له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خۆپیشادان ئه‌نجامده‌درێت‌
  2022-08-06       458       


بڕیاره‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خۆپیشادان ئه‌نجامبدرێت‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌رده‌وامن له‌ده‌ستگیركردنی‌ ڕۆژنامه‌نوسان‌و په‌یامنێران‌و به‌رپرسانی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ.

ئاوێنه‌: وه‌ك پێشتر كات‌و شوێنه‌كه‌یان بڵاوكردبوه‌وه‌و بانگه‌شه‌یان بۆ كردبو، بڕیاره‌ كاتژمێر 5ی‌ سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌سه‌ر داواكاری‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خۆپیشادان ئه‌نجامبدرێت‌.

له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ده‌ستگیركردنی‌ ڕۆژنامه‌نوسان‌و په‌یامنێران‌و به‌رپرسانی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردو په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئارتی‌ له‌هه‌ولێر رزگار كۆچه‌رو ئومێد چۆمانی‌ له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئه‌منییه‌وه‌ ده‌ستگیركران. هه‌روه‌ها به‌رپرسی‌ ماڵپه‌ڕی‌ كوردنیوزی‌ نزیك له‌نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌سلێمانی‌ ده‌ستگیركرا.

هه‌روه‌ها ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 4ی‌ ئاب، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ سلێمانی‌ بەبیانوی ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان، لەهەڵمەتێكی دەستگیركردندا 6 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوێ نوێ‌و چەندین خۆبەخشی ئەو حیزبەیان لەناو ماڵەكانیاندا دەستگیركردووە، دەستیانگرتووە بەسەر مۆبایل‌و كۆمپیوتەرو ئایپادی ئەو ئەندامانەی نەوی نوێ‌و ئەندامانی دیكەی نێو خێزانەكانیشیان. 

هاوكات له‌هەولێرو دهۆك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان مەبەستی بەشداری نەكردنی خەڵك‌و چالاكوانان لەهەمان خۆپیشاندان، دو پەیامنێری كەناڵی NRT لەدهۆك بەناوەكانی تائیف گۆران‌و بڕیار نێروەیی دەستگیركردووە، هەروەها ماوەی دوو رۆژە لەرێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشە لەچالاكوانانی مەدەنی هەولێر دەكەن‌و دەنگۆی دەستگیركردنی چەندین ئەندامی دیكەی ئەو حیزبە هەیە.

ئەم ترسەی پارتی‌و یەكێتی لەبانگەواز بۆ خۆپیشاندان لەكاتێكدایە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی ١٣ لەیاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ی پارتە سیاسییەكان لەهەرێمی كوردستان، حیزبە سیاسیەكان مافیان هەیە بەرێگای ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن‌و بچنە شوێنە گشتیەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×