لەبازاڕی خوێندنی باڵادا كێ‌ باڵادەستە؟
  2022-06-07       1244       

ئا: ئاوێنە


لەجیهاندا بایەخ‌و بێ‌ بایەخی زانكۆكان بەپێی ئەو پێوەرە دیاریدەكرێت كە ئایا براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ لەنێو مامۆستاكانی یان خوێندكارەكانی رابردویدا هەن؟ چەند توێژەریان هەیە لەدنیادا بەناوبانگ بن؟ چەند مامۆستایان هەیە كە وتارو توێژینەوەیان لەبڵاوكراوە گرنگ‌و ئاست بەرزەكانی جیهاندا بڵاوكردبێتەوە؟ ئەمڕۆ توانای زانستی بەگرنگترین سەرچاوەی دەسەڵات لەسەدەی بیست‌و یەكەمدا دادەنرێت.

 

لەهەڵسەنگاندنی هێزو دەسەڵات، سەروەت‌و سامان‌و پێگەی وڵاتان لەگۆڕەپانی سیاسی‌و ئابوری جیهاندا، چەندین پێوەری جۆراوجۆر بەكاردەهێنرێن، لەتوانای سەربازییەوە بگرە تا كێش‌و قورسایی دیبلۆماسی‌و توانای زانستی‌و تەكنیكی، توانای بەرهەمهێنان، نرخی دراو، رەهەندی بازرگانی دەرەكی‌و چەندانی دیكەش. 


لەنێو هەموو ئەم پێوەرانەدا، ئاستی زانكۆكان‌و توانای زانستی بەگرنگترین سەرچاوەی هێزو دەسەڵات دادەنرێت. توانای زانستی‌و هونەری وڵاتێك، زیاتر لەپێوەرەكانی دیكە هێزو دەسەڵات‌و كاریەگەرییەكی یەكلاكەرەوەی پێدەبەخشێت، ئەمەش زیاد لەهەمو ئەوانی دیكەش لەگرەوی توانای خوێندنی باڵاو ئاست بەرزیی زانكۆكانی ئەو وڵاتەدایە. ئەوەی جێی سەرنجە پێگەی خوێندنی باڵا لەوڵاتێكدا بەگرنگترین فاكتەری یەكلاكەرەوەی پلەی ئەو لەریزبەندی ئێستای هێزدا دەژمێردرێت‌و وەك یەكەمین فاكتەری كاریگەریش لەرۆڵ بینینی لەشەترەنجی سیاسەت‌و ئابوری جیهاندا دادەنرێت.


هاوكات لەگەڵ پێشڕەویی پرۆسەی بەجیهانیبوندا، خوێندنی باڵاش هەرچی زیاتر خەسڵەتی گەردونی بەخۆیەوە بینیوە. خوێندنی باڵا لەبازاڕی جیهانیدا گرنگی‌و بایەخێكی گەورەی هەیە. ئێستا ژمارەیەكی هەرچی زیاتر لەمامۆستا، توێژەر‌و خوێندكاران لەنێوان وڵاتان‌و كیشوەرە جیاجیاكاندا لەهات‌و چۆدان. تەنانەت كۆمپانیا فرە رەگەزەكان خزمەتەكانی خۆیان لەبواری پەروەردەو فێركردنیشدا لەسەرتاسەری جیهاندا پێشكەش دەكەن. 


زانكۆكانی ئەمەریكا كە پشكەكانی هەندێكیان لەبۆرسەدا كڕین‌و فرۆشی پێوە دەكرێت، هەزاران خوێندكار لەلقە دەرەكیەكانی خۆیدا لەئەوروپا‌و ئاسیا‌و ئەمەریكای لاتین‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵك پەروەردە دەكەن. زانكۆی سۆربۆنی فەرەنسی لەئەبو زەبی‌و چەند ناوچەیەكی دیكەی ئاسیا‌و ئەفەریقادا لقی هەیە، زانكۆكانی ئوستورالیا لەژمارەیەكی زۆری وڵاتانی ناوچەی ئاسیایی هێمن پەیمانگایان دامەزراندوە. كەم نین ژمارەی ئەو خوێندكارە ئەفەریقیانەی كە لەوڵاتانی خۆیاندا، بەلام لەلقەكانی زانكۆكانی ئەمەریكی‌و ئەفەریقای باشوردا دەخوێنن.


هاوكات لەگەڵ پرۆسەی بەجیهانیبون‌و بەجیهانبونی خوێندنی باڵادا، زانكۆكان پێشبڕكێیانە كە ناوبانگ‌و متمانەیان لەئاستی نێودەوڵەتییدا بەهێزو بەرفراوان بكەنەوە. بازاڕی جیهانی خوێندنی باڵا، كە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار جێگۆڕكێی پێدەكرێت، بوە بەگۆڕەپانی كێبڕكێیەكی گەورە. ژمارەیەكی هەرچی زیاتری گەنجانی ئەمڕۆ، كە سەركردەكانی سبەینێی جیهانن، بۆ بەدەستهێنانی خوێندن‌و فێربونی ئاست بەرز، لەسۆراغی باشترین زانكۆكانی جیهاندان بۆ خوێندن.


سەنتەری شەنگەهای كە لەساڵی 2003ەوە بەپێی چەند پێوەرێك ریزبەندی گرنگترین زانكۆكانی جیهان دیاریدەكات، ساڵانە جێی سەرنجی هەموو ناوەندەكانی جیهانە. ئەم ریزبەندییە لەسەر بنەمای پێوەرەكانی وەك ژمارەی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ لەنێو مامۆستاكانی یان خوێندكارە كۆنەكانی، ژمارەی ئەو توێژەرانەی كە بەناوبانگن، ژمارەی ئەو تۆژینەوەو وتارانەی كە ئەوان لەبڵاوكراوە بەناوبانگەكانی جیهاندا بڵاویانكردوەتەوە، ئەنجامدەدرێت. ساڵانە سەنتەری شەنگەهای بەپێی پێوەرو هەڵسەنگاندنەكانی لیستێك بڵاودەكاتەوە. 


بەپێی ئەم هەڵسەنگاندن‌و پێوەرانە، لەنێو 500 زانكۆی جیهاندا زانكۆكانی ئەمەریكا لەریزی پێشەوەدان، كە بەهۆی توانای زانستی‌و تەكنیكیانەوە، بونەتە سەنتەری بەرهەمهێنانی تەكنەلۆژیا لەجیهاندا، زۆربەی نوخبەكانی گۆی زەوی بەرەو لای خۆیان رادەكێشن‌و ژمارەیەكی زۆری سەركردەكانی ئایندە پەروەردە دەكەن.


لەنێو 20 زانكۆی هەرە باشی جیهاندا بەپێی ریزبەندی سەنتەری شەنگەهای 17یان ئەمەریكین. دو زانكۆی بەریتانی‌و یەكێكیان ژاپۆنییە. لەسەد زانكۆی هەرە باشی جیهان، 54یان ئەمەریكین‌و 11یان بەریتانی‌و 5یان ئەڵمانی یان ژاپۆنی‌و ئەودویان چەند وڵاتێكی دیكەن.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×