"داهاتی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن دینار بووە"
  2022-10-29       486       

سەرۆکی تۆڕی رێكخراوەکانی هەڵەبجە، كه‌ یه‌كێك بووە له‌رێكخه‌رانی فێستیڤاڵی هەنار رایگەیاند، داهاتی فرۆشی هه‌شته‌مین فیستیڤاڵی هه‌نارو پایزی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا گه‌یشتۆتە‌ ٩٥٠ ملیۆن دینار. دەشڵێت، "نزیکەی ٢٥٠ هەزار گەشتیار سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردووە".

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری یاری هەڵەبجە، تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، کە سەرپەرشتیی هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجەیان کردووە، ئاماری سێ‌ ڕۆژی ڕابردووی سەردانی گەشتیارانیان بۆ فێستیڤاڵەكە خستەڕو.

ئەرسەلان عابد، سەرۆكی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە لەكۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا ڕایگەیاند، "بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بەپێی ئەو ئامارەی بەدەستمان گەیشتووە، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار گەشتیار و سەردانیكەر سەردانی فێسستیڤاڵی هەناریان كردووە، ئەوەش بۆ خۆی ژمارەیەكی نوێیە”.

ئه‌وه‌شی‌ وت، ئەم سەردانیكەرو گەشتیارانە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە فێستیڤاڵەكە.

وتیشی‌، داهاتی ئه‌مساڵی فیستیڤاڵی هه‌نارو پایزی هه‌ڵه‌بجه بۆ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان‌ له‌ رووی فرۆشه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ٩٥٠ ملیۆن دینار.

فێستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە، پرۆژەیەكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجەو تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجەیە، بەمەبەستی ساغبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران ساڵانە فێستیڤاڵەكە ڕێكدەخرێت، ئەمساڵیش بەبەشداری ٧٠٠ خاوەن باخ و پیشەوەر بەڕێوەچوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×