ هه‌ستاین بێینه‌وه‌ بۆ رانیه‌ له‌سه‌ر سوچه‌كه‌ی‌ نزیك دوكانه‌كان جارێكیتر پێشیان پێگرتمه‌وه‌‌و ‌وتیان مامه‌ی‌ ئاسایش هاتوه‌ ده‌ڵێت به‌ڕاستمانه‌و ده‌یڕوخێنین، به‌ڕاستی‌ بڕوام نه‌كرد!".


سه‌ره‌نجام دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، چه‌ند كه‌سێكی‌ لقی‌ 11ی‌ پارتی‌ دێنه‌ رانیه‌ بۆ لای‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌و ده‌ڵێت "پێموتن: ئه‌م كێشه‌یه‌ هی‌ ئێمه‌ نییه‌ ‌وه‌ك یه‌كێتی‌، هی‌ دوكاندارو عه‌لی‌ حه‌سۆ میرخانه‌، من بۆچی‌ بێم؟ خۆتان بڕۆن بڵاوه‌ به‌هێزه‌كه‌ بكه‌ن، به‌یانی‌ هه‌موی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین". له‌سه‌عات 6 مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دی‌ ده‌ڵگه‌یی‌ ‌وه‌كیل ‌وه‌زیری‌ ئه‌وقاف بو له‌قه‌ڵادزێ‌ بو، بروسكه‌یه‌كی‌ كرد بۆمان‌و نوسیبوی‌ "عه‌لی‌ حه‌سۆ میرخان" له‌شه‌قامی‌ كه‌مه‌ربه‌ندێوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌و ‌وا پێكهاتوین، منیش بروسكه‌م بۆ كردو وتم ده‌ستتان خۆش بێت، كارێكی‌ باشتان كردوه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌مان له‌كۆڵ‌ بۆته‌وه‌. له‌پڕێكدا سه‌عات 7ی‌ ئێواره‌ بروسكه‌یه‌كی‌ تر له‌كۆمیته‌وه‌ هات، ده‌ڵێت جه‌ماعه‌تی‌ عه‌لی‌ حه‌سۆ میرخان، مام جوتیاریان شه‌هید كرد. لام سه‌یر بو، به‌ڕاستی‌ باری‌ كاره‌كه‌ی‌ قورس كرد... مام جوتیار لای‌ ئێمه‌ كه‌م نه‌بو.. شه‌وی‌ 1 له‌سه‌ر 2، منیش ده‌بێت ئیحتیاتی‌ خۆم بكه‌م چونكی‌ هێزم نه‌بو، ئه‌م شه‌ڕه‌ش به‌رده‌رگای‌ گرتوه‌. ناردم عه‌لی‌ نه‌بی‌‌و ئیسماعیل ‌وه‌رتێی‌‌و تۆفیق كانی‌ ‌وه‌تمانیم بانگكرد. پێموتن له‌قه‌ڵادزێ‌ شه‌ڕ دروست بوه‌، ئێوه‌ش بچن‌و ئاگاداربن كۆمیته‌ نه‌گیرێ‌ پارتی‌ ده‌وریان داوه‌. ئه‌مانیش شه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وێ‌‌و نه‌شاره‌زان ته‌قه‌ له‌مانیش ده‌كه‌ن‌و هه‌ر له‌وێدا عه‌لی‌ نه‌بی‌ شه‌هید ده‌بێت، ئیسماعیل ‌وه‌رتێی‌‌و تۆفیق كانی‌ ‌وه‌تمانی‌ بریندار بون. له‌كاتی‌ ناشتنی‌ عه‌لی‌ نه‌بیدا له‌سه‌ر قه‌بران، ته‌قه‌ دامه‌زرایه‌وه‌، ئیتر ناچاربوم مه‌راسیمی‌ ناشتنه‌كه‌م به‌جێهێشت‌و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ رانیه‌. كه‌ گه‌یشتمه‌ مه‌ڵبه‌ند خه‌ڵكی‌ رانیه‌و خزمانی‌ شه‌هید عه‌لی‌ نه‌بی‌ هێرشیان كردبوه‌ سه‌ر لقی‌ یانزه‌و گرتبوییان ئه‌مه‌ش باره‌كه‌ی‌ قورستر كرد".


مسته‌فا چاوڕه‌ش ده‌شڵێت "زه‌مینه‌ی‌ شه‌ڕ له‌ئارادابو، ئه‌گه‌ر له‌ڕانیه‌ نه‌بوایه‌، له‌گه‌رمیان یان له‌هه‌ولێر یاخود دهۆك شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسا. عه‌قڵییه‌تی‌ ‌وه‌زعه‌كه‌‌و حاكمییه‌ت ‌وایكردبو ئه‌م شه‌ڕه‌ش له‌ملی‌ ئێمه‌وه‌ ئاڵا، له‌شه‌ڕیشدا له‌سه‌ر حه‌ق بیت یان ناحه‌ق، كه‌س خۆی‌ به‌كوشت نادات، منیش نامه‌وێ‌ باره‌گاكه‌م بگیرێت، له‌دڵدا له‌هه‌مو كه‌سێكی‌ تری‌ پارتیم پێ‌ ناخۆش بو، به‌ڵام ئیتر شه‌ڕ شه‌ڕه‌، جارێكیتر به‌داخه‌وه‌ بۆ هه‌مو شه‌هیده‌كانی‌ هه‌ردولا، شه‌ڕه‌كه‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵه‌ی‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ روی‌ دا"

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×