"مرگ بر خامنه‌ای"، خۆپیشاندانەکانی ئیران پەرەدەستێنێت
  2022-05-28       1880       
خۆپیشاندانی ئابادان

ئا: ئاوێنە

 

ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی ئێران بەردەوامن‌، خۆپیشاندەران لەدژی رابەری كۆماری ئیسلامی "خامنەئی" دروشم دەدەن، هۆكارێكی سەرەكی ئەم ناڕەزاییانە گەندەڵی‌و نادادپەروەری‌و دۆخی سەختی ئابورییە.

 

عەلی دایی یاریزان‌و راهێنەری تۆپی پێی ناوداری ئێرانی، لەدوا چاوپێكەوتنیدا سەبارەت بەدۆخی ناهەمواری خەڵكی ئێران دەڵێت "سیستەمی ئابوری‌و كارگێڕی‌و سیاسی ئێران تا بڵێی وێرانە، كەسێك كە دەیویست لەماڵەوە وەك كارەكەر هاوكاری خێزانەكەم لەئاشپەزخانە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بو، بێكارو بێ‌ پارەو داهات بو، گریانم بۆی دەهات".

 

 ئێران لەدۆخێكی ئابوری سەخت‌و قورسدا رۆژگاری بەسەردەبات، هەلی كار تا دێ‌ كەمترۆ نرخی خۆراك‌و پێویستییەكانی ژیان گرانتر‌و تمەنیش تا دێ بێ‌ بەهاتر دەبێت.

 

ئەمە جگە لەوەی ئێران لەسایەی قەیرانی كەمئاوی‌و گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمەریكادا رۆژانی بەڕێدەكات، هاوكات جیاكاریی مەزهەبی‌و ئیتنی‌و جێندەریش ئەم ناڕەزاییانەی لەچەندین شاری ئێراندا گەورەتر كردوە‌و خۆپیشاندان شارە جیاوازەکانی ئێرانی گرتوه‌ته‌وه‌، هەر لەئابادان‌و خوزستانەوە بگرە تا تاران‌و لوڕستان‌و چاهار مەحه‌لی بەختیاری‌و كوهکیلویەو بۆیەر ئەحمەدی‌.

 

ئەوەی لەم ناڕەزاییانەدا سەرنج رادەكێشێت، دروشمە توندەكانی خۆپیشاندەرانە لەدژی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران "عەلی خامنەئی"، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە لەشاری ئابادان كە لەرۆژانی رابردودا کارەساتی روخانی بینای میترۆپۆل لەئەنجامی گەندەڵی بەرپرساندا‌ گیان لەدەستدانی 28 كەسی لێکەوتەوە، خەڵكی دروشمەكانی "مرگ بر خامنه‌ای"و "خامنه‌ای قاتله، ولایتش باطله"و "مرگ بر دیکتاتور" دەوتەوە، لەبەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکان بەتەقەو گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دەدەنەوە.

 

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا، هاوكات لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانانەدا، بەشێوەیەكی بەردەوام مامۆستایان‌و كرێكاران‌و پزیشكان‌و زۆربەی چین‌و توێژەكان ناڕەزاییەكی بەربڵاویان لەزۆربەی شارەكانی ئێران بەتایبەتی لە"تاران، کەرەج، کرماشان، قەزوین، ڕەشت، کرمان، ئەهواز، تەورێز" دژ بەكۆماری ئیسلامی دەستیپێكردوە‌و خەڵكی لەتەشەنەسەندنی هەژاریی‌و بێكاریی‌و گەندەڵی‌و بەتاڵان بردنی داهاتی گشتی ناڕازین.

 

هاوڵاتیانی ئێران لەبەشێك لەم دروشمانەی لەخۆپیشاندانەكاندا دەیڵێنەوە، ستایشی سەردەمی "پاشایەتی" دەكەن‌و داوای گەڕانەوەی "رەزا شا"ی كوڕی محەمەد رەزا شا دەكەن بۆ ئێران، كە ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی لەئەمەریكا دەژی.

 

ئەم هاوڵاتیانە لەوەش ناڕازین كە ئێران وڵاتێكی دەوڵەمەندو پڕ لەداهاتە، بەڵام نادادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و گەندەڵی‌و خراپی بەڕێوەبردن‌و كارگێڕیی پشتی چەماندوەتەوە‌و بەشێكی زۆری داهاتی ئەو وڵاتە لەبەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی‌و پڕ چەككردنی زیاتری سوپای پاسداران‌و گروپە هەوادارەكانی لەوڵاتانی ناوچەكەدا خەرج دەكرێت.

 

ئەمە جگە لەوەی سوپای پاسداران كۆی جومگە سەرەكیەكانی ئابوری ئەو وڵاتەی لەدەستی خۆیدا چڕ كردوەتەوەو ئەمەریكاش خستویەتیە لیستی تیرۆرەوەو بەهۆی سیاسەتە دەرەکیەکانەوە گەمارۆی ئابوری بەسەر ئێراندا سەپاندوە، هەمو ئەمانەش هۆكارێكی دیكەی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە ئابورییەن كە خەڵكی پێوەی گیرۆدەنو مایەی درێژەکێشانی ناڕەزایی‌و توڕەیی‌و خۆپیشاندانیانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×