رێباز حەملان: ده‌بێ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان گله‌یی له‌خۆیان بكه‌ن كه‌ داهاتی‌ سلێمانی‌ كه‌میكردووه‌
  2022-10-29       673       


رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، ده‌بێ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان گله‌یی له‌خۆیان بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌كه‌میی‌و شێوازی کۆکردنەوەی داهاتی‌ سلێمانی‌. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، بەهیچ شێوەیەک موچە دواناکەوێت‌و لەسەرەتای مانگی 11 دەستدەکرێت بەدابەشکردنی موچەی‌ مانگی‌ 10.

ئاوێنه‌: رێباز حەملان به‌میدیاكانی‌ پارتی‌ وتووه‌، "دەڵێن لەسلێمانی داهات کەمی کردووە، پارتی لە هەموو دەڤەرەکەیان بەڕێوەبەر و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیەکی نییە؛ پارێزگاری سلێمانی گۆڕانە و بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان یەکێتین و پارێزگاری هەڵەبجەش یەکێتییە، من لەوە تێناگەم ئەوان گلەیی لە کێ دەکەن، دەبێ گلەییەکە لەخۆیان و شێوازی کۆکردنەوەی داهاتیان بکەن." 

لەبارەی چارەسەری کێشەی کەمی داهات لەسلێمانی ناوبراو ده‌ڵێت، "چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تکا کراوە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ هێزێکی هاوبەشیان هەبێت لە خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەوەی رێگە لە قاچاخچێتی بگرن و داهاتی هەرێمی کوردستان هەمووی وەکو یەک کۆبکەینەوە، داوای ئەوە کراوە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەسەڵاتی بەسەر هەموو رسوومات و داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، ئەوان بۆ لەوێ رەخنەکانیان ناگرن و نیگەرانییان دەرنەبڕیوە و بڵێن ئێمە بەوە رازی نابین." 
 
رێباز حەملان دووپاتیدەکاتەوە، "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هەر پرۆژەیاسا و بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرابێت، بە کۆی دەنگ کراوە و تا ئێستا ناڕەزایەتییەک نەبووە لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەی بۆچی ئێستا نیگەرانییەکانیان دەگەیێننە حیزبێکی دیکە، ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیران رێگەیان لێ گیراوە ئەوە مافی خۆیانە." 

لەبارەی چوونی داهاتی سلێمانی بۆ هەولێر، رێباز حەملان رایگه‌یاندووه‌، "هیچ داهاتێک لە سلێمانییەوە نەهاتووەتە هەولێر و شارەکانی دیکە، تەنیا لە بودجەی سیادی کە بەپێی یاسا و دەستوورە، بەشێک لە داهاتی دهۆک و سلێمانی دێتە هەولێر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەکان و دیوانی وەزارەتەکان، جگە لەمە یەک دینار لە هیچ شارێکی دیکەوە نایەتە هەولێر." 
 
رێباز حەملا پێیوایە، "خەڵکی کوردستان لە دوو ئیدارەیی و ململانێکان بێزار بوون و حکومەتێکیان دەوێ خزمەتی بکات و کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی تا ئێستا حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستان بووە و ناوچەگەرێتی و حیزبایەتی نەکردووە." 

سه‌باره‌ت به‌واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 10، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی، "بەهیچ شێوەیەک موچە دواناکەوێت" و ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لە دواکەوتنی موچە دەکەن. دەشڵێت، لەسەرەتای مانگی 11 دەستدەکرێت بەدابەشکردنی موچەو وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی ئامادەکردنی لیست و کۆکردنەوەی داهاتن. 
 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×