بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لەسلێمانی، لەنوسراوێکدا بۆ وەزارەتی دارایی، داوای خانەنشینبون دەکات و بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی ھەڵەبجەی شەھیدیش بۆ جێگەکەی دەستنیشانکراوە.
ئاوێنه: عەبدولرەحمان ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لەسلێمانی بەکوردسات نیوزی راگەیاندووه، دوای چەندین ساڵ لەپێشکەشکردنی خزمەت و تەواوبونی ماوەی خزمەتی یاسایی، داوای خانەنشین بونی کردووە.
وتیشی، پێشتر جارێکی دیکە داوای خانەنشینبونی کردووە، بەڵام ماوەی خزمەتی یاسایی بۆ دوو ساڵ درێژکراوەتەوەو لەئێستادا ئەو وادەیە کۆتاییھاتووە.
عەبدولرەحمان ساڵح راشیگەیاند، ماکوان جەمیل مستەفا کە لەئێستادا بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی ھەڵەبجەی شەھیدە بۆ شوێنەکەی دەستنیشانکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە كه رۆژی ١-٧-٢٠٢٢ ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبونی کە دەکاتە ١-٧-١٩٥٧.